شێخ مەحمووی زیندوو
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
4 خولەک
2350 بینین
پاییز... خەزانی تەماوی و مەنگە
گەڵا و لق و پۆپ، خونچە بە ژەنگە!...
ئاسمان نە شینە نە پیرۆەزەیی
نە شەو جریوەی ئەستێرەی شەنگە
نە سروەی شەماڵ نە سەدای مەلە
چاوە وشک و ڕەش بە بێ ئاهەنگە
ڕۆژ کە ڕووناکیدەری سروشتە
تەرازووی تیشکی نەوی و لاسەنگە
تەلی تار خاوە بێ سۆز و سازە
شمشاڵ لەگەڵ فوو بە شۆڕ و جەنگە
ئەگەر پێکەنین ببێ بە خەنجەر
لای گوڵ خەندەران شەق بردن نەنگە
پۆلە چۆلەکەی مۆڵی ئێواران
کڕ و کش و مات وڕ و بێدەنگە
سەرچنار ڕەشە ڕەشتر ئاسمانی
پرچی ژاکاوە چڕە زەبەنگە
بولبول بێ ئارام بە بێ سرەوتە
دونیای فراوان لای گۆڕی تەنگە!..
خاڵ خاڵی لووتکەی شیرین و هەڵگورد
لەگەڵ فرمێسکا تواوەی پەنگە
پشتکۆ تەمی نارد بۆ ئارارات
هەناوی ئەزمڕ بە کاژا و بەنگە
بەڵام کوردستان با لە شینا بێ
گوێ هەڵخراوی ئاوازی زەنگە
کورد با سەراپا ماتەم دابگرێ
جۆش و خرۆشی وەک پوورە هەنگە!..
سیا کەژ سیا، سیا کێوانە
سیا بەرگ دیارە هەر هەورامانە
لە کێ بپرسین سۆراخی ڕاستی
دیارە نزیکتر هەر بەرانانە
بەرانان دەخیل دراوسێی دڵسۆز
ئێستا ئەو پەڕت کێی لا میوانە..؟
هەواڵی پرسە لە داری کەلی
شێخ لەوێ ماوە یا لە سەیوانە..؟؟
ئێستە سێبەری سەر جەستەی کفنی
هەتاوی سوورە یا ئەرخەوانە؟
ئێستە پێخەفی نەرم و نۆڵی شەو
بەردە یا خاکی کانی ئاسکانە؟
بەردە قارەمان لە جێی خۆی ماوە
هەر لە دەربەندە یا لە پیرانە؟
ئێستە ئاوباریک وەک بوومەلەرزە
هەر هەلئەلەرزێ یا لە وەستانە..؟
کوا شێخ؟ کوا نەوەی ئەحمەدی کاکی
کوا نەبەردەکەی ئەم نیشتمانە؟
بەرانان دیارە قوڕگت گیراوە
چاوت لێخنی خوڕی گریانە
سەرت چەپۆکی کۆچی بێوادەی
شێخ خولی داوە سستی فغانە
بەڵام.. بەرانان گوێم لێ ڕاگرە
من کوردم کوردیش گەلە، ئینسانە
هەزار ئەوەندە بخرێتە بینی
دەستی گەردوون و چنگی زەمانە
کورد شۆڕە سواری وەک شێخی بوو بێ
سەر نەوی ناکا لە بۆ بێگانە
پاییز.. خەزانی تاریک و تاڵە
یا فڕەی قەلە یا هاشەی داڵە
تروفتەی (دەوران) تیژ و بە باڵە
بەسەر (شەهێنی) کوردانا زاڵە
سەروو دەمێکە باخی هیوامان
گۆپکەی درەختی هەر کرچ و کاڵە
ڕێگەی بەر دەممان ماوەیێ تەختە..!
ئەوەندەت زانی پڕ چۆڵ و چاڵە
شەو ئاسوودە نین، ڕۆژیشمان درێژ
بەخت سەرنگوون ماڵمان نا حاڵە
هێشتا برینی تیمار ناکرێ
کە چی (شەبەقی) هاوار بەم حاڵە
بەڕاستی چەرخ بێ بەزەییانە
بەم گەلی کوردە باش ئەکا گاڵە
بەڵام ئەی پاییز ئەی گەڵاڕێزان
تۆش گوڵی ئاڵی سەرداری ژاڵە
شێخ.. با ماڵئاوا لە کوردستان کا
ئەم خاک و خەڵکە بخاتە ناڵە
ئێستە کوردستان ئامانج و سەودای
لە بۆتەی سەختی دوا ڕۆژا قاڵە
پاییز ئاخری گەڵاڕێزانت
ورووژمی تیژ و توندی خەزانت
کزەی بای ساردی دەمەو بەیانت
گەردەلوولی ڕەش سەر لووتکەکانت
ئاڵایە گەردن سەرۆکی ناشاد
کردی بە نێچیر مەرگی دەورانت
کە وا بوو (سەرۆک) مەحموودی کوردان
سووک لێکی بنێ پێڵووی چاوانت
بنوو لە باوەش دایکی دڵسۆزا
بۆی هەڵبڕێژە دەرد و هیجرانت
لەگەڵ یەکتری بکەونە گوفتار
ئەو بە ئیشارەت تۆ بە زمانت
بۆی بگێڕەوە ڕەنجووری کوردان
پیشانی بدە برینی گیانت
بنوو نووستنی هیلاکی ڕێ
پرخەت بگاتە گشت کوردستانت
ئەو ڕێیەی کە تۆ گرتت لە ژینا
ئێستەش بە جێت هێشت بۆ ڕۆڵەکانت!
کوردستان.. بگرە چەپکە نێرگسێ
سووک دایبهێڵە و بیخە گوڵدانت
با.. بۆنی خۆشی هەتا هەتایە
ببێ بە مایەی شەوکەت و شانت
با هەنگی لاوی نیشتمان پەروەر
ئەو بۆنە ببات بۆ بەردەکانت
لێی دروست بکا شانەی هەنگوێنی
مەبەست و بڕوا و جۆش فەرمانت