چواردەی تەمووز
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
820 بینین
بۆم بخوێنە ئەی بولبولی ئاوارە
بەستەی دڵێ، سەرمەست و گەشکەدارە
بەستەی دڵێ، پڕ لە تریقە و هەست
مەستی کاتی (لە هاویندا بەهارە)
بەستەی کاتێ، چیمەن بە فڕ بە شۆیە
ئاسمان بووک و ئاوێنەکەی نزارە
بەستەی کاتێ.. شادی ئاڵ و ڕازاوە
(گۆڕ) کراوەی هەڵووشینی ئازارە..!
بەستەی کاتێ.. چرۆی نیازی چەن ساڵ
ئێستە گوڵە و خۆی خاوەنی گوفتارە
بەستەی کاتێ برین دەمە و ئەجۆشێ
نەک بۆ تۆڵە.. بۆ کرداری بێدارە
برین دەمە و دەمیش پڕ لە هاوارە
ئەڵێ ئیمڕۆ گەل کارەکەی دژوارە..!
با توولەمار لە ژێر پێدا هەپروون بێ
بەڵام لەوبەر زیتەی چاوی ڕەش مارە..!!
زیتەی چاو و تیژکردنی ددانە
کلکەلەقێ و مڕەی مام ئیستیعمارە..!!
بۆم بخوێنە ئەی بولبولی ئاوارە
بەستەی دڵێ سەرمەست و گەشەدارە
بەستەیێک بێ پشوو بدا بە جەستە
بە هەر لەشێ بریندارە، زامارە
بیدا بەگەل بە خاک و بە نیشتمان
بە کۆردستان، بەم مەرزە خۆش گەوارە
بەستەیێک بێ گوڵ پڕ بکا لە ورشە
بڵێ (شادی) لە جێی نووکی جەخارە..!
بڵێ لە جێی پەت و داری قەنارە
وا ناشتنی چنار و دار هەنارە..!
بڵێ لە جێی دەردیسەری و بێکاری
مێرگی (فرمان) هەڵبەستنی ڕووباری
بڵێ لە جێی چەرمەسەری و بێزاری
شادمانی و کامەرانی بەبارە...
بڵێ لە جێی بێ بڕوایی و ناکۆکی
کاروانەکەی (یەکگرتنە) قەتارە..!
بەستەیێک بێ ئەم خەڵکە هەڵسەنگێنێ
دوورەپەرێزی ڕابگرێ.. بێکارە
بەستەیێک بێ بڵێ هانێ سەربەستی
گەلیش ئەوا ئازاد و بەختیارە..!