ڕووناکی
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
1698 بینین
پەروانە بە شەو چرا ببینێ
بۆ ڕووناکێکەی خۆی ئەسووتێنێ
بۆ نەختێ شەوق و تۆزێ ڕۆشنایی
ئەبێ بە خەڵووز بۆ (ڕۆژی دوایی)
با گوڵ خەندەران بۆ بزەی سەر لێو
هێندە ئەبینێ ڕوو گرژ بۆ جنێو
کە بیستی قاقا یا پێکەنینێ
بە جۆری کوڵ و جۆشش ئەسێنێ
لە خۆشی گەشکەو زەردەخەنەی دەم
لێک ئەبێتەوە شەق ئەبا بە خەم
یا گوڵی گەورەی گوڵەبەڕۆژە
ئەزانی بۆچی هەر ڕووەو ڕۆژە؟
چۆن ڕۆژ بگەڕێ مل ئەچەرخێنێ
کە ئاواش بێ بۆی دۆش دائەمێنێ
پەرۆشی تیشکی زێڕینی ئەوە
بێزاری سزا و ناڵێنی شەوە!
ئەمانە هەموو بێ گیان، بێ زمان
بێ دەست و بێ گوێ، بێ ناو و نیشان
بێ بیرکردنەوە، بە بێ جووڵەی دڵ
بە بێ ترس و لەرز، بێ دوو دڵی و سڵ
لە دووی ڕووناکی وشادی عەوداڵن
دوژمنی شەو و شەوگاری تاڵن
با ئێمەش وەک ئەو گوڵ و مێرووە
کە بۆ ڕووناکی و گەشە تێنووە
بۆ گەشەی گوڵی سەربەستی و شادی
بۆ هەڵهاتنی ڕۆژی ئازادی
ئێمەی بۆ بادەی ڕزگاری تێنوو
ببین بە خەڵووز، ببین بە سووتوو..