بۆ باڵدارەکان

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 1 خولەک  1335 بینین
ئەی باڵداری ناو هێلانەی سەر پۆپی درەخت
دەنووکی گیان بکەرەوە بۆ دەنگی بەخت
ڕایوەشێنە سەری خەوی ژێر سێبەری خەست
بە پڕووشەوە ئاوی (ئاگا) دەروون بکە مەست
بجریوێنە کەڕی بکە دارستانی چڕ
پەڕی گەشە گیڤ کەرەوە وەک شەستپەڕی پڕ
خولی هیوا بدە بە سەر باسکی درێژا
بە پەڕبازی وەرە بە دەور وەنەوشەی گێژا
لەسەر بەردی قەراغ ئاوی کەف چڕینی چەم
بیتەکێنە خۆڵی چینەی بێ ئارامی و خەم
سەوڵی شۆخی بگرە لەسەر ڕیزی بەڕەزا
چنگی لەنجە بنێ بەسەر چیمەنی خزا
چڵ بە ورشە و تۆ بە قۆنەی نیازی چەن ساڵە
زەماوەنێ ساز بدەن لەو ملە و سەر یاڵە
هەڵپەڕن و ئەم وشانە بکەن بە بەستە
(ئاسۆی هیوا و سەرفەرازی جووت و پەیوەستە)