مەیلی ژاپە

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 2 خولەک  784 بینین
مەیلی ژاپەم هەیە ئێرانە هەوای چاکی نییە
پیاوی ئەم جێگەیە زانستن و ئیدراکی نییە
عەیش و نۆشێکم ئەوێ بێ کەدەرو بێ غوسسەبێ
گۆی زەوی ڕاستت ئەوێ بێ قڕە خۆراکی نییە
بچمە گۆڕەوە زۆر چاترە لەم زندەگییەم
بەس نییە مردوو لە گۆڕا لە کەسێ باکی نییە
وام ئەوێ هیچ کەسی گەل ملکەچی هیچ پیاوێ نەبێ
لام وەهایە گەلی وا ئەمڕۆ لە هیچ خاکێ نییە
لە غەمی گەل لەشی ڕەنجیدەیی من کەڵکی نەما
دەفڕێ ڕووح لەلانەی هەوەسی لاکی نییە
چونکە پێک نایێ وەها زوو بەزوو هیوایی دڵم
تێ دەنۆڕم کە لە هیچ لایەوە ڕووناکی نییە
سووم دەبێ کورکی لەبەر، لاستیکی بێگانە لەپێ
هێندە کوردی لە بەفر پەستەک و کالاکی نییە
چوار سەد ساڵ بوو بەبێگانە چ خەرجێکت ئەدا
ڕۆژێ ئێستا کە هەزارت دەکوژێ باکی نییە
ئەو کەسەی بیری هەبێ پڕ دڵی قەهر و دەردە
بەشەق و بار و کوتەک هەر کەرە غەمناکی نییە
کەسێ هێشکچییەتی بۆ گەل و نیشتمانی نەبێ
بەخودا هێشکی بۆ خوشک و ژن و داکی نییە
بەسە ئەم دەرد و غەمە مەمرە ئەسیریناسناوی ئەدەبی دەبژی
هۆشیاربۆتەوە گەل، هیچ مەڵێ ئیدراکی نییە