چوومە کوردستان

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 6 خولەک  1022 بینین
چوومە کوردستان لە چاخێ گەرمی وو سەرما نەبوو
بەرگی شیو و شاخ و، دەشتی سونبل و ڕەیحانە بوو
بۆ هیلاکیی گەشتی دەوری پایتەختی شای بەبە
جێگە مۆڵەم چەند ڕۆژێ شاری خۆشی بانە بوو
ڕۆستەم خان و حەمەخان پێک بەشەڕ هاتن لەوێ
چەند کەسێ کوژراو، چەندی دێ سووتا و وێرانە بوو
دڵ لەوێ هەڵکەندرا، ڕووم کردە ڕێگەی گردی خان
دەنگی پۆڕ و قومری وو بولبول لەوێ مەستانە بوو
چوومە ئەو دیوا، گەییمە میرە دێی دەشتی سەقز
بانگیان کردمە قەڵاتێ تەرزی نەوکاشانە بوو
نۆکەر و میرزا وو خانم، هاتنە دەورم هەموو
باسی جەنگی بانەیان پرسی، وەلێ ئاغا نەبوو
هەر کەبیستیان لێم شکستێکی تەواوی حەمەخان
تێکچوو ئاغاژن بەیەکجار، گفت و گۆم پێ چا نەبوو
میرزایێ پێی وتم وسکت بە ئاغاش لەو شەڕە
خوشکی حەمە خانە، خانم، چا بوو ئەو وریا نەبوو
خانمی دێ هاتە گفتوگۆ، وەلێ گوفتی چلۆن
هەر کە تێ نۆڕیمە بیر و هۆشی، سوقراتانە بوو
ئەربەباشوێن و ڕێی هەنگەژاڵیانشوێن گەر بگرتایە وتی
ناشکان بەم جۆرە، پیلانێکی بسمارقانە بوو
بانگی میرزایێکی کرد، نووسراوی بۆ جێیێ نووسی
تا نووسی چەند جاری پێ گێڕاوە، هەر پێی چانەبوو
خۆی کە دەستی کردە تەقریری بەپەهل و پارسی
من لەجێی خۆم مات بووم، میرزاش لەوێ دێوانە بوو
تێ گەییم ئەوسا کە مێشکی پیاو و ژن فەرقی نییە
هەر کەسێ تەئریخی زانی، بیری ئەو مەزنانە بوو
بۆ سبەینێ کەوتمە ڕێ تا چوومە ناو شاری سەقز
جێگەیێ ئاودار و دڵگیر و خۆش و جانانە بوو
چەند ڕۆژێ مام لەوێ ڕووم کردە مەنمی و تیلەکۆ
چوومە دێی میرزا میراشە جێگەیێ شاهانە بوو
چوومە دیوانی حەبیبوڵڵاخانی تیلەکۆ
چەن مەلا و سەرهەنگ لەوێ بوو، کۆمەڵی پیاوانە بوو
گفتوگۆمان هاتە سەر نووسینی زانایانی کورد
کەوتنە کێشە لەگەڵ سەرهەنگ، ئەو زانا نەبوو
فارسی و خەتتی شکستی ئێوە نازانن وتی
مێشکی لەق بوو، وتەی بێ تام و مەجنوونانە بوو
فارسی و خەتتی شکستمان بۆ چییە؟ کوردیی پەتی
بۆ ئێمە نووسینی چاکە وتمە ئەو، وریا نەبوو
تاکو ئێستا هیچ نەنووسراوە بەکوردی چۆن ئەبێ
خوێندن و نووسینی پێشوونانی ئێوە وا نەبوو
لەو سەری دیوانەوە خێزانی خان هاتە جەواب
زۆر بەسەر سەرهەنگدا هات و، وتەی بێجا نەبوو
میللەتانی دی مەلائیک فێری نووسینیانی کرد
یا لە تەورات و لە قورئان، یانە ئیلهامانە بوو
تێ گەیین وتێگەیاندن، بۆتە هیوایی نووسین
من بەکوردی زۆر ئەنووسم، ڕەئیی تۆ نادانە بوو
بەم وتەی خانم قوڕی دایە دەمی سەرهەنگدا
مات بوو ڕەش (ڕەش) داگەڕا نوقمی کوپەی خومخانە بوو
پاش گەڕانی هەیبەت و گەلباغ چوومە ناو سەراڵ
چوومە ماڵی سەید عەلی چاخی توو و شیلانە بوو
سەید عەلی هۆشیار و زانا وو بەدڵ وریا و مەن
ڕووخۆش و کار و وتەی سەرکەوتوو و گەورانە بوو
حورمەتی گرتم شیلانە و توو و سێب و خوانی هات
دەس لە خۆراکا بوو، گفتوگۆ و شەڕە شیعرانە بوو
نۆرە کەوتە بەرمن، هەڵبەستێکی خۆمم خوێندەوە
زۆر تەڕ و خۆش و شرین و، ناسک و یارانە بوو
زۆریان پێ خۆش بوو هی کێیە ئەمە؟ هی من وتم
کوێندەریی کێی کوردەیم، کۆمەڵ بەوە ڕەندانە بوو
سا کەوایە چەندێ هەڵبەستی بەهەشتی شێخ ڕەزا
لێرە فەرموو، جێگەمان ئەمڕۆ بەتۆ شاهانە بوو
هەر کە خوێندم هاتە جونبوش پیاو و ژن گەورە و بچووک
خانمیش چەن شیعری شێخی خوێندەوە مەستانە بوو
پاش ئەوە هەڵبەستی نیشتمانی و گەلیی خۆی خوێندەوە
مێشکی پیاوی ئاو ئەدا، بەو جۆرە میللییانە بوو
لەو دەمە هاتینە سەر گوفتی پێشوویی ئەردەلان
باسی تەئریخیانی کرد، زانینی ئوستادانە بوو
زۆر عەجایب ئەلفییەی مەتنی سیووتیشی لەبەر
خۆمنیش جامیم ئەخوێنی تێگەیینم وا نەبوو
بۆ سبەینێ زوو لە شەرما کەوتمە ڕێ بۆ سنە
چوومە شاری سینە، باغی سەیری سینەما نەبوو
هێندە ڕۆژێ دەردەچوومە گەشتی دەوری چیمەنی
ئاوی ڕوون و مێرغوزار و قەسری فیردەوسانە بوو
جارێ تووشی دەستەیێ ژن بووم لەگەڵ ئاغا حەسەن
ڕابووردنمان بەلایانا بەناچارانە بوو
یەک لەوان هاواری کرد، فەرموو فەقێ چایێ بخۆن
شەرمشم هات و کە سەیرم کرد مەستوورانە بوو
هەر کە دانیشتین هەموو ڕوویان نیقابی پێوە بوو
یەک لەوان مۆرێکی کەن، نادر لە بەسرە وا نەبوو
من وتم بۆ چی ژنیش دەتوانێ حەککاکی بکا؟
ئەو تری وتیان سەعات سازە، کچێ قەیرانە بوو
ئەو تریشیان (لەوحە) نویسێکە وەکو چاپە خەتی
چالێنەر گۆیندە بوو، ساقی ژنێ ڕەندانە بوو
دەستیان کردە موعەمماو و لەغز پرسینەوە
هەر خواخوام بوو نەجاتم بێ، وەلێ ڕێگا نەبوو
مێزەری مەلا کە دەرکەوت، زوو بەزوو هەڵساین لەوێ
چونکە مەلا ڕەخنە گیر و، گەورە وو مەندانەبوو
پاشی چەن مانگی تری چوومە ڕەوانسەر سەیری کەم
خان و مانی ئەردەلانی هیچی دی هیوا نەبوو
هەر کە چوومە سەڵتەنەتگە، حاکمی حەمیدە خان
ئافرەتێ سەردار، ڕەشید بوو، خۆی لە دیوانا نەبوو
چوومە کۆمەڵگە سەلامم کرد و وتیان سەد عەلێک
پڕ لە مەلاو و لە نووسەر، کۆمەڵی زانانە بوو
فەرموو ئاغای سەیید ئەو ژوورە بەخێر بێی خەڵکی کوێی؟
هەر کە زانییان کەرکووکیم، باسی شیعر یێکانە بوو
چەندی هەڵبەستێکی شێخی خوێندەوە خانم بەخۆی
من کە هەڵبەستێکی خۆمم خوێندەوە هاوتا نەبوو
بێژەنانی گشت ئەناسی، خۆشی بێژەن بوو کەمێ
چەن هەزار بێژی لەبەر بوو، نووسەری گورجانە بوو
حاکمێ بوو حوکمی وەک باپیرەگەورەی ئەردەلان
تێگەیشتوو و مەن بوو گوفتی، ڕێک و دانە دانە بوو
پاشی چەن ڕۆژێ لەوێوە چوومە دەشتی شارەزوور
نووسراوی عادیلەم دی ڕێک و دڵدارانە بوو
ئەم گەڕانەم بیست و دوو ساڵی لەمەو پێش بوو تەواو
لەو دەمانە، ڕۆژهەڵاتی پیاو و ژن وریا نەبوو
ئەی ئەسیریناسناوی ئەدەبی ئەم ژنانەت دیوە وریا بوون لەوێ
پیاویان نیوەی وەها بوو، ڕەهبەرێکی وا نەبوو