شێخ ڕەزای تاڵەبانی، جارێک زەمی حاجی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  952 بینین

شێخ ڕەزای تاڵەبانی، جارێک زەمی حاجی مستەفای قیردار ئەکا ئەڵێ: ئەبێ لەگەڵ دانیالەگاورا دەستیان ببەستم بە دەستی یەکەوە و بیانخەمە بیرێکی پیساییەوە. حاجی مستەفا ئەمە ئەبیسێتەوە، ئەچێتە لای شێخ عەلی گەورەی شێخ ڕەزا شکات لە شێخ ڕەزا ئەکا ئەڵێ: لەگەڵ دانیالەگاورا منی کردووە بەیەک!

شێخ ڕەزا ئەچێ بۆ تەکیەی شێخ عەلی لێی تووڕە ئەبێ و ئەڵێ: ئەرێ شێخ ڕەزا تۆ بۆچ ئەوەندە بێ دەرەتانی؟ ئاخر نازانی حاجی مستەفا سەر بە ئێمەیە و دۆستایەتی لە بەینمانا هەیە؟ تۆ چۆن دێنی لەگەڵ دانیالەگاورا ئەیانکەی بەیەک و زەمی ئەکەی؟!

شێخ ڕەزاش ئەڵێ: کاکە! زۆر سەیرە! ئێستا کە هاتم بۆ ئێرە دانیالەگاور خۆی گرتبووە قوڕ و سەری ڕێی پێ گرتبووم ئەیوت: من ئەوەم پێ ناخۆش نییە کە زەمت کردووم، بەڵام ئایا کەسی ترت دەست نەکەوت وا لەگەڵ حاجی مستەفادا منت کردووە بەیەک؟!