دەردی بێ دەرمانی عیشقت، بۆ دڵی زارم بەسە

لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
 2 خولەک  1284 بینین
دەردی بێ دەرمانی عیشقت، بۆ دڵی زارم بەسە
جەور و میحنەت تا بەگەنگێ، ڕەنج و ئازارم بەسە
بمکەنە موختاری گەنجی عالەم و کونجی لەبی
خەندەیێ لەو دوو لەبی لەعلی گوهەربارم بەسە
دەردی بێ دەرمانی عیشقی، گەر دڵی کردووم نزار
غەمزەیێ لەو چەشمی بیماری پەرستارم بەسە
با نەبم مەحرەم وەکو بولبول، بەهەر ئەسراری گوڵ
لەحزەیێ سەیری گوڵی گوڵزاری ڕوخسارم بەسە
با نەبێ ئەمساڵەکەت غەیری ستەم، دەرحەق بەمن
یادی شەوگاری ویساڵی لوتفەکەی پارم بەسە
بۆ بەتەحریکی ڕەقیبت، زەخمی دیکەم لێدەدەیت؟
بەو خەمی ئەبرۆت قەسەم، زەخمی ئەوەڵ جارم بەسە
بۆچمە میننەت لە ئاهووی کیشوەری چین و خەتا!
ڕایحەیێ لەو توڕەیی وەک میشکی تاتارم بەسە
دڵبەرا فەرمووتە: بێ قەندی لەبی تۆ، چۆن دەژیم؟
زیکری قەندی لێوت و تیکراری گوفتارم بەسە
ماتەمی کوژرانی خۆم ناوێ؛ ئەقاریب بیگرن
زوڵفی مشکینی سیەهپۆش و عەزادارم بەسە
ئاشنای بێگانە نابم، تۆ کە لێم بێگانە بووی
تەعنەیی ئەعدا و لۆمەی یار و ئەغیارم بەسە
تازە من دەربەندی نام و نەنگی خۆم بۆچی ببم
ئیسمی رسوایی، سەری کۆڵان و بازاڕم بەسە
تا ئەدەبناسناوی ئەدەبی بەستەی کەمەندی زوڵفی مەفتوولت نەبوو
ئەی شەکەر لەب؛ بۆچی نەتفەرموو: گرفتارم بەسە؟