شێخ عەزیزی جانەوەرە ئەچێ بۆ دیدەنی...
لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
1 خولەک
1151 بینین
شێخ عەزیزی جانەوەرە ئەچێ بۆ دیدەنی مەولەوی، لە ڕێگەدا تووشی کابرایەکی بەراز خۆری قەڵخانی ئەبێ کە - دوو ژنی لەگەڵ ئەبێ - لێیان ئەپرسێ: بۆ کوێ ئەچن؟ کابرا ئەڵێ: قوربان ئەمانە هەر دووکیان ژنی منن، یەکێکیان دوانزە ساڵ و یەکێکیان پێنج ساڵە ژنی منن، هیچ منداڵمان نییە، ئەچین بۆ سەر مەرقەدی مەلا مستەفای بێسارانی، بەڵکوو خوا منداڵێکمان باتێ. شێخ عەزیزیش لە پارچە کاغەزێک ئەم دوو شیعرەیان بۆ ئەنووسێ:
بێساران ماوا، بەتر و بەڕ
ئاما وە یانەت یەکانە و دوو دەڕ
جە دەوری یانەت مەکەران هۆڵە
پێشان کەرەم کەر جفتی پار کۆڵە!
ئەیدا بە کابرا و پێی ئەڵێ: ئەمە بخەرە ناو گومەزەکەی شێخەوە.
بە ڕێکەوت ساڵی دوایی شێخ عەزیز ڕێی ئەکەوێتە ماڵی ئەو کابرایە، ژنەکان ئەیناسنەوە هەریەکە کوڕێک دێنن و ئەیخەنە باوەشیەوە، ئەڵێن: پار، کە چووینە سەر مەرقەدی شێخ و کاغەزەکەی تۆمان فڕێدایە ناو گۆمەزەکە و هاتینەوە، خوا هەر یەکە ئەم کوڕەی پێداین!