دوو پیاوی دەوڵەمەند لە سەر موڵکێکی بەنرخ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1167 بینین

دوو پیاوی دەوڵەمەند لە سەر موڵکێکی بەنرخ کێشەیان ئەکەوێتە بەینەوە، ئەچنە لای مەلایەک بۆ شەرع کردن. یەکێکیان دوو مەن ڕۆن بۆ مەلا ئەبا و ئەڵێ: مامۆستا تۆزێ ئاگادار بە. لە دوای ئەو پیاوەکەی تریان ئێسترێک ئەبا و ئەڵێ: مامۆستا تۆزێ ئاگادار بە. سبەینێ کە ئەکەونە شەرعەوە کابرای خاوەن ڕۆن سەیر ئەکا مەلا شەرعی بە لای ئەویتر دا. لە دڵی خۆیا ئەڵێ: نەوەک مەلا دڵی گۆڕابێ وا بزانێ ئەو کابرایەی کە ڕۆنی بۆ بردووە. ئەڵێ: مامۆستا! ئەوە داوێنی کەواکەت ڕۆنی پیا ڕژاوە؟ مەلایش سەیرێکی داوێنی ئەکا و ئەڵێ: نەو، ڕۆڵە ئێستر پێی پیا ناوە!