خوا هەبوو

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 2 خولەک  619 بینین
خوا هەبوو لە کۆنا هەر هەبوو
بێجگە لەخوا کەسی تر نەبوو
هەرچی کە هەیە خوا پەیدای کرد
دا خۆی بناسن بۆیە ئاوای کرد
ئاسمان و زەوی پەیداکرد
گیانلەبەرو درەختیشی کرد
لەپاش ئەمانە لە خاکی زەوی
ئادەمی پەیداکرد تەنها، بێ وەوی
کە دی لایەکی وا هەڵزەپیوە
ئەم لاکەی تری بۆخۆی تەپیوە
لا هەڵزەپیوەی هەر بەرزەوە بوو
کاتێکی زانی زۆر گرژەوە بوو
لێی جیاوەبوو وەکو خۆی لێهات
خۆی نێربوو ئەویش وەکو مێی لێهات
بوونە مێرد و ژن هەردوو یەکیان گرت
بۆ جەنناتولعەدن ڕێیان لەبەرگرت
لە بەهەشت دەگەڕان بەکەیف و خۆشی
میوەیان ئەخوارد مەییان ئەنۆشی
لە هەنگوین و شیر لە ئاوی کەوسەر
شەراب و قۆنیاخ وەک میسک و عەنبەر
بۆ ژیانی هەموو پەڕەندیێکی
دەهاتە پێشێ بۆ تیکەیێکی
ئادەم لە بەهەشت کە هاتەخوارێ
گەیشتە دونیا کردی هاوارێ
کە دی زەوی بەدار و بەردی ڕەق
نزیک بوو لە قینا دڵی بکا تەق
ئەمەی بەسەرهات لەبەردەمی بوو
لە ژووری دەمی پشتی چەمی بوو
شێوابوو عەقڵی وەک ئاو ئەلەرزی
هاواری ئەکرد بەدەنگی بەرزی
دەمم بوو ئەمەی بەسەرم هێنا
بەهەشت بوو جێگەم ئەو دەرمی هێنا