٤٧

ڕاسپاردەیەک ڕادەسپێرنە لای میر
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  795 بینین
کاتێ شەوەکی شەوی بەڕێ کرد
ڕۆژ زینی لە پشتی ئەسپەشێ کرد
ئەسپی ڕەشی شەو برایە سەر خاو
شێی زەردەیی تاوی خستە پڕتاو
گرتی دەسی گورزە ئاگرینێ
زەرد بۆوە لە ترسی گۆی زەمینێ
کێشای لە کەمەرگە تیغی زێڕن
نیسێ دەڕەوین کە خۆ وەشێرن
تاژدین و برای لەگەڵ گزنگێ
ئامادەیی کار و سازی جەنگێ
شمشێر لە کەمەر، جگەر وەکوو شێر
کێشرانە دەرێ ئەسپ لە پشتێر
ئەسپانی ڕەسەن عەرەب نەژادان
پێت وابوو فڕین لەخۆ حەوادان
ڕەخشان بە چەپۆک و کۆڵ و سمکۆڵ
پێیان دەهەژا دڵی چیا و چۆڵ
خاریان دەدڕی و دڵی نزاران
بۆ ناشتنی جەندەکی نەیاران
زرموکوت و هەوهەو و گوڕاندن
هەرکەس لە خەوا بوو ڕایپەڕاندن
گوتیان بە کوڕان بەرەی کەس و کار
یان بمرن و یا نە مەم بێ ڕزگار
وا گەردەنی ئێوە دەکرێ ئازا
خۆشی لە کوڕێکە بمرێ ئازا
تاژدین یەکی خزم و کەیخودا و ژیر
لە کوڕانەوە ڕایسپاردە کن میر
تا کەنگێ! بەسی بێ زۆر و بێداد
دۆستان کز و دوژمنان دەکا شاد
پێی وا نەبێ مەم گوناهبارە
دیلی دەسی دڵیە ئەم هەژارە
نازانێ کە پاتشای ئەوینێ
دایگرتووە ڕووی هەموو زەمینێ؟
دڵداری لەسەر کەسێک ببێ زاڵ
چاوبەستەیە، گوێ کەڕە، زمان لاڵ
ئێمە کە لەگەڵ مەما چوارین
بۆ بەختەوەری وی چوار دیوارین
هەر چوار سەری مە هەمیشە وەک گۆ
ئامادە و چاوەڕێی شەقی تۆ
یان دەربکەوێ لە بەند برامان
یان بەکرێ بنێرێ بێتە لامان
چیمان لە دڵایە پێی ببێژین
تۆزێ کوڵوکۆ بەوی دەڕێژین
نەیکا گلەیی لە خۆی دواجار
ناخۆشی ئەگەر ببێتە سەربار