سەرەتا

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 7 خولەک  1926 بینین

گیتیی ئەدەب، گیتییەکی فراوانە، نامەوێ لەمەوە بدوێم ئەگەر یەکێک ویستی بە پوختی لێی تێ بگا، تەماشای کتێبی «مێژووی ئەدەبی کوردی»ی عەلائەدین سەجادی بکا، بەڵام ئەوە ئەڵێم نامووسی قەومی کورد تەبێعی هەزاران ساڵە هێشتوویەتەوە، هۆی ئەم مانەوەیە گەلێ شت بووە، یەکێک لەوانە تەریکی و گۆشەگیری بووە لە عالەمی بێگانەدا، ئەم سووچەی زمانەکەی بۆ هێشتۆتەوە. ناتوانی قەومێک ناو بنێی بە قەوم تا زمانی نەبێ، بۆیە بە ئینگلیز وەیا جەرمەن وەیا عەرەب ئەوترێ ئینگلیز، جەرمەن، عەرەب، چونکە زمانیان هەیە، کە زمان نەبوو قەومییەت نییە، کوردیش بۆیە تا ئێستا ماوەتەوە، چونکە زمانی هەبووە، ئەگەر زمانەکەی نەبێ، مەفهوومی کورد لە فەرهەنگا نامێنێ.

لە سەرەتای ئەم سەدەی بیستەمەوە، وردە وردە خوێندەواری لە ناو ڕەمەکی کورددا پەرەی سەندووە و ئەستێنێ. ئینکار ناکرێ خوێندەواری چرای ژیانە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، من هەست بە زیانێکی گەورە ئەکەم لەم ڕووەوە؛ هەست بەوە ئەکەم چونکە خوێندەوارییەکە بە زمانی کورد نییە، هەتا سەدەی بیستەم بەسەر ئەچێ و قەومی کوردیش نەمێنێ. بۆیە ئەڵێم نەمێنێ، چونکە منداڵەکە لە قوتابخانەی غەیری کوردی لەباتی وشەیەکی کوردی فێر بێ، وشەیەکی غەیری کوردی فێر ئەبێ. ئەو وشەیە دێنێتەوە ماڵەوە و قسەی پێ ئەکا، برا بچکۆلەکە و خوشکە نەشمیلەکەی لێوە فێر ئەبن، باوکی منداڵەش ئەڵێ: کۆرپەلەم فێری زمانی نان پەیداکردن بووە، ئەویش وەری ئەگرێ، دایکیشی ئەڵێ: لە دەورت گەڕێم چەند قسەکانت جوانە؟! ئەویش فێری ئەبێ! بەرە بەرە زمانی قوتابخانەی غەیری کوردی منداڵەکە، شوێن هەوارێکی خۆش بۆ خۆی لە ماڵی باوکی منداڵەدا دروست ئەکا و زمانی مادەرزادی کوردییەکەی لە ژێریا دەست ئەکا بە نقەنق! کە پشتێک بەم جۆرە ڕۆیشت، پشتی دووەم و سێهەم ئەڵێن: باب و باپیری ئێمە بە ڕەحمەت بن - بە زمانێک قسەیان ئەکرد کە پێیان ئەوت زمانی کوردی!

ئەوانەی هەست بە قەومییەتی کوردی ئەکەن و هەست بەوە ئەکەن کە «بڤە»یەکی گەورە ئابڵۆقەی زمانەکەیانی داوە، ئەگەر تەنها ئەم قسەیە بخوێننەوە ئەکەونە سەر ئەو باوەڕەی کە زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی زمانی کوردی لەسەر قاقەز، چ کارێکی گەورە ئەکاتە سەر مانەوەی قەومییەتی نەتەوەی کورد.

هیچ ئامانجێکم نییە تەنیا پاراستنی زمانی کوردی نەبێ. ئەویش بۆ پاراستنی قەومییەتی کورد لەو تەنگوچەڵەمانەی گەمارۆی داون دنیای ئیمڕۆ وەکوو دوێنێ نییە، گۆڕانی ئیمڕۆ وەکوو گۆڕانی پێرێ نییە. قەومی کورد ئەبێ کۆشش بکا - بەبێ جیاوازی - بۆ پاراستنی قەومییەتی خۆی. ئەم کۆششە بە خزمەتکردنی زمانەکەی ئەبێ، زمانی خۆت بپارێزە و بە زمانی خۆت بخوێنەرەوە، ئیتر خەمی هیچت نەبێ.

هیتلەر کە یاداشتەکەی «کفاحیناوی تایبەت» دانا، وتی: «ئەم نووسینەم بە زمانێکە گەورەتر. عالمێکی ڕایەخ چۆنی لێ تێ ئەگا، شوانێکی سەر کێویش هەر بەو جۆرە لێی تێ ئەگا: بە زمانێکە کە زمانی ئەڵمانییە. منیش هەر ئەوەندە ئەڵێم.» ئینجا با بچینە سەر بارێکی تر بۆ من و ئەم کتێبە:

بە بیرەوەری خۆم حەزم بە قسەی خۆش کرووە و لە بیستنی قسەیەکی خۆش وەکوو هەستم بە دەنگێکی نهێنی خۆش کردبێ وابووم، لەبەر ئەوە خۆم لە خۆمەوە هەر ئەگەڕام بە شوێن ئەو قسە و سەرگوزەشتە کوردییانەدا کە لە ناو کوردا باو بوون. بێئەوەی بە شتێکی بزانم، گەلێکیان لە سنگما مانەوە، دیسان هەر تێریشم نەئەخوارد، ئەمویست زیاتر بێت، لە پاشا ئەمبینی گەلێکی تر وەکوو من هەر حەز بە قسە و سەرگوزەشتەی خۆش ئەکەن و شوێنی ئەکەون، بە لامەوە سەیر بوو کە ئەمە بۆچ وایە؟ لە پاش وردکردنەوە، تەماشام کرد ئەمانە ئەو مەعانییە ڕۆحییانەن کە بە وشە تەعبیریان پێ لێ ئەدرێنەوە؛ ئەمانە ئەو ئەدەبەن کە لەگەڵ سروشتی ئادەمیزاد تێکەڵاو کراون.

ئەو وەختە بۆم ساغ بووە کە ڕاستە ئادەمیزاد بە بنەچە پابەندی ئەدەبە، چونکە ئەدەب خوراکی ڕۆحەکەیەتی. بۆم ساغ بووەوە کە گەورەیی ئەدەب بناغەی هەموو گەورەیییەکە، با هەست بە گەورەیییەکانی تریش نەکرێت.

کە چوومە بنج و بناوانی کارەوە، دەستم کرد بە خوێندنەوەی شتی تر، تەماشام کرد؛ تەنها قەومی کورد نەبێ، قەومەکانی تر بە هەر دوو دەستەوە چوونەتە ژێر ئەدەبیات، هەر جۆرە شتێکیان بۆ بێت خێرا لاپەڕەی کتێبەکانیانی پێ پڕ کردۆتەوە و نەیانهێشتووە ون ببێت، کە ئەمبینی، وتم ئایا بۆچی شتی وامان نەبووە؟ لەگەڵ ئەو هەموو قسە خۆشانەدا کە هەمانە! لەوە زیاتر هیچم بۆ نەدۆزرایەوە کە ڕەنگبێ لە ناو ئێمەدا وتەی شورەیییە (عەیبە) نەیهێشتبێ هیچ شتێک پێکەوە بنێین. دیارە هەرواش بووە، چونکە زۆرتر ئەو قسە و سەرگوزەشتە خۆشانە تا ئێستا هەر وا بە ڕیشخەنێکەوە گێڕاونەتەوە و لەوانە بوون هەر لەگەڵ یەکێک یەکێکیانی لێ گێڕابێتەوە خێرا لێی هاتبێتە سەرپێ و عەیب نییە تۆ ئەم قسە ناشیرینە ئەگێڕیتەوە؟!

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو قسەیە کە بە ناشیرین یا بە پێچەوانەی ئەدەب و شەرم دائەنرێ، ئەوە جەوهەری ئەدەب و ئەقڵە و ئەدەب لەوە دروست ئەبێ.

ئەدەب پەردەی ژیانی کۆمەڵە، کە شان بە شانی هاتۆتە خوارەوە، ژیری و زەینی پیشان ئەدا، ڕابواردن و هەڵسووکەوتیان ئەخاتە ڕوو. ئەو پارچە قسانە وەکوو لە ڕواڵەتا ساویلکەن، لە مەعنادا زۆر شت ئەگەیەنن، ئاسمانی مەعنایان گەلێ بەرزترە لەو ئاسمانە کە تیایانا دەر ئەکەون. قەومەکانی تر هەموو شتێکیان وتووە و نووسیویانەتەوە - ئیتر چاک بووبێتن یا خراپ - نەیانهێشتووە سەریان تیا بچێ.

منیش لەبەر ئەمانە، هاتم لەم سەرگوزەشتە و پەندانە بە ئەندازەی دەسەڵات و بگرە زیاد دەسەڵاتیشم لێ کۆ کردنەوە و حەزم کرد لەم ڕەوشەوە کتێبێکمان ببێت.

ئەزانم سەرەتا لەوانەیە زۆر کەسم لێ بکەوێتە تەقەوە و بڵێ: قسەکان بێ شەرمی و پێچەوانەی ئەدەبی دیوەخانانە نەئەبوایە شتی وا بنووسرایە. منیش هەقیان ئەدەمێ؛ چونکە هەموو شتێک لە سەرەتاوە لەبەر ئەوەی تازە کورەیە بەرهەڵستی بۆ پەیدا ئەبێ، بەڵام لە پاش ماوەیەک ئیمان بەوە دێنن کە سووچێک لە ئەدەبی ونبووی کوردی، زیندوو بۆتەوە و دار مێخەکی سیسی ئاولێبڕاو گەشێنراوەتەوە، ئەمە و دیسان ئەڵێ؛

کابرایەک نوێژی نیوەڕۆی ئەکرد وتی: نیەتمە هەشت ڕکات نوێژی ئەم نیوەڕۆیە ئەکەم. کە لێ بووەوە مەلا پێی وت: باوکم نوێژی نیوەڕۆ چوار ڕکاتە، کەی هەشت ڕکاتە؟ نوێژەکەت بکەرەوە. ئەویش پێی وت: مامۆستا! من هەشت ڕکاتم کردووە، خوا، تێ کەوێ چواری چاکی بۆ خۆی هەڵبژێرێ و چوارەکەی تری بداتەوە بە سەر خۆما! ئێستاش ئەم کتێبە هەر کەس ئەیخوێنێتەوە ئەوی چاکە بۆ خۆی هەڵبژێرێ و ئەوی خراپە بیداتەوە بە سەر خۆما. دیسان ئەیڵێمەوە: کاکی کوردی خۆشەویست! تووڕە مەبە بۆ نووسینەوەی ئەم کتێبە، میللەت وەکوو باخی پادشاهانە، گوڵی چاکیشی تێدایە و هی خراپیش، لەمە گەورەتر کتێبی ئەدەبیاتی عالەمی عەرەبی «الاغانيناوی تایبەت»ی «ابوالفرج اصفهانيکەس» و «العقد الفریدناوی تایبەت»ی «ابن عبد ربهکەس» یە، ئەم کتێبانە عالەمی ئیسلامی و غەیری ئیسلامی دانیان پیا ئەنێن کە شاکتێبی ئەدەبن، ئەمە بێجگە لە «المستطرف في کل فن مستظرفناوی تایبەت»ی - شهاب الدینی احمدی ابشهیکەس - ئەگەر بە پوختی چاوێک بە وانەدا بخشێنی بۆت دەرئەکەوێ ئەوانەی من لەم کتێبەدا نووسیومن شوورەیییەکەیان نەگەیشتۆتە شوورەیی هەندێ لەوانەی کە لەوانا نووسراون، ئەم قسانەی ئێرە وەکوو شوێنانی تر هەر یەکە دەورێک ئەگێڕنەوە؛ هەم ئەدەبە، کە ئەدەب پەردەی ژیریی تاک و کۆمەڵ ئەگێڕێتەوە، هەم بۆنێکە بۆ دەماخ کە بۆنی دەماخ لەزەتی ڕۆحییە.