ستایشی پێغەمبەر
لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
2 خولەک
1265 بینین
دین و شەرعی لە حەیاتا بوو بەخووی کەوتنە سەر
بەسیاسەت لە جیهانا بووە پەیڕەو ڕەهبەر
لە هەموو جەنگێ موحەممەد دەبووە سەرلەشکەر
قائیدی حەربی سەف و، ماحیی فەننی کەڕ و فەڕ
نەزم و تەرتیب و ئیدارەی بوو بەپێویست و قەدەر
ئەوە قورئانە، کتێبی بولەغا بوون کەچ سەر
سێنزە ساڵ موددەیی کردەی بوو، بەبێ سنعەت و زەڕ
نەسولەیمان، نەزولقەڕنەین نەوەها ئەسکەندەر
هەیە بەم جۆرە کەسێ، کردە وو کاری لە بەشەر
کەنەبێ دیارە موحەممەد لەبەشەردا سەروەر
***
وا نەبوو چاری نەبێ، تەنگبێ لە دەستی ئەعدا
دەرەتانێکی نەبێ بێجگە کە دەرچێتە سەما
بەسەبات و زەفەری دوژمنی تاکێکی نەما
پاش وەفاتیشی لەشی نووری کە لە حوجرەی هەرما
ئەمە دەرسێکە حەکیمی وەتەنی ڕێی پێ ئەبا
ئیمڕۆ پارێزی حیجاز وەک لە حەیاتی هەر ئەکا
هەیە بەم جۆرە کەسێ، کردە و کاری لەبەشەر
کە نەبێ دیارە موحەممەد لەبەشەردا سەروەر
***
ئەو هەموو ماڵی غەنیمەت، کە وەریگرت لە غەزا
گەنجی بەحرێنی لەگەڵدایە سەحابی وو گەدا
لەسەر ئەم قودرەتەوە، خۆی بەفەقر ژینی ڕەزا
بەکەس و خزمی لە ماڵ و تەریکەی ئیرسی نەدا
کە بەتەعیینی وەلی عەهدێ، بەبەشداری نەدا
مەقسەدی ئوممەتی بوو ئایەتی شەئنی ئەمەتا
هەیە بەم جۆرە کەسێ کردە و کاری لە بەشەر
کە نەبێ دیارە موحەممەد لە بەشەردا سەروەر
***
دەرس و تەحسیلی نەبوو، بیری لە تەئریخەوە بێ
گەشت و دەورانی نەبوو، بیری لە بینینەوە بێ
قەومەکەی ڕاقی نەبوو، حیسسی لەلای وانەوە بێ
نەوەیی شاهێ نەبوو، تاجی لە لێکدانەوە بێ
ئەمە ئیللا ئەبێ، ئیلهامی لە یەزدانەوە بێ
موسڵیحی گەورە بەتەنگی هەموو ئینسانەوە بێ
هەیە بەم جۆرە کەسێ کردە وو کاری لە بەشەر
کە نەبێ دیارە موحەممەد لە بەشەردا سەروەر