گەل و نیشتمان
لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
3 خولەک
1192 بینین
دەور و پشتی خانوو و، جێگەی هەوارم گوڵشەنە
ئاوی جۆگە و گۆل و ڕووبارم شرینە و ڕەوشەنە
گیای بەهاری مێرگی دامێنی چیا وو کێوی من
نەرگس و لالە و ترنجۆک و بنەوشە و ڕەیحەنە
لێوی جۆگەی خوڕەم و ساق و سیمینی دڵبەرم
ژاڵە وو نەسرین و سونبول، یاسەمین و سەوسەنە
هێندە پێکەوتە گیا و پووشی چیای کوردستان
کاوڕ و بزنم وەکو گامێش و گایی سێ بەنە
سەیری هەرچی شیو و شاخی هەردە وو دەشتم بکەی
باغ و بێستان و ڕەزە، شاراو و کێڵگە و خەرمەنە
دەنگی خوڕەی ئاوی ژێر دارم بەسەر بەرد و پەلا
خۆشترە سەدجا لە دەنگی عوود و ساز و دەندەنە
ئەو بەری بەڕووەی لە کوردستانی من پەیدا دەبێ
چاتر و شیرینترە سەدجا لە پستە و کەستەنە
چاوەکەم ئەو جاجکەی وا تیرەمنتی پێ دەڵێن
ئامەدی کوردوستان، خۆشەی جەوی دارەبەنە
گەر تۆ بنواڕی لە کوردستان سەراسەر سێ بەشە
باغ و دارستان و کیڵگە، ژێر ئەمانەش مەعدەنە
هەر زەمینێکم بدینی بێ درەخت و بێ گیا
کانی زێڕ و زیوە، پێویستت هەیە لێی هەڵکەنە
من چ پێویستم نییە تۆو چەندن و هەوڵی مەزید
داری کێوانم، بەڕوو و بادام و گوێز و قەزوەنە
شانەیی هەنگوینی شاخی، گۆشتی کێوی لێ مەعاف
خۆم چلۆن قوربان نەکەم بۆ ئەم حەشار و مەسکەنە
سەنگەر و چاڵی زەوی، شوورە و قەڵاتم بۆ چییە
من کە دارستان و بێشە و شیو و شاخم مەئمەنە
پشتکۆهـ و ئەڵوەن و شاهۆ و ئەرارات و نەوا
هیچە لای شاخانی من قرپات و ئەلپ و پیرەنە
کەپری تاوستانەیی کوردی لە لێو باغ و چەما
خۆشترە سەد جا لە قەسر و باغی قیوامولسەڵتەنە
زانیار و گورج و ئازایە بڕی پیاوی گەلم
مەردی مەیدانە بڕێکی لێخوڕ و خەنجەر زەنە
لاوی کوردی من نەوەی میدیا وو کەی ئەخساری ئەتوو
خاوەنی سامان و تەخت و زۆر و تاج و عەنعەنە
دەشت و شاخی گۆی زەوی باپیرەکانت گرتبووی
بستە جێگایێ نییە پایان نەنابێ لەو حەنە
بۆیە ئێستاکەش ئەوانەی پشتی خۆیان زانیبێ
زۆر بڵندە بیریان، بێ باک و شۆخ و گەورەنە
ئارەزووی زانینی چشت و کارگەری گەر فێر ئەبی
مەرکەزی فێربوونی علمت رۆڵە ئەمڕۆ لەندەنە
چاخی پێغەمبەر لە زانین، چین بوو ئوستادی جیهان
لۆندەرە ئەمڕۆکە شاری سەنعەت و عیلم و فەنە
عیلم و عیرفان و بڵندی، کەوتە هەرچی جێگەیێ
ڕوو لەوێکە زوو بەزوو فێری بە هەروەک مەنگەنە
تووشی هەرچی زانیاری کورد ببی لێی تێبگەی
حیکمەت و زانینی وەک ئەبوکەوسیی دێوەژەنە
توخمی ئاری، واریسی نووحی نەبی، کرمانجی من
مەهجەری کرمانە ئەو جێیەش هەوارگەی جەرمەنە
ئەی ئەسیریناسناوی ئەدەبی ڕۆژ و شەو مەدحی گەل و خاکت بکەی
هەر بەجێ نایێ دەسا ئەمجارە لێدە کەم چەنە