کابرایەک گێڕایەوە وتی عێل ئەچوون بۆ کوێستان...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  673 بینین

کابرایەک گێڕایەوە وتی: عێل ئەچوون بۆ کوێستان، ڕۆژێک لەو دەشتی شلێرەدا تەماشام کرد ئەوا سێ چوار زەلام چاڵ هەڵئەکەنن، چووم بە لایانەوە، سەیرم کرد پیاوێکی زۆر پیر دانیشتووە نان و ماست ئەخوا و ئەوانی تریش چاڵێکی قووڵیان هەڵکەندووە و ڕاوەستاون. لێم پرسی: برا ئەمە چییە؟ وتیان: برا ئەم ڕیش چەرمۆکە باوکمانە، ئێمە ئەچین بۆ کوێستان ئەمیش ناکەوێتە پاییز، هەتا بیهێرینەوە، گۆڕستانەکەیشمان لێرەیە، ئەوە ئێستا گۆڕمان بۆ هەڵکەند، چاوەڕێی ئەوەین نان و ماستەکەی بخوا و بیخەینە گۆڕەکەوە و دایپۆشین و بچین وە دوای خێڵەکەدا!

پیاوەکەش وردە وردە نان و ماست ئەخوا و سەیریان ئەکا! منیش وتم: خوا بتانگرێ پیاو ئەوەتا زەتوزیندوو چی ئەخەنە چاڵ؟ وتیان: برا بەشی خۆی عومری کردگە با هەر لێرە بیخەینە چاڵ خاسە! لەولاوە بۆمان ناگەڕێتەوە وە دەم کۆچ و بارەوە. وتی: بە هەرجۆر بوو پیاوەکەم لێ سەندن و ئەوانم بەڕێ کرد بە شوێن خێڵەکەدا. پیاوم هێنایە ماڵەوە، پاییز کە عێل سەرەوخوار بۆوە کابرا هەستا چووە پێشوازی عێلەوە.