ژنێکی بێسەری هەبوو پیزەی ناو بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1239 بینین

ژنێکی «بێسەری» هەبوو «پیزە»ی ناو بوو، چوار کوڕی ئازا و بەناوبانگی هەبوو، ئەمانە بەرەبەرە لە ڕێگری و چەتەیەتییا کوژرا بوون. پیاوێکی گەورە لێی ئەپرسێ: ئا ئەمانە چین تۆ خستووتنەوە؟ ئەیەوێ بەم قسەیە تانوتی لێ دا ئەویش پێی ئەڵێ: لە باتی ئەوە، ئەوە بە من ئەڵێی، بە باوکت بووتایە کە دایکی تۆی بناردایەتە لای ئێمە، با لە پیاوەکانی ئێمە بیگرتایە و کوڕی وەکوو کوڕەکانی منی بهێنایە، نەوەک، وەکوو تۆ کە لە سەر دۆشەک و تەنانەت لەگەڵ منیش بە ترسەوە قسە ئەکەی!