سەرنجێک

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1211 بینین

ئەبێ ئێمە ئەوە بزانین کە لەناو کوردا مەلا دەستەیەکی دیار و ئاشکرا بوون، بەرەی خوێندەوار و زانیار هەر ئەوان بوون. لە هەموو وەختێکا و لە هەموو شوێنێکا پەنجەیان بۆ ڕاکێشاون. ئەم دەستەیە لەناو مەردوما تا ئەوپەڕی، بە چاوی گەورەیی و ڕێز لێگیراوییەوە تەماشا کراون، لە ئیشی بچووک و زلدا پرس بەوان کراوە و ئەوان بڕیویانەتەوە. تەنانەت ناوی مەلا بە جۆرێک بەرز بۆتەوە ناوی هیچ چینێکی تر نەبووە بەرانبەری بە ناوی ئەوان بکا. لەبەر ئەمە ناوی ئەمان لەسەر زمانی گەورە و بچووک بووە، فەرمانێ کە ئەمان دابێتیان گێڕانەوەی نەبووە. جا بەم بۆنەوە هەچ کار و فرمانێک بووبێت، دراوەتە پاڵ ئەوان و وتوویانە «مەلا وای وتووە» یا «مەلا وتی». ئەم ناوە لەسەر زمانی خەڵک هەمووی، نیشانەی خۆشەویستی و گەورەیی ئەوان بووە.

وەکوو چۆن لە ماڵێکا خێزان و ماڵ و منداڵی ئەو ماڵە هەر کامێکیان هەستن و هەر قسەیەک بکەن، بۆ ئەوە کە ئەو ئیشە کێشەی تێدا نەبێ، هەر ئەڵێن: «باوکم وای وت» یا «باوکم وتی»، دیارە ئەم ڕستەیە نیشانە و بەڵگەیە بۆ گەورەیی باوکەکە لەبەر چاوی خێزانەکە. وتنی ناوی مەلایش لەبەر چاوی تێکڕای مەردومەکەوە ئەم سەمەرەیە بووە، بۆیە لە زۆر شوێنی سەرگوزەشت و قسەی کوردیدا وشەی «مەلا» پاڵەوانی سەرگوزەشتەکەیە.