کابرایەک خاوەن ماڵات لەگەڵ خەڕاتێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  767 بینین

کابرایەک خاوەن ماڵات لەگەڵ خەڕاتێک دەمەقاڵەیان ئەبێت و بۆ شەرعکردن ئەچنە لای مەلایەک. مەلا پێیان ئەڵێ: سبەینێ بێنەوە. ماڵی مەلا تەورێکی دارشکاندنیان دەبێ، مەلا بە خەڕاتەکە ئەڵێ: وەستا کلکێکی جوانمان بۆ بخەرە ئەو تەورە. خەڕات ئەچێ بە دڵ و بە گیان کلک بۆ تەور دروست ئەکا و ئەیهێنێ بەو نیازە کە مەلا سبەینێ چاوێکی لێوە بێ، بەڵام لەپێش هاتنی خەڕاتا کابرای خاوەن ماڵات، مەنێک ڕۆن بۆ مەلا ئەهێنێ و ئەڵێ: مامۆستا ڕۆنی مانگا زەردە زۆر خۆشە! سبەینێ کە شەرعەکەیان ئەکا، خەڕاتەکە ئەبینێ وا مەلا بە لای کابراکەی ترا دایئەکێشێ، ئەڵێ: مامۆستا کلکە تەورەکە باش بوو؟ مەلا ئەڵێ: بڕۆ، خزمە مانگا ڕییا بە کلکە تەورتا!