سەید تەها

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 1 خولەک  945 بینین
وتم بەگوڵشەنی وەتەن بەکێیە ئاوی ڕەنگ و ڕووت؟
وتی: نموود و شیرینیم بەیادی شادی سەی تەها
وتم بە کۆمەڵی گەلم بەکێ بڵند و دیار ئەبی؟
وتی: لە ڕووی جیهان ئەبم بە عەدل و دادی سەی تەها
وتم بەگەل هیوایی تۆ بەکێیە کۆنە خانەدان؟
وتی: هیوایی میللەتە عەقڵ و نیهادی سەی تەها
وتم بەخاکی پاکی کورد: بەکێ جوان و ڕێک ئەبی؟
وتی شرین و خۆش ئەبم لەسەر مورادی سەی تەها
وتم بەباغی شیرینی کوردستان بەکێ دڵگیر ئەبی؟
وتی وەتەن دڵگیر ئەبێ، بەلوتفی زیادی سەی تەها
وتم بەداری چەم چییە بڵند و سەرفراز ئەبی؟
وتی بڵند و شۆخ ئەبم دەم دەم بەیادی سەی تەها
وتم ئەسیریناسناوی ئەدەبی کێیە پەناووپشتی تۆ؟
وتی وتەی بڵند ئەبێ بەندە، بەشادی سەی تەها