شێخێک لە نۆڕەباب هەڵکەوتبوو، هەناسەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  1082 بینین

شێخێک لە «نۆڕەباب» هەڵکەوتبوو، هەناسەی گیرا و دوعای لە کارا بوو، شێت و هاری چاک ئەکردەوە، دزراوی ئەدۆزییەوە، بەستراوی ئەخستە کار تۆبەی دز و درۆزنی دائەدا، گەلێ بۆ گەل بە خزمەت بوو. ڕۆژێک کوێخا مستەفای «بیورە» چووە خزمەتی و وتی: یا شێخ تۆ ئەم فەیز و بەرەکەتەت هەیە، کە مردی لە کیسی هەموومان ئەچی، ئەولادێکت نییە جێت بگرێتەوە با ژنێکت بۆ بێنین، خۆیشت لەززەتی ژن و مێرد ئەبینی و ئەولادەکەیشت کەڵکی خزمەتی قەومەکەی پێوە ئەبێ. بەمجۆرە شێخی خستە سەر سەودا.

شێخ هەڵسا چووە خزمەت مەلا مەحمووی بارێ و وتی: قوربان ڕوویان لێ ناوم ژن بێرم. فەرمووی: باشە پێغەمبەر فەرموویەتی «النكاح سنتيعەرەبی».

شەوقی نامێنێ چرای خانەدان
مەگەر بە سایەی ژنی خانومان

پرسی: قوربان ژنی چۆنی بێنم؟ فەرمووی: ژنێک بێنە خۆشەویستی بزانێ، نەوەی باش بخاتەوە و مەیلی چاکەی لە ڕەگەزدا بێ، خۆت لە سێ جۆرە ژن بپارێزە، لە بێوەژنێ کە مێردی مردبێ، هەر ساتە نە ساتە ئەڵێ ڕەحمەتییەکە ئەیشێلام، بۆنی ئەکردم پێی ماچ ئەکردم، لە ژنێ کە دەوڵەمەند بێ و بە هۆی پارەکەیەوە شانازی بکا و منەت بە سەر پیاوانا بنێ، لە ژنێ کە مەکر کەرە و بە ئاین و ئۆین بێ، هەمیشە خۆی بخا و بە نکەنک بۆڵە بکا. قەیرە کچ باشە قەدر زانە، پیرێژن ژارە هەناسەی مارە، ژن لە عومری دەوە تا بیست حەزی نەفسە، لە بیست تا سی بۆ دڵداری و یاری و دیاری، لە سی تا چل دایک منداڵ، لە چل تا پەنجا سەرە و کاری ماڵ، لە پەنجا بە دواوە خوایشی لێ ڕەنجا!

بە حسابە شێخ هاتە سەر ئەمەی کچێک بێنێ، بەڵام زۆرتر لە دڵی خۆیا سەودای کەوتە سەر ئەوە نەشمیلەیەکی خنجیلە بێنێ، یەکێ لە ئاغا لێکەوتووەکانی «سنجەڵێ» کچێکی جوانی ناسکۆڵەی بوو گۆرانیان پیا هەڵدابوو:

فاتەلێ لە سنجەڵێ
بۆم بووستە مانگ هەڵێ
بانگت ئەکەم بڵێ بەڵێ
ئەوسا وەرە لەگەڵم هەڵێ

شێخ مەیلی چووە سەری، هەر چەند وتیان: یا شێخ ئەوە منداڵە لە ڕێی تۆدا نییە، ئەوانە کۆنە چەکمە ڕەقن لووتیان بەرزە، بە پارەی سەر قەڵەمانەی نووشتە و دەسەنە بە ڕێوە ناچن. ئەو گوێی نەدایە، خوازبێنی کرد، ئەوسایش کچ وەکوو ئێستا نەکەوتبووە سەروکڵاوی خۆی بە هەموو کەسێکیان ئەدا، دایانێ.

سا ساڵی تێ وەرنەگەڕایەوە کۆنە داخوازێکی شەوێ وەکوو گۆرانیان پیا هەڵدابوو وتبووی:

بانگت دەکەم بڵێ بەڵێ

لە دەرگاوە بانگی کرد. وتی: بەڵێ و هەڵات! کاتێکیان زانی چوونە «نەنۆر» ماڵی مەحموود بەگە شەلە - کە بێ دینی بۆ دوژمنی شێخان - لەوێ بۆ خۆی لەگەڵ لاوە خۆشەویستەکەی جوتیان گرت و شێخ بە تەنیا مایەوە. ئینجا شێخ کە جاران نیوە شەوان دەنگی زیکر و قورئانی ئەهات، ئەمجا هەموو شەوێ بە کۆڵێ گریانەوە ئەی گوت:

فاتەلێ هەی فاتەلێ
بانگیان کردی وتت بەڵێ
پەندی پیرانە بەڵێ
جوان ئەبێ لە پیر هەڵێ؟