پیاوێک لە سولەیمانی بوو حاجی ئەحمەدی ناو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  682 بینین

پیاوێک لە سولەیمانی بوو، حاجی ئەحمەدی ناو بوو. بانگی محەممەد بە ئاشکرا خۆشە، حاجی ئەحمەدە ڕەش! دوختۆرێکیش لەو وەختەدا لە سولەیمانی بوو پێیان ئەوت دوکتۆر مەلک. ئەم حاجی ئەحمەدە خێزانەکەی نەخۆش ئەبێ، ئەیبا بۆ لای دوختۆر مەلک. هەر جارە کە ئەیبا پارەیەکی باشی لێ ئەستێنێ. حاجیش بێجگە لەوەی کە لە دڵا دەردەدڵ بکا هیچی تری پێ ناوترێ!

جارێکیان ئەیباتەوە بۆ لای، ئەویش داوای چل ڕووپیە هەقی تەماشاکردنی لێ ئەکا. ئەو سەردەمە لەگەڵ ئەوەشا کە پارە کەم بوو دیناریش هەبوو، ڕووپیەش هەبوو. حاجی چل ڕووپیە هەڵئەگرێ و ئەکەوێتە بازاڕی سولەیمانی هەمووی ئەکا بە پوڵ و بە عانە و ئەیکاتە دەستەسەڕێکەوە و نقەنق پێوەی ئەنیشێ و ئەیبا بۆ دوختۆر و لەسەر مێزەکەی دایئەنێ. دوختۆر ئەڵێ: کاکە حەمە ئەوە چییە؟ - ئەو وەختە حەجی نەکردبوو - ئەڵێ: قوربان چل ڕووپیەکەیە. ئەنجا ئەڵێ: قوربان چیت ئەوێ؟ ئەی بچم سێ دانە قاقەزی یەک دیناریت بۆ بێنم؟ تۆش بە سەری ئەو دوو پەنجە نازدارەت بەهیواشی هەڵیگری و بیخەیتە گیرفانی ئەو کراسە سپییە جوانەتەوە، وەکوو مێشێ هەڵبگری وا بێ؟! نەوەڵڵا بە لایەنی کەمەوە با ئێستا تووشی ئەوەندە ئەرک ببی کە تا لەسەر مێزەکە هەڵی ئەگری و ئەیدەی بە کۆڵی فەڕاشەکەتا، بەڵکوو لەبەر قورسییەکەی ناوکت بکەوێ و ئەو وەختە بزانی کە چل ڕووپییە ئەمەیە و بە خوێنی جگەر پەیدا ئەبێ، نەوەک سێ قاقەزی سووکەڵە کەوا تۆ بە هیچی ئەزانی!