جارێک لە ئاواییی عەنبار...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  639 بینین

جارێک لە ئاواییی «عەنبارگوندێکە لە موکریان» کە گوندێکە لە موکریان، فەقێکان شەوی جەژن ئەچنە لای حاجی برایم ئاغای عەنبار، بۆ ڕۆن و برنجی جەژن. ئەویش هیچیان ناداتێ، بە ناهومێدی ئەگەڕێنەوە و قسەکە بۆ مەلا شەفیعی مامۆستایان - کە مودەریسی عەنبار بوو - ئەگێڕنەوە ئەویش ئەڵێ: وا نابێ؛ بچن پێی بڵێن ئاغا برنج و ڕۆنی جەژنمان ئەدەیتێ خۆمان لێی بنێین، یاخود بێین لە دیوەخان نانی جەژن بخۆین؟ ئیتر ئەو ڕێگەیەکی سێهەمی لا نییە بە دڵی خۆتان بەڕێتان ئەکا. ئەمانیش ئەچن و دائەنیشن. ئاغا ئەڵێ: ها، چییە دیسان بەرۆکتان گرتمەوە؟ ئەمانیش ئەڵێن: ئاغا ئەوا سبەینێ جەژنە، گۆشت و ڕۆن و برنجمان ئەدەیتێ خۆمان لە حوجرە لێی بنێین، یاخود بێین لە دیوەخان نانی جەژن بخۆین؟ ئاغاش ئەڵێ: پەکوو خۆ ڕێگەیەکی تر بۆ پیاو ناهێڵنەوە! ئینجا بە تەوسێکەوە سەیریان ئەکا و ئەڵێ: ها، ها کارەکەر و خزمەتکارم بۆ ڕاگرتوون، کارەکەر و خزمەتکار بچن، بچن ڕۆن و برنج و کەڵەشێرێکیان بدەنێ، با خۆیان لێی بنێن و قزەڵقورتی کەن، لایان وایە من خزمەتکاری ئەوانم!