٤٦
تاژدین و برایانی لە بیری چارەدان
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
3 خولەک
797 بینین
پیرێ کە لە دەردی دڵ ببوو پیر
خۆشگفت و شیار و زیت و دڵگیر
ئاگا لە جیهان، گەڕاوی شاران
گێڕایەوە سەرگوزەشتی یاران
گیرانی مەم و گرینی زینێ
وەک ئاگرێ کەوتە ڕووی زەمینێ
هەر تیرە و هۆز و ڕێز و چینێ
هەر خێوی ئەوین و دڵبرینێ
کێ ببوە زەدەی دەسی ئەوینێ
بۆ ئەو دووە کەوتە کۆڕی شینێ
ئەم ئاگرە تەنیەوە لە لاوان
سووتا دڵی دڵتەڕان لەتاوان
پێچوون ئەوی دۆستی دوور و کۆن بوون
تاژدین و ستێ مەپرسە چۆن بوون
بۆ زینێ بە دەردێ چوو بوو ئەستی
گریان و شەپۆڕ بڕی بڕستی
تاژدین کوڵی مەم بە جۆرێ گەستی
شێت بوو، دڵ و هۆشی چوو لە دەستی
هاواری دەبردە بەر برایان
ئێوە و دوو- سێ پیر و کەیخودایان
ملکەچ هەموو ڕوو لە کۆشکی شا کەین
با بۆ مەمی چارەڕەش تکا کەین
میر بەشکە نەرم ببێ بە جوورێ
لە گوناهی مەمی هەژار ببوورێ
عارف وتی: ئەو لە ژیری دوورە
دەوپێکێ پلاری شەرم و شوورە
کارێکی نەیێتە چنگ بە گەرمی
بێهوودەیە نووکەنووک و نەرمی
خۆتان دڵی مەزنوو باش دەناسن
کێ بیستی بە فوو نەرم بێ ئاسن
پێک نایە شتێک لە کۆڕ و دیوان
مەیدان هەیە لێی ببیتە میوان
کە بمانەوێ بۆ مەمێ بکۆشین
پێویستە کە بەرگی جەنگ بپۆشین
چوار ئاوێنە و زرێ دەبەر کەین
خوود بچنە سەر و پەڕی لەسەر دەین
هەڵسووڕنەوە گورزی پاڵەوانان
بسوێنەوە دوو دەمی دەبانان
یان مەم دەبێ بێتە دەر لەناو چاڵ
یان هەر سێ دەخەینە چاڵ سەر و ماڵ
میر ئەو دەمە باش نەهاتە پێشێ
هەر یەک لە مە شیری دەربکێشێ
تاقیان کەنەوە لە لاشی بەکرا
نەگ ئەو سەگەبا! لەمەم چ دەکرا
ئەو بەکرێ بە خەنجەران لەتوپەت
بۆ تۆڵەیی مەم دەبێتە دەرفەت
میر بێت و لەسەر سەگی وەدەنگ بێ
پاداشتی کڵۆیە گاشەسەنگ بێ
هەرسێکی مە ئاشی جەنگ دەگێڕین
وەک دەنکەگەنم سەران دەهێڕین
هەرچی وتی لەل بجنرێ پەلپەل
هەر سەر کە بزووت بچێتە شاکەل
سازکەین لەهییەک گەرەک لە خوێنێ
کێ سەر بپەڕێنێ بیفڕێنێ
بدڕێن بپەڕێن بە شیر و نێزان
سواران و سەران زگان و ڕێزان
ئەو چڵک و گەماری زۆری زۆرێ
لاناچێ بە خوێنی گەش نەشۆرێ
پاکەینەوە جێ لە نالەباران
بیکەینە جەژن لەناو هەژاران
دیل بێنە دەرێ لە کۆت و پێوەند
دیلان بگەڕێ و ببێتە گۆوەند
نازدار و جوان لەسەر تەلاران
«دەستوو نەڕزێ» بڵێن هەزاران
«بۆوبێو» ببیەن لە نازەنینان
چەپڵە و گوڵ و دەنگی ئافەرینان
تاژدین و چەکۆ لە ئەم وتارە
زانیان جگە لەو نییە چ چارە