چیرۆکێ

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 6 خولەک  1194 بینین
شەوەکی بوو ڕێی گرتەبەر
فڕۆکە ئەهات وەک تەتەر
هەر چوار سوقاقی ئەم شارەی
ئەکرد بۆ چاری ئەم بارەی
گزنگ
ئەکەوتە سەر لووتکەی پیرەمەگرون
ئەم ئەچووە بەردەم پنەو سەر نانکردن
وورد وورد تیرۆکی ئەوەشان
بەهەوای شان..
بەڵام.. نانی مرۆراوی
پێزی نەبوو
پەستا پەستا خۆی لێئەدا
هێزی نەبوو
سەر لێ شێواو
وەک نێچیری ڕێ لێتەنراو
وەک گوڵاڵەی نێرک کردوو
تەمەن بەرەو مایس بردوو
هەرچی ئەکرد چارەی نەبوو
ناوشانی ئەم بارەی نەبوو
چەند ساڵێ بوو ئەهات ئەچوو
جار جار چەند شەوێ ون ئەبوو
جل شۆر بوو، کارەکەر پیشە
بە قوڵایی دەردی سەری
ناو دەروونی ڕیشە ڕیشە
ئەم کڵوڵە ئەنجامی شووی
بریتی بوو لە باسک و فووی
بیوەسێنێ.. گڕی پێ هەڵبگیرسێنێ
تا شەو تاریکی دادێنێ
ئێتر ئەمە وردە نازە
ئەمە شەوە و دەرگاوازە
ئەمە نوقورچە یا گازە
ئەمە.. پشووی دووی هەورازە
هەر وەکو خەو هەمووی ونن
وەک بەردی گۆمی بێ بنن
هەڕوەکو خەو
وەک باسی دەستە کچێکی
بە ساڵا چووی دوای نیوە شەو
چۆن ڕاز بۆ بەخت گەرم ئەکەن
ڕابووردویان ئەهێنن و بەبای
ئەدەن..
ئا بەو جۆرە..
لەگۆ کەوتووی فڕکان فڕکانی
دڵداری...
هەتا گەرووی نوقمی لیتاوی
هەژاری...
ئێستێ...
ئەوا کەوتۆتەوە سەر خەیاڵی
چەند شەوێکی لە لای مێردی
ئاش بەتاڵ
کەوتۆتەوە ژێر چەپۆک و کڵاوی تاس
بدنەوەی یاد و هەستی جارانی
کاس
کاسی شەوێکی لای مێردی
بە باس و خواس
وەک بێ دەنگی
دوڵبێشکی لەمەڕ خاڵەباس
هیوای زەردە
هەروەک زەردەی پەرێزی جۆ
لە هاویندا خوار بەکرەجۆ
جار جار ڕەشە...
وەکو شەوی لێکدانەوەی گینگڵی ڕق
هەر وەکو رووی ئاشکرا بوو.. ڕووی مونافق
جارێ شینە
وەکو پێڵووی پشت چاوێکی بۆیە کراو
یاجێ نوقورچی خوێن تێزاو
جاری سوورە
وەکو لێوێکی پاش مژین
مژی تەڕایی لێبڕین
بەڵام بە هیچ
ئاواتی کولێرەی بە میچ
کە خەیاڵ بێ
با وەک سایەقەی ساماڵ بێ
کەی ژیانە..؟
یا کەی نان و گوزەرانە..؟
جارێ ترش و پڕ لە تاڵاو
وەکو ئاوی ئاوە سپی
نزیک سەنگاو
جارێ سوێرە
وەک خوێی سەرکەفی مەملەحەی
ئەم لای کفری
سپی بەفری...
جارێ تاڵ و کرچ و کاڵە
وەکو کارگی بن دار بی نزیک ژاڵە
بە ساڵی جارێکیش پاراو
وەک ڕۆنی قاینە و سەراو
قوربانت بم... حەیرانت بم
بۆ ڕاکێشانێ پاش نانت
هەر خۆم خەریکی ڕانت بم
وورد وورد من لە شێلانت بم
یا شێخ خۆم بە میوانت بم
خۆم ڕابەری فەرمانت بم
نوشتەیەکم بۆ بنووسە
ئەم زەوی چارەنووسە
هێندە ڕەقەنە
لامەللای بەرد و دەوەنە
وەکو خەو دێنەوە یادم
ئەو چەن شەوەی لای فەرهادم
چەند ساتێکی پڕ بۆلە بوو
جارێ جنێوی تۆلە بوو
جارێ ئامان جارێ قوربان
جارێ بەلاملا نووسان
کە دەس ئەگەییە سەر مەمکم
شلم ئەکرد
دەستم بۆ ئەملاولا ئەبرد
بەڵێ قوربان ئەو چەن ساتەم
ئەو گێژاوی تۆزە کاتەم
کە تێکەڵاو بە لرفە بوو
بە هاواری ژێر لێفە بوو
وەک چا وا بوو
بەڵێ وا بوو
تەنیا تەنیا سپی و ڕەش بوو
جارێ تاریک جارێ گەش بوو
ئەویان شیرین ئەم یان تاڵ بوو
وەکو نانی گەنم و گاڵ بوو
ئێستاش
ئەوا کەوتوومەوە سەر ئەو فاکە
تۆ.. ئەو کەسەی تەنیا و تاکە
نزایەکم بۆ بنووسە
بۆ ئەم زەوی چارە نووسە
بەشکم:
پڕشنگی زێڕینی ئاهرامزدا فریام کەوێ
جێگای هاوار و ئامان و بریام کەوێ
بێوەژنێ:
تاڕادەیە تەڕ و تەڕپۆش
شینی چپوێت لە خوارەوە هەتا سەرپۆش
بە کراسی ئەم پێدراو ئەو پێدراو
یەک دووجارێ لەبەرکراو
زاخاو دراو
دەست و مەچەک خڕ و خەپان
دروست بوو بۆ گاڵتە و گەپان
بۆ هەڵگڵۆفتن و گوشین
بۆ ژێر سەرو بۆ سەر سەرین
باڵا نێوەن سنگ دەرپەڕیو
جێی سەرنجی چاوی هەتیو
کوانێ لەسەر گۆنا نەخشاو
بە گەردنی سپی زەردباو
بەرەو خوار بە پێچ و دەورە
ئەملاو ئەولای مەمکی گەورە
زەنگوڵ زەنگوڵ ئارەق ڕێژە
هۆی قاسپەی گۆرانی بێژە
ئەم نیگارە
کە بۆ چاوی ئەو دیوی شێخ جێی
ڕێشکەیە
بۆ ئارامی ئەم دیویشی وەک بێشکەیە
چاو لێک ئەنێ، چاو هەڵئەبڕێ
دڵی لەسەر سەد ئەفڕێ
بێوەژنیش پەیتا پەیتا
وەک ئاگر بێ لەبن زەیتا
بەناز چمکی کراسەکەی
ئەبا بۆ ژێر هەیاسەکەی
لەسەر لا بۆی دانیشتووە
دووچاوی خەست لێڕشتووە
چاو هەڵدێنێ جار و بارێ
شیرو تیری لێ ئەبارێ
قسە ئەکا... خونچەی گوڵێ
پێئەکەنێ لەسەر چڵێ
پێئەکەنێ دوو ڕیزی وورد
مرواری خۆی ئەکا بە پرد
بۆ ڕێبازی شەرابی ئاڵ
بڕژێتە ناو شوشەی خەیاڵ
ڕوو مۆن ئەکا، ڕوو گرژ ئەکا
جگەری دووجار برژ ئەکا
قژی ژاکاو لەسەر لامل
بە دڵی بەردیش ئەدا پڵ
لووتی بەرزی کۆڵەکەدار
کوڕە کاژاو دێنێتە خوار
ئەم دیمەنە
کە خەرمانە... کە گوڵشەنە
تەڵایی دەست ئەهریمەنە
بۆ جوڵاندن بۆ بزواندن
بۆ دڵی کێو هەڵتەکاندن
کەچی بەختی کەچی وایە
نگین لە سنگی حووتایە
هەرچی ئەکا بۆی دەرنایە
حووت وا لە قووڵی دەریایە
ناچار...
واهانای هێناوە
بۆ ئەم ناوچەوان و چاوە
دە هەمدیسان قوربانت بم
دەستە سڕی گریانت بم
باوەشێنی گەرمای جێت بم
گسکدەری تۆزی ڕێت بم
دەرمانی دەردی گرانم
لەلای تۆیە خۆم قوربانم
هەردوو دێڕم بۆ بنووسە
بۆ ئەم ڕەقی چارەنووسە
بەڵێ قوربان..
با ڕۆشن تر بێمە دووان
لەو پشت کێوە
لەو بەهەشتی دونیای مێوە
دڵم دابوو..
بە کوڕێکی هەرزەکاری
لەش ڕازاوەی وەک بەهاری
کوێستانی ئەم کوردستانە
کە باخچەیە، کە بێستانە
کوڕ چ کۆڕێ
شیو هەڵدڕێ
ئێسقان ئەستورێ
لەش پڕێ
چاو پڕ لە چەکی نەترسان
ڕەوشت ئەڵوەن وەک ئەرخەوان
بە سیما هێمن و بێ دەنگ
لەناوەوە وەک شێری جەنگ
نە گوێی لە ئاستی هەق کەڕ بوو
نە بۆ کوشتن وەکو مەڕ بوو
کارامە بوو.. کار گوزار بوو
وێنەی ڕۆڵەی لادێ و شار بوو
تاقە کوڕ بوو تاقانە بوو
سەرداری ئەو خێزانە بوو
پەیمانمان بەست
گرێماندا لە مشت و دەست
کە تا ماوین هەتا ناو دڵ
دوو لەش ببن و یەک تەنیا دڵ
تارا ساز بوو
بەهار... پڕ ساز و ئاواز بوو
مەلی گەرمیان گەڕایەوە
گڕی نەورۆز کرایەوە
بەفر،
لەشاخە سەختەکان توایەوە
ئەو گرێیەی لە دەستا بوو
شەوی هەینی کرایەوە
تا بەیانی....
هەتا هەتاو گەیشتە ناو ماڵان
کرژتر بوو لەیەک ئاڵان
شەوی دوایی...
شیرین و خەسرەو ئاسایی
هەر خەریکی مژی لێو بووین
لە هەوراز و لە نشێو بووین
بۆ سبەینێ... بۆ بەیانی
لەناکاو... هێندەم زانی
شتێ لە ئاسمان گرمانی
تەپ و تۆز و گرمەی هانی
هاوارم کرد..
چەپەر سووتا
پەرژین سووتا
ئەها ئاوازی ژین سووتا
بەڵێ سووتا
چوو بە قووتا
ئەوەتا لە گەرووی حوتا
منیش وتم..
بۆم بنوسن لەسەر پشتی
ئەم فەرهادەم بۆمبا کوشتی