بێخۆدی شاعیر

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  1479 بینین
ئەی مانگ.. بۆ لێڵە تریفەی ئیمشەو؛ هەڵبزڕکاوە؟!
چاوی کەژاڵت وەک چوو بێتە خەو؛ سیس و ژاکاوە
بریقەی گۆنای درەوشەدارت؛ زەرد و خاکییە
شەوق و چریسکەی گەشی ڕوخسارت؛ کەم ڕووناکییە
بۆ زەردەخەنەی زیوینی لێوت؛ بەبار و گرژە؟
پرچی ڕووناکی پەخشانی کێوت؛ ئاڵۆز و گرژە؟
ئەی مانگ شا کۆگای ئیلهامی هونەر؛ پەنای ئاسمانی
زامدارەکانی دڵ و سەودای سەر؛ خواوەندی جوانی
بۆ شێوەی شۆخی باڵا شەنگەکەت؛ سست و شەکەتە؟
گیانی ڕازاوە و ڕووە مەنگەکەت؛ مۆنی خەفەتە؟
دڵت لە ئاستی شەوای بێداران؛ پەست و گیراوە
وڵامی پرسی دەردی بیماران؛ ئەخەیتە لاوە
خۆ منیش وەک تۆ گێژی ماتەمم؛ ڕەشە ئاسمانم
وەکوو تۆ وێڵی دەشتەکەی خەمم؛ خوڕە گریانم
نەک من و نەک تۆ بارەگا و تەختی؛ شیعر و سەلیقە
ڕەش پۆش و زیزە وا شکا بەختی؛ کەوت لە تریقە
فریشتە تک تک دڵۆپی چاوی؛ وەکوو مرواری
ئەبارێتە سەر جۆگەی زووخاوی؛ بۆ کوردەواری
ئەزانێ (مەلی) نوکتەر و گوفتوگۆ؛ کۆچی کردووە
دەزگا و تەرازووی (ئەدەب) ئەڵێ ڕۆ؛ بێخود مردووە
توخوا بێخودی ئازاری گەردوون؛ گوێم لێ ڕاگرە
دڵم لە زووخی تاسەی چەق و چوون؛ سەراپا پڕە
وا تێنەگەی ئەم شارە خامۆشە؛ هاتا هەتایە
ئەم مل درێژی (بارەی) پێخۆشە؛ ئەیکا بە مایە
ئەوەندەت زانی ئاما سەرەو ژوور؛ هەورەکەی ڕەحمەت
کوردستان پڕ بوو لە تۆفانی نوور؛ ڕایماڵی زەحمەت
ئەی مانگ هاو دەردی کۆنی دێرینم؛ هاوار وێران خۆم
گوڵە زەردەکەی ئاسمانی شینم؛ شار پەرێشان خۆم
وەرە پێکەوە شەو بەرینە سەر؛ من بە سکاڵا
تۆش ڕازی دڵت هەڵبڕێژە دەر؛ ساڵ بە دووی ساڵا
من جەستەی ڕێزی برینی دەوران؛ تۆ زەردەی ماتەم
شینی بێخودی گردەکەی سەیوان؛ خۆش بکەین بە خەم