III

لە کتێبی:
دەروێش
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 39 خولەک  2027 بینین

دەنگی مەزهەر خالەقی کە بەسۆزەوە، شێعری شاعیری بەناوبانگی کورد «وەفایی»، لە هەوای تایبەتی خۆی دەخوێندەوە، سەرنجی دەروێشی ڕاکێشا و گوتی:

- وەفایی ئەویندارێکی ڕاستەقینە بوو. بە ئەوینەوە ژیا، بە ئەوینەوە مرد. ئەو هەوایانەشی کە بۆ شێعرەکانی ساز دەکرد لە ئەوینێکی پاکەوە سەرچاوەیان دەگرت، بۆیە هەر ماون و هەر لە دڵی بیسەر دەنیشن. وەفایی شاعیرێکی گەورە بوو. ئاهەنگسازێکی کەموێنە بوو. پسپۆڕ بوو. لە عیرفان و نجوومدا دەستیکی باڵای بوو. خودا هەڵناگرێ خالەقیش مامۆستایانەی دەڵێ.

خالقی تێی هەڵکردبوو:

ئەی ئاوێنەی دڵبەری، ناوت گوڵ زولفت زەرێ
با هەناسەم نەتگرێ، ڕووی خۆت بێنە بەم لاوە
با شەو بڕوا سەحەر بێ، باخی گوڵان وەبەر بێ
گەر تۆ مەیلت لەسەر بێ، کافر ئیسلامی ناوە

چایەکی دیکەمان خواردەوە و دەروێش گوتی:

- هەر ئەو شەوە لەگەڵ پەری قەرارمان دانا بڕۆین، بڕوێن و لەو مەڵبەندەی دوور کەوینەوە. بەیانی قسەم لەگەڵ مامۆستای کرد و ئیجازەی ڕۆینم لێ وەرگرت. مامۆستا گوتی:

خوداتان لەگەڵ بێ، بەڵام دەچنە کوێ؟

- نازانم... هەر دەمەوێ لەم مەڵبەندەی دوور کەومەوە. جارێ بەرەو موکریان دەچم.

مامۆستا لە دوایە ناوونیشانی یەک دوو مەلای دامێ و گوتی:

- ئەمانە هاواڵمن. با ئەم ناوانەت لە لا بێ، دنیایە بەشکم بە کەلکت بێن. ئەگەر کارێکت پێیان بوو ناوی من بەرە و بڵێ فەقێی بووم، بۆت جێبەجێ دەکەن.

سبەینێ بەیانی وەڕێ کەوتین. مامۆستا و مەلاژن و فەقێیەکان تا دەرەوەی ئاوایی بەڕێیان کردین. ماڵئاواییمان کرد و ڕۆیشتین. لە دەرەوەی ئاوایی لە تەنیشت ڕێگا چاوم بە پەرەنگ کەوت کە پاڵی بە دارێکی شاتانەوە دابوو. جڵەوی ئەسپەکانمان کێشا و چاکوخۆشیمان لەگەڵ کرد. پەرەنگ گوتی:

- دەمزانی ئەمڕۆ دەڕۆن، هاتووم بۆ دوایین جار چاوم پێتان بکەوێ و ماڵئاواییتان لەگەڵ بکەم.

ئەوەی گوت و فرمێسکی لە چاوان خزانە خوار. بە ناهومێدییەوە درێژەی دا:

- بڵێی نەمرم و جارێکی دی بتانبینمەوە...؟

زانیم مەبەستی منە، گوتم:

- خودا گەورەیە، بەشکم ڕۆژێکی یەکترمان دیتەوە. خودا بەختەوەرت کا.

- تۆ خودا ئاگاتان لە خۆتان بێ. زۆرم خۆش دەوێن. ئێستاش بڕۆن با وەدرەنگێ نەکەون.

تا لە پێچی ڕێگا ئاوا بووین هەر ڕاوەستابوو و چاوی لێدەکردین و دەستی بۆ ڕادەوەشاندین.

پەری گوتی:

- ڕووی سپی بێ، چەند کچێکی لەبەر دڵانە.

***
 

دوای سێ ڕۆژان گەیشتینە شاری «سابڵاخ» کە ئێسا پێی دەڵێن «مەهاباد». سابڵاخ ئەودەم شارۆچکەیەکی خۆش بوو. چۆمێکی بە تەنیشتدا دەهات و باخێکی زۆری هەبوو. لە چۆمەکەمان دا و بە لای چەند بێستاندا ڕەد بووین و چووینە نێو شار. یەکەم جار بوو سابڵاخم دەدی. شوێنی کاروانسەرام پرسی. چەند جێگایان ناو برد و گوتیان کاروانسەرای «کۆسە» لە گشتیان باشترە. بە پرسیار دیتمەوە. کاروانسەراکە لە تەنیشت گۆڕستانیکی زۆر گەورە کە پێیان دەگوت «گۆڕستانی مەلا جامی» لە کۆڵانێکدا بوو. دابەزین. ئەسپەکانیان داکرد و ئالیکیان دەبەر کردن. ئێمەشیان بۆ هۆدەیەکی ڕێنوێنی کرد. هەر ئەو ڕۆژە لە ماڵێکی دیوێکمان بە کرێ گرت و هێندێک شمەک و کەرەستەی نێوماڵمان کڕین و بۆ سبەینەکەی گوێزتمانەوە. ئەو ڕۆژەی کە لە کاروانسەرا بووین بە پەریم گوت دەست بە کاسپی دەکەم. ئەوە بوو کە دوای ماڵ گرتن وەبیر ئەو ناوانە کەوتم کە مەلا عەلی لە کاتی ماڵئاواییدا پێی دابووم، یەکیان ناوی «مەلای بزێنانی» بوو کە پێیان دەگوت «مەلا ڕەشە» و نیشتەجێی سابڵاخ بوو و لە مزگەوتی سەید نیزامدا پێشنوێژیی دەکرد و دەرسی بە فەقێیان دەگوت. چوومە لای و خۆم پێناساند. زۆری حوڕمەت گرتم. مەبەستی خۆم پێگوت. بەڕەحمەتی خودای شاد بێ بە دڵسۆزی و دلۆڤانییەوە بۆ لای بازرگانێک کە ناوی حاجی ڕەسووڵ بوو ڕێنوێنی کردم. حاجی ڕەسووڵم لە شوێنێک کە پێیان دەگوت «کاروانسەرای سیمۆنی» و ناوەندی کڕین و فرۆشتن بوو، دێتەوە. چوومە لای و دوای سڵاو کردن گوتم:

- مام حاجی! مەلای بزێنانی ئەمنی ناردۆتە خزمەتت. ئەمن لەم شارەدا غەریبم و کەس ناناسم، دەمەوێ خەریکی کاسبی بم، دەکرێ ڕێنوێنیم بکەی؟

حاجی ڕەسووڵ بە ڕووخۆشییەوە بە خێرهاتنی کردم و داینیشاندم و بە شاگردەکەی گوت چایەکم بۆ تێکا. لە دوایەدا پردی؟

- چەندت دەزمایە هەیە؟

- سی تمەن.

- زۆر باشە، تا ئێستا کاسپیت کردووە؟

- نەخێر.

- ڕبەنی؟

- نەخێر، تازەم ژن هیناوە.

- پیرۆز بێ. جارێ وەرزی کاسبی نییە، دوامانگی پاییزە، بەڵام بە هیوای خودای کارێکی دەکەین تا بەهارێ سەری خۆت ڕاگری.

- سپاست دەکەم.

حاجی شاگردەکەی کە ناوی «باپیر» بوو، بانگ کرد و گوتی:

- بچوو بۆ لای سۆفی حەسەن و بڵێ حاجی دەیگوت چەندی بیزا هەیە بۆم ڕاگرێ، بشپرسە بایی چەندەیە؟

باپیڕ ڕۆیی و گەڕایەوە گوتی:

- دە خیگەی هەبوو، هەر خیگەی داوای سێ قڕانی دەکرد.

حاجی ڕووی لە من کرد و گوتی:

- سێ تمەنم بدەیە.

سێ تمەنم وێدا و دای بە باپیر و گوتی:

- ها ئەم سێ تمەنەی بۆ بەرە و بە کاک هەمزەی بڵێ بیانهێنێتەوە. سەرێکیش لە دوکانی حەمەکاڕشی بدە بزانە تووتن هەیە؟ بپرسە چەند تای هەیە و بە چەندی دەیدا؟

دوای تاوێک دە خیگە بیزاکەیان هێناوە و حاجی بە منی گوت:

- دوو قڕان هەقی هێنانەوەی بدەیە.

سەرت نەیەشینم هەشت تا تووتنیشی بۆ کڕیم بە نۆ تمەن و شەشە قڕان. هەقی هێنانەوەکەشیم بە جیا دا. حاجی هێندێکیشی کەتیرەی جەبباری بۆ کڕیم و لە دوایە گوتی:

- چەند ڕۆژی دیکە کاروان بەرەو شاری تەورێز دەچێ، لەسەر خودای دەیاننێرین و سوودێکی باشت وە دەست دەکەوێ. دوای حەوتوویەک کاروان ساز بوو. کاروانێکی دوورودرێژ. بازرگانەکان شمەکەی خۆیان بەڕێ کرد. حاجی ڕەسووڵیش بیزا و تووتن و کەتیرەکەی منی لەگەڵ شمەکەکانی خۆی نارد و بۆ هاوکارەکەی لە تەورێز نووسی کە حیسێبی من بە جیا بکا و هێندێک گۆرەوی و سۆڵ و جاو و خامی شینم بۆ بنێرێ. نیزیکەی مانگێکی پێچوو، کاروان گەڕایەوە. ڕاسپاردەکانی حاجی ڕەسووڵیان بۆ هێنابووم. حاجی جێبەجێ بۆی فرۆشتم و لە سەر یەک بیست و دوو تمەنم سوود کردبوو. دراوەکەم لە پێش حاجی دانا و گوتم:

- حاجی ئاغا! وێڕای سپاسێکی زۆر ئەمن ئەم سوودەی لە تۆوە دەزانم، ئێستاش چی لێدەکەی گەردنت ئازا بێ.

حاجی بزەیەکی هاتێ و گوتی:

- حەڵاڵی خۆتە، ئەمن کارێکم نەکردووە. هەتا پێت خۆش بێ دەتوانی لە حوجرەی من بی و لێرە کاسبی بکەی. ئەم دراوەش هەڵگرەوە.

دراوەکەی دامەوە. ئەمنیش دوو تمەنم لێ جیا کردەوە و گوتم:

- دەنا ئیجازە بدە ئەم دوو تمەنەی بدەم بە باپیری.

- خودا خێرت بنووسێ، بەڵام ئەوەندە زۆرە. پێنج قڕانی بدەیەی لێشی زیادە. ئاوا دەست بڵاو مەبە. لە ئێستاوە فێرە ماڵداری بە و بۆ داهاتووت پاشەکەوتێکی پێکەوە نێ.

بیست و یەک تمەن و پێنج قڕانەکەم دە گیرفانی نا و گەڕامەوە ماڵێ و مزگینیم بە پەری دا. پەری زۆری پێخۆش بوو. تا بەهاری ساڵی داهاتوو دوو کاروانی دیکەمان بەڕی کرد و سوودێکی باشم هاتە دەست. بەهار کار و کاسبییەکەم باشتر بوو. ژیانێکی خۆشم ڕادەبوارد. ماڵێکی باشم پێکەوە نابوو. لەگەڵ ژیانی ڕابردوو پێوەندیم پسابوو. بەهاری خۆش بۆن و بەرامی ژیانم دەستی پێکردبوو، بەڵام هیچ بەهارێک درێژ نییە و بەهاری ئێمەش زۆر زوو باڵی گرت و فڕی و جێی خۆی دا بە پاییز، بەڵام چ پاییزێکی بێ بەهار....

چەند مانگ بوو لە سابڵاخمان ڕادەبوارد کە ڕووداوێکی مێژوویی ژیانمانی تێکدا. «سمایل ئاغای شکاک» کە بە «سمکۆ» ناوبانگی دەرکردووە، ئاڵای کوردایەتی هەڵکردبوو و دەیەویست کوردستان ڕزگار بکا. هێزێکی زۆری کۆ کردبۆوە و بەشێکی گەورەی لە کوردستانی ئێران ئازاد کردبوو. لە ساڵی ١٣٠١ دا یەکەم ڕۆژنامەی بە زمانی کوردی لە ئیڕاندا بڵاو کردەوە. ئەو ڕۆژنامەیە لە ورمێ دەردەچوو و مەلا ئەحمەد [محەممەد] تورجانیزادە بەرپرسی بوو. هەر لەو سەردەمەیدا لە دوو شوێنی دیکەی ئێراندا دوو جووڵانەوەی گرینگ دەستی پێکردبوو: یەکیان لە مەڵبەندی «گیلان» و «مازەندەران»، «شوڕشی جەنگەڵ» بە پێشەوایی «میرزا کووچەک خان، ئەوەی دیکەش لە خوزستان،» شۆڕشی گەلی عەڕەب بە سەرکردایەتی «شێخ خەزعەل». تازە «ڕەزاخان» بە پشتیوانی و نەخشەی ئینگلیزییان ببوو بە سەردارسپای ئێران و ئینگلیزییەکان بۆ ئەوەی ڕێگای گەیشتن بە شایەتی بۆ خۆش بکەن بڕیاری کوژاندنەوەی ئەو شۆڕشانەیان دا. شێخ خەزعەل کە پیاوی خۆیان بوو زۆر زوو دەستی لە شۆڕش هەڵگرت و لەگەڵ ڕەزاخان کەوت، بەڵام میرزا کووچەک خان ماوەیەک خۆی ڕاگرت. بە پیلانی ڕەزاخان هێندێک لە هاوڕێیەکانی میرزا کووچەک خان خەیانتیان پێکرد و لە ئاکامدا شۆڕشەکەی کوژاوە. یەکێک لەو کەسانەی خەیانەتی پێکردبوو پیاوێکی کورد بوو بە ناوی «خاڵۆ قوربان» لە عەشیرەتی زەنگەنەی کرماشان. خاڵۆ قربان دوای ئەوە کە دەبێتە هۆی لە نێوچوونی میرزا کووچەک خان، لە ڕەزاخان نیزیک دەبێتەوە و ڕەزاخان بە لشکرێکی گەورەوە دەینێرێتە سەر سمکۆی، بەڵام بەختەوەرانە ناگاتە ئامانجی، و لە نیزیک شاری سابڵاخ لە دەشتی ئیندرقاش بۆ پشوودان چادر هەڵدەدەن و ماوەیەک دەمێننەوە. لەو ماوەیەدا ئەوەی ناپیاوەتی دەبێ بەسەر خەڵکی گوندەکانی ئیندرقاش، قوونقەڵا و دێیەکانی دەوروبەری دێنن. بە کەیفی خۆیان دەکوژن، دەبڕن، ئاگر دەدەن، تاڵان دەکەن، بە دیلیان دەگرن و تا ئەوپەڕی دەڕەندەیی دەچنە پێش. بە هەواڵی هاتنی خاڵۆ قوربان سابڵاخ شڵەژا، خەڵک لە ترسان ماڵ و منداڵی خۆیان ڕاگوێست، ئەمن چوومە خزمەت مەلای بزێنانی و پرسم پێکرد کە چ بکەم؟ ئەویش فەرمووی:

- پێم وا نییە تۆ پیاوی شەڕێ بی و شەڕت پێبکرێ، جا کە وایە وام پێ باشە بۆ ماوەیەک لە سابڵاخ دوور بکەوییەوە.

ئەمنیش دەستی پەریم گرت و بە مەبەستی «هەوشار» سابڵاخم بە جێ هێشت.

مەزنەپیاوانی سابڵاخ کۆ دەبنەوە و پێکەوە گوتوبێژ دەکەن کە لە بەرامبەر هێرشی خاڵۆ قورباندا چ بکەن. لە ئەکامدا بڕیار دەدەن کە بەربەرەکانی لەشکری خاڵۆ قوربان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە لە عەشیرەتەکانی دەوروبەری سابڵاخ بەتایبەتی «دێبوکری» و «مەنگوڕ» یارمەتی وەرگرن. ئەوانیش بە یاریدەیانەوە دێن و هێرش دەبەنە سەر خاڵۆ قوربان. تێکهەڵدەچن. «شەڕ دەکەوێتە قۆپێ». مەنگوڕان لە هەمووان زۆرتر ئازایەتی لە خۆیان نیشان دەدەن. سەرکردەیان پیاوێکی باڵابەرزی چاوکاڵی مووزەرد دەبێ بە ناوی «سوارئاغا». سوارئاغا بە ئازایەتی و لە خۆبوردوویییەکی بێوێنە بە سواری هێرش دەبا و دەچێتە پێش. ئەودەم زۆربەی چەکەکەیان تفەنگی «ڕشۆکی» و «جانبێزار» و «سەرپڕ» دەبێ، بەڵام لەشکری خاڵۆ قوربان چەکی باشتریان پێدەبێ، تەنانەت چەند تۆپی «کەللەیی» شیان دەبێ. کاتێک سوارئاغا و عەشیڕەتی مەنگوڕ وە نێو لەشکری خاڵۆ قورنان دەکەون، خاڵۆ قوربان تەنگی پێهەڵدەچندرێ و لینگ دەداتە سەر تۆپێک. لەودەمەیدا سوارئاغاش تۆپێکی وە چەنگ دەخا و لوولەکەی بەرەو خاڵۆ نیشانە دەگرێ و بە یەکەم گوللە لوولەی تۆپی، خاڵۆ قوربان و تۆپەکەی لەت و کوت دەبن. بە کوژرانی خاڵۆ قوربان لەشکرەکەی تێکدەشکێ و ڕادەکەن و لێک بڵاو دەبنەوە. بە تێکشکانی خاڵۆ، سابڵاخ ئارام بۆوە و خەڵک ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێکردەوە، بەڵام لە کتێبی بەسەرهاتی مندا لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکە هەڵدراوە.

***

هەوا تاریک ببوو. چرایان هەڵکردبوو. ڕەشە هات گوتی:

- چ دەخۆن؟

گوتم:

- چتان هەیە؟

- هێلکە و تەماتە، شۆرباوکفتە، ماست، پەنیر، شیرێژ....

لە دەروێش وەفام پرسی:

- چ دەخۆی؟

لەمێژە کفتەم نەخواردووە.

بە ڕەشەم گوت:

- دوو جێگامان کفتە بۆ بێنە. دۆشت لەبیر نەچێ.

دوای شێو کردن دەروێش وەفا پرسی:

وەڕەز نەبووی؟

- لە چی؟

- لە بیستنی بەسەرهاتی من.

- نەک وەڕەز نەبووم، زۆریشم پێخۆشە تا دواییەکەی بیبیسم.

- جا کە وایە لەسەری دەڕۆم.

دەروێش وەفا چایەکەی خواردەوە و گوتی:

- وەک بۆم گێڕایەوە بە مەبەستی چوونە هەوشار لە سابڵاخ وەدەر کەوتم. ئەسپەکانمان هەر مابوون. بەرەو بۆکان ڕێمان کوتا. بە دوو ڕۆژان گەیشتینە بۆکان. بۆکان ئەودەم گوندێکی چووکە بوو. شەو لە وێندەرێ ماینەوە، سبەینەکەی وەڕی کەوتینەوە، بە ڕۆژێک و دانێکی گەیشتینە گوندێک کە پێیان دەگوت «جامەرد»، گوندێکی یەکجار خۆش و دڵگر بوو، دار و درەختێکی زۆری بوو، بە لاپاڵی تەپکێکەوە ساز کرابوو. دەمویست بچمە لای مەلا «غەفوور»، مەلای ئاوایی کە مەلا عەلی ڕەحمەتی ناوونیشانەکەی پێدابووم. کاتێک گەیشتمە ئەوێندەرێ تووشی پیاوێکی وەرزێڕ بووم. دوای سڵاو کردن نیشانی ماڵە مەلا غەفووریم لێ پرسی. بەداخەوە گوتی:

- شەش مانگ دەبێ ئێرەی بە جێ هێشتووە. چۆتە گوندێکی لای تیکانتەپە، ناوی گوندەکەی نەدەزانی. لە چەند کەسی دیکەشم پرسی هیچ کامیان نەیاندەزانی مەلا غەفوور لە کام شوێنە. بە هیوای دیتنەوەی مەلا غەفوور و دۆزینەوەی جێگایەکی خۆشتر ڕێگامان گرتە بەر. زۆر گەڕاین مەلا غەفوورمان نەدیتەوە. هەر شەوە لە جێیەک و هەر ڕۆژە لە شوێنێک بووین. لە هیچ کوێ ئۆقرمان نەدەگرت. پێمان خۆش بوو هەر بگەڕێین. دەتگوت دەستێکی نادیار بەرەو چارەنووسێکی ڕەش پاڵمان پێوە دەنێ. دوای چەند ڕۆژان ناوچەی هاوشارمان بە جێ هێشت و پێمان دە مەڵبەندی گەرووس نا. لە گەڕان و سووڕان ماندوو ببووین. ویستمان لە گوندێک نیشتەجێ بین. گوندی حوسەیناوامان هەڵبژارد. چوومە لای ئاغا کە ناوی «بارام خان» بوو. داوام لێکرد ڕێگام بدا لە گوندەکەیدا بمێنمەوە. بارام خان چاوێکی لە من کرد و چاوێکی لە پەری کرد و بە کوێخاکەی کە ناوی «کوێخا ڕەحیم» بوو، گوت:

ئەمڕۆ سەید «حەمە» دەڕوا، ماڵەکەی بدە بە ئەمانە.

بارام خان لە تەمەنی چل ساڵیدا بوو. پیاوێکی ڕەشتاڵەی تەنگەزلی بە فیز بوو. کوێخا ڕەحیم پیاوێکی پەنجا ساڵەی کۆک و پۆشتە و بە ڕەواڵەت پاک و خاوێن بوو. وە پێشمان کەوت ماڵەکەمان پێشان بدا. لە قسەکانییەوە زانیم دەبێ زۆر زمان لووس بێ. ماڵەکەی نیشان داین و خێرا چوو ڕاخەرێک و پێخەفێک و هێندێک دەفر و ئامانی بۆ هێناین و تاوێک لە لامان دانیشت و لە پیاوەتی و پیاوچاکیی بارام خان دوا. کوێخا زۆر زیت و وریا و قالب سووک بوو. هێشتا نەڕۆیبوو کە چەند ژن و پیاوی ئاوایی لێمان وە ژوور کەوتن و بە خێرهاتنیان کردین. لە دوایەشدا یەکیان کە ناوی کاک «سەعید» بوو لەگەڵ خێزانی ئێمەیان بردە ماڵە خۆیان. کاک سەعید هاوسێی دیوار بە دیوارمان بوو، پیاوێکی باش بوو. زۆریان بە خێرهاتن کردین و ڕێزیان لێناین. دوای شێو کردن کاک سەعید گوتی:

- ئەوە چۆنە ئێرەتان بۆ دانیشتن هەڵبژاردووە؟

گوتم:

- چارەنووس وا بوو.

- ئەمن خەریکم لێرە دەڕۆم.

- بۆ؟

- جا بڵێم چی، با ماوەیەکی لێرە بێ، هەموو شتێکت لێ ڕوون دەبێتەوە

- ناکرێ پێم بڵێی؟

- بۆ ناکرێ. لە خودای نەبێ لە کەس ناترسێم.

شک هەڵیگرتم، دەبێ مەبەستی کاک سەعید لەو قسانە چ بێ؟

کاک سەعید تاوێک بێدەنگ بوو لە دوایە گوتی:

- ئەم ئاوایییە خێر و بەرەکەتی لێ هەڵگیراوە.

- بۆ؟ لەبەر چی؟

- هەر جێیەک زوڵمی تێدابێ خێر و بەرەکەت ڕووی تێناکا.

- بۆ ئێرە زۆڵمی تێدایە؟

- نازانی بارام خان گورگێکە تای نییە. هەرچی خودا و پێغمبەر پێیان ناخۆشە دەیکا. هەقی ڕەعییەتان نادا. چاوی لە نامووسی ڕەعییەتانە، زمان شڕ، لە ڕدێن سپییان هەڵدەدا، جا بڵێم چ زوڵمێکی ناکا؟ هەمووشی بە دەستی کوێخا ڕەحیم دەکرێ. کوێخا ڕەحیم شەیتانی بەزاندووە.

بە قسەی کاک سەعید دڵم داکەوت: «چاوی لە نامووسی ڕەعییەتانە..» نەکا لەبەر پەری ئەمنی ڕاگرتبێ؟ لە دوایەدا خۆم دڵخۆشی دایەوە و بە خۆم گوت:

جا چی پێدەکرێ؟ خۆ پەری لە من زیاتر کەسی پێ پیاو نییە. ئەمجا ئەگەر زۆرم پێناخۆش بوو لێرە دەڕۆم. بۆ سبەینێ هێندێکم ئارد و ڕۆن و پێخۆر کڕی. بارام خان لە دوای ناردم و گوتی:

- وەفا! زۆرم خۆش لە تۆ هاتووە. وا دیارە کوڕێکی ژێر و تێگەیشتووی. ئەمن میوانم زۆر دێن، پێمخۆشە بێی لە دیوەخانێ چای دانێی.

- بەڵێ چون دەفەرمووی وا دەکەم.

نزیکەی مانگێک لە دیوەخانی بارام خان چاپەزیم کرد. ڕۆژێک پێی گوتم:

- وەفا! سبەینێ زوو بچوو بۆ بیجاڕ هێندێکم شمەک بۆ بکڕە.

- وەک چی بارام خان؟

- دوو دانە قەلیان، دوو جووت گۆرەوی پیاوانە و چوار جووت ژنانە، هێندێک قەند و چا، دەستێکیش کەواوپاتۆڵ بۆخۆت و دەستێکیش جلوبەرگ بۆ خێزانت بکڕە.

- بە چاوان.

شەو بە پەریم گوت کە دەبێ بچمە بیجاڕ. لەو ماوەیەدا هیچم بە بارام خانەوە نەدیبوو، بەڵام دڵم خەرپەی دەدا کە شتێک دەقەومێ. شەو تا درەنگانێکی خەوم لێنەکەوت. شەوەکی ماڵئاواییم لە پەری کرد و بە سواری بەرەو بیجاڕ وەڕێ کەوتم. زۆر دوور نەبوو، بە سواری کەمتر لە دوو سەعاتی خایاند. شمەکەکانم کڕی و نانی نیوەڕۆیەم خوارد و گەڕامەوە، هێشتا مابوو بگەمە گوندەکەمان لە دوور و نزیکی کێوێکی بەرز، دیتم یەکێک لە ماهوزەردێک داگرایە خوار. لە پشت بەردێکی مەزن خۆی حاشار دا. جڵەوی ئەسپەکەم کێشا و بە ئارامی هاتمە پێش. دەستم لەبەر پشتێندم نا وە بیرم هاتەوە کە خەنجەرەکەم لە ماڵێ جێ هێشتووە. بە هیوای خودای هاتمە پێش کە نیزیکتر بوومەوە دیتم کاک سەعید لە پشت بەردەکەی هاتە دەر و بە دەست ئیشاڕەی کردم کە بۆ لای خڕی تەنیشت کێوەکە ڕادەم. چاوم لە دەوروبەرم کرد، کەس دیار نەبوو. کاک سەعید دیسان ئیشاڕەی کردم، لامدا. ئەویش لاپاڵەولاپاڵ کێوەکەی دەور داوە و بەرەو خڕەکە لوور بۆوە. نیگەرانم هاتە بەرچاو، هەر ئاوڕی دەدایەوە و چاوی دەگێڕا و کە لێم نزیک بۆوە سڵاوم لێکرد. سڵاوی ئەستاندمەوە و گوتی:

- لەبەر تۆ هاتوومە ئێرە. مەیەوە بۆ ئاوایی. خێرا بڕۆ و لێرە دوور کەوە، لێت دەگەڕین بتگرن.

واقم وڕ ما. حەبەسام. زۆرم پێ سەیر بوو. پرسیم:

- بۆ، بۆ دوور کەومەوە، کێ لێم دەگەڕێ، چ قەوماوە؟

- بارام خان شکایەتی لێ کردووی. ژاندەرمە چاوڕێتن.

- بۆ پێم ناڵێی چ بووە، بارام خان بۆ شکایەتی کردووە؟

لەبیرتە ڕۆژی هەوەڵ پێم گوتی نەدەبوایە بێیە ئێرە. گوتم بارام خان گورگە. داوێن پیسە، وە دوای نامووسی خەڵک دەکەوێ؟

- دەی جا؟

- دەی چی؟ جارێ بڵێ بزانم لە کوێوە دەگەڕیێەوە؟

- چووبوومە شار. چووم لە بیجاڕ هێندێکم شمەک بۆ بارام خان کڕی، بۆخۆی گوتی بچوو.

- هەر ئەوەیە. بە کەڵەک ئەتۆی بەڕێ کردووە.

- بۆ؟ دڵم تۆقی، زوو هەرچی هەیە بۆم بگێڕەوە.

- سەبرت بێ. هەرچی لەسەر سەبرانە لەسەر خێرانە. ئەمڕۆ بەیانی خێزانم ویستبووی بچێتە سەر کانی، تەماشا دەکا کوێخا ڕەحیم لەبەر دەرکەی ئێوە ڕاوەستاوە. دەنگێ ناکا و خۆی کەلا دەدا و خۆ مات دەکا بزانێ چ باسە. دوای نیو ساعاتێک تەماشا دەکا بارام خان بە سەر و جلی خوێناوییەوە لە ماڵە ئێوە دێتە دەر و بە کوێخا دەڵێ: با بڕۆین خێرا بە.

کە بارام خان و کوێخا ڕەحیم دەڕۆن، هات ئەمنی وە خەبەر هێنا و ئەوەی دیبووی بۆی گێڕامەوە. خۆم پێڕانەگیرا لەگەڵ خێزانم چووینە ماڵە ئێوە، لە پێشدا هەرای یای پەریمان کرد و جوابێک نەبوو کە وە ژوور کەوتین چت بۆ بگێڕمەوە، یای پەری شەڵاڵی خوێن بوو، خەنجەرێکی دەبانیشی لە تەنیشتی کەوتبوو....

بە بیستنی ئەو قسەیە شێت بووم. خۆم لە بارگینەکەم فڕێدا خوار و گوتم:

- دەڵێی چی کاک سەعید! چۆن پەری کوژرا. بارام...

- ئارام بە کاکی خۆم! کارێکە پێش هاتووە و بە قەڵسی و تووڕەیی چ ناکرێ. دەبێ فکرێکی بکەینەوە.

- ئاخر چۆن، چۆن بڕوا بکەم، چۆن شتی وا دەبێ؟

- چارەنووس وا بووە، بەڵام ڕووی دایک و بابی سپی بێ، بەڕاستی دەبێ شانازی پێوە بکەی. گیانی خۆی لە دەست دا، بەڵام نامووسی لە دەست نەدا. ئەگەر جوابی بارام خانی داباوە ئەو پیاوە نەیدەکوشت.

- کاک سەعید چ بکەم؟

- جارێ هیچ مەکە. لێرە دوور کەوە. ئەوەشت بۆ بگێڕمەوە. ئێمە کە ئەو کارەساتەمان دی، دەستمان لە هیچ نەدا و هاتینە دەر. ماوەیەک گێژ بووم. خێزانم قوڕئانی هەڵینا و تووکی لە بارام خان و کوێخا ڕەحیم کرد. نانوچای بەیانیم پێ نەخورا. حەجمینم نەبوو. خۆر کەوتبوو، وەدەر کەوتم چوومە بەر دەرکەی مزگەوت، خەڵک ڕاوەستابوون لەودەمیدا کوێخا ڕەحیم هات گوتی:

دەزانن چ قەوماوە؟ وەفا ژنەکەی کوشتووە و هەڵاتووە، ئێستاش بارام خان پیاوی ناردووە بە ژاندەرمان خەبەر بدەن.

نیو سەعاتێک پێنەچوو ژاندەرمە پێوەربوون. کاخەزێکیان نووسی و قامکی هەمووانیان پێوەنا، نازانم چییان نووسیبوو؟ ئیدی ئەمن ڕانەوەستام، چونکە نەمدەزانی بۆ کوێ چووی، خێزانم ناردە سەر ڕێگای ئەو بەری گوند و بۆخۆشم هاتمە ئێرە تا پێت ڕابگەیەنین نەیەوە نێو ئاوایی....

ئیتر نەمزانی کاک سەعید چی گوت. فرمێسکم بە خوڕ لە چاوان دەهاتە خوار، دەتگوت دنیایان بە سەردا وێران کردووم. لە ژینی خۆم جاڕز ببووم. گوتم:

- خودایە! ئاخر من چم کردووە کە دەبێ ئەوەندە بەدبەختی و چارەڕەشییەی ببینم؟ نازانم چون بوو قسەی فەقێ ئەحمەدم وەبیر هاتەوە کە دەیگوت:

- دنیا بە خەمان پێک نایە. ئەگەر خەم هورووژمی بۆ هێنای لەبەری مەبەزە. بە چەکی هیوا تێکی بشکێنە.

سەرم هەڵێنا. کاک سەعید بە ئارامی بۆم دەگریا. گوتم:

- ماڵت ئاوا بێ، زەحمەتت بۆم کێشا، بەڵام هەر ئێستا دەچمەوە دێ و تۆڵەی پەری لە بارام خان و کوێخا ڕەحیم دەستێنمەوە.

کاک سەعید چاوی زەق بوو گوتی:

- چی، لە سەری داوی؟ دەستت ناگاتە ئەوان، ژاندەرمە ئەنجن ئەنجنت دەکەن. خۆ ژاندەرمە پیاوی هەق و قانوون نین، داردەستی دەربەگ و دەوڵەمەندانن.

- مردن لەو ژیانە باشترە.

- بەڵام گیانت بە فیڕۆ دەچێ و چت پێناکرێ.

- تازە گیانم بۆ چییە؟ هەنووکە دەچمەوە و جا ئەمن دەزانم و ئەوان. قەیدی نییە با بمکوژن.

- دەبێ بە سەر کەلاکی مندا بڕۆی دەنا ناهێڵم.

- دەڵێی چ بکەم؟

- بڕۆ سەری خۆت بە فەتڕات مەدە. با ماوەیەک پێ بچێ، ژیرانە تۆڵەی خۆت بستێنەوە.

ئەو قسەیەی کاک سەعیدم بە دڵ نیشت. خورجێنی پاشتەرکی بارگینەکەم داگرت و دوو قەلیانەکەم وردوخاش کرد و شمەکەکانی دیکەم دا بە کاک سەعید و گوتم:

- ئەوانە بۆ خۆت ببەوە، ئەمن نامەوێ و با بە وە دەست بارام خانیش نەکەون. کاک سەعید گوتی:

- جا مەگیم لە زەندەواڵێکدا بیانشارمەوە و بە شینەیی بیانبەمەوە، چونکە ئێستا دێ شڵەزاوە و دەمبینن.

یەکترمان ڕامووسی و ماڵئاواییم لەگەڵ کرد و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕکێفم لێدا.

دەروێش وەفا دیسان بێدەنگ بوو. سەری لە نێو دوو دەستان گرتبوو و دەگریا و دەتوایەوە. پەیکەرەی نەهاتی بوو. کۆنەکتێبی بەدبەختی و چارەڕەشی بوو. هۆنراوەی بێپسانەوەی خەم بوو. بە خۆم گوت:

- لەم دنیا پان و بەرینەدا بەدبەخت زۆرن، بەڵام لێقەوماوی وەک دەروێش وەفا کەم هەیە.

دەنگی «سێوە» سەرنجی ڕاکێشام. دەتگوت بە چارەڕەشی دەروێش وەفادا هەڵدەڵێ:

- کوڕ دەڵێ یاخوا هەرچی دەبێتە باعیسی دوو دڵان

خێر لە مەنزڵ و ماڵی خۆی نەبینێ.

ئاخری ساڵ ڕەنج بە خەسار بێ.

هەی زاڵم... هەی زاڵم

بەزەییم بە دەروێش وەفادا دەهات. بۆ ئەوەی کە لە گۆمی ڕەشی خەم و پەژارە دەریبێنمەوە گوتم:

چای دەخۆیەوە؟

سەری بە ئارامی هەڵێنا و بە لەپی دەستی فرمێسکەکانی ئەستڕینەوە و گوتی:

- بەڵێ، چیت گوت؟

- گوتم چای دەخۆیەوە؟

- بۆ ناخۆمەوە.

هەرای ڕەشەم کرد دوو چامان بۆ بێنێ. دەروێش ئاوای درێژە پێدا:

- سەری خۆم هەڵگرت و ڕۆییم.

- بۆ کوێ؟

- بۆخۆشم نەمدەزانی. ماوەیەکی زۆر گەڕام. هەستم دەکرد ڕیبواری ڕێگایەکەی دوور و بێ پسانەوەم کە ناچارم بەرەو شوێنێکی نادیار بچمە پێش. لە مەڵبەندەکانی گەڕووس، کەرەفتوو، هۆبەتوو، هەوشار و موکریان دەخولامەوە. لە لای خۆم نەخشەی تۆڵەم دەکێشا. لە مامم، لە بارام خان، لە کوێخا ڕەحیم، بەڵام تان و پۆی بیروڕام لێک دەترازا و هەودای فکرم لێک دەپچڕا و لەسەر نەخشەیەکی ساخ نەدەبوومەوە. زستان بە سەردا هات. لە هەوشار بووم. ڕێگام لە گوندێک کەوت بە ناوی «چراخئەوداڵ». خانەقایەکی لێبوو. خانەقاکە شێخێکی هەبوو بە ناوی شێخ ئەحمەد، پیاوێکی خودایی بوو. سەرگوریشتەی خۆم بۆ گێڕایەوە، دڵخۆشی دامەوە و بە ڕەحمەتی خودای هیوادار کردم. لەگەڵ ئەوەی کە لاوێک بووم زۆری ڕێز لێدەنام. وردەوردە زستانی تووش وەلاچوو و دنیا ژیانێکی نوێی هاتە بەر، بەڵام لە دڵ و گیانی مندا هەر زستان بوو. بە تەما بووم کەمێک ڕێگاوبان خۆش بێ، سەرێکی مەڵبەندی خۆمان بدەمەوە و لە ماممەوە دەست پێبکەم. تازە بە هیوای مڵک و ماڵی باوکم نەبووم. دڵم بە دنیاوە نەبوو تا بیر لە مڵک و ماڵ بکەمەوە. هاتبوومە سەر ئەم بڕوایە کە دنیا بێوەفایە، پووچە، چ ناهێنێ. دەترسام ئەمنیش ببمە خاوەن مڵک و ماڵ و وەک مامم و بارام خان دەست بکەم بە زوڵم و زۆر و پیاوکوشتن، کە ئەوەش لەگەڵ خووخدەی من ڕێک نەدەکەوت. دوایی ڕۆژانی مانگی خاکەلێوە بوو کە وەڕێ کەوتم. لەو ماوەیەدا تاوێک بیرەوەری پەری وازی لێنەدەهێنام، هەر لەگەڵم بوو. خودا دەزانێ چەند لە چۆلگاندا بە یادی وی فرمێسکم هەڵوەراند... پەری کەلێنی بێکەسی و چارەڕەشیی ژیانمی پڕ کردبۆوە. ئێستا کەس نەبوو ئەو کەلێنە بگرێتەوە. هەر لە ڕابردوودا دەژیام. بیرەوەرییەکانی ڕابردوو هەر لەبەر چاوم بوون. جارجارە پەرەنگم دەهاتە بیر... ئاخۆ دەبێ مابێ، دەبێ ئەو چی بەسەر هاتبێ؟ دوای ماوەیەکی گەیشتمە گوندی بەهارە. بە گەیشتنە ئەوێندەرێ دڵم کرایەوە. هەستم کرد لە غەریبایەتی ڕزگار بووم. یەکڕاست چوومە بەر دەرکی مزگەوت و خزمەت مەلا عەلی. مەلا عەلی و فەقێیەکان بە دیتنی من زۆر شاد بوون، بەڵام کاتێک سەرگوریشتەی خۆم بۆ گێڕانەوە خەم دایگرتن. مەلا عەلی زۆری دڵخۆشی دامەوە. چەند ڕۆژێکیان لە لا بووم. دووەم ڕۆژ لەگەڵ فەقێ خالید بۆ پیاسە وەدەر کەوتین. چووینە بەستێنی چومی. لەناکاو چاوم بە پەرەنگ و شاشان و گوڵان کەوت. لە فەقێ خالید دوور کەوتمەوە و بەرەو ئەوان چووم. پەرەنگیش بۆ لای من هات. دیسان خەیاڵ هەڵیگرتمەوە. لەخۆوە پێم وا بوو پەرییە... بەڵام زۆر زوو پەردەی خەیاڵم وەلاچوو و پەرەنگ گوتی:

- فەقێ وەفا بە خێر بیی.

- ڕووت سپی بێ چۆنی؟

- باشم، دۆینێ بیستم هاتووی. هەموو شتێکیشیان بۆ گێڕاومەوە. بۆخۆت خۆش بی.

- سپاست دەکەم. لە کوێت زانیوە؟

- قسە کەوتە زارێکی، دەکەوێتە شارێکی. کەس نییە نەیزانیبێ.

- دەی ئەتۆ چۆنی...؟

- جا بڵێم چۆنم. باشم. لەسەر قەولی خۆم ڕاوەستاوم، هەتا ئەتۆ و ئەو خودا لێخۆشبووە پێک گەیشتن، جا دوایە...

- جا چی؟ شووت کردووە؟

ئاوی لە چاوان گەڕا و گوتی؟

- بەداخەوە درەنگ هاتییەوە. پاییزێ گوێستیانمەوە....

ماوەیەک هەرتکمان بێدەنگ بووین، لە دوایەدا گوتم:

- بەختەوەر بی... پەرەنگ....

- ژیانێکی خۆشت بۆ لە خودای دەخوازم... وەفا...

لە حاڵێکدا دوو تنۆک ئەسرین لە چاوە کاڵەکانییەوە تکانە سەر کوڵمە خڕەکانی، لێک جیا بووینەوە... بۆ هەمیشە... ژیانی خۆم پێ سەیر بوو، چم دی و چم بەسەر هات! لە دوای ڕۆیشتنی پەرەنگ بەخۆم نەبوو تێر گریام. بۆ خۆم، بۆ دڵی خۆم، بۆ ژیانی خۆم... لە خۆم دەپرسی:

- بۆ هاتمە دنیا... بۆ ئەوەندە چەرمەسەرییەم بەسەر هات، بۆ پەری وای لێهات، بۆ لەگەڵ پەرەنگ ئاشنا بووم، بۆ...؟ بۆ...؟

فەقێ خالید هەودای خەیاڵمی پساند و گوتی:

- کاکە زۆری بیر لێ مەکەوە. لەگەڵ چارەنووس چ ناکرێ. ئەتۆ پیاوی، کار لە پیاوان دەقەومێ. دەبێ بە سەر گێر و گرفتەکانی ژیاندا زاڵ بی. هێندە خەم بخۆی خەم لە پێت دەخا. وردت دەکا....

بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە بزەیەکم هاتێ و گوتم:

- سپاس کاک خالید گیان! جا بڵێم چی؟ بەشی منیش ئەوە بوو....

چەند ڕۆژێک لە بەهارە مامەوە و لە دوایە ماڵئاواییم کرد و بە ئامانجی تۆڵە ئەستاندنەوە بەرەو بەرزۆک وەڕی کەوتم.

***
 

بۆ کوشتنی مامم نەخشەم دەکێشا. نەمدەزانی لەو ماوەیەدا لە بەرزۆک چ قەوماوە. لە دوور و نزیکی گوندەکەمان تووشی پیاوێکی بەرزۆکی بووم بە ناوی کاک برزوو. هەر کە ئەمنی ناسییەوە، بۆ لام هات و گوتی:

- کاک وەفا! ئەوە ئەتۆی؟ لەمێژە نەمدیوی، لە کوێی؟

- بۆخۆشم نازانم. چارەنووس ئاوارەی هەندەرانی کردووم.

- خۆت خۆش بی.

پێم سەیر بوو لە کوێی زانیوە پەری نەماوە! گوتم:

- ئەتۆ خۆش بی لە کوێت زانیوە؟

- چم لە کوێ زانیوە؟

- کە پەری نەماوە و سەرەخۆشیم لێدەکەی.

- بۆ یای پەری نەماوە؟

- بەداخەوە نا... ئەدی بۆ سەرەخۆشیم لێدەکەی؟

- کاک بەرزوو هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:

- خودا هەر بۆخۆی دەزانێ چ دەکا. مەبەستی من میناغا و کاک لاوە بوون.

- بۆ.. نەماون؟

- نەتزانیوە؟

- نا...

- نەقڵەکەی دوورە.

- دابەزیم و گوتم:

- پێم خۆشە هەر چییەک قەوماوە بۆم وەگێڕییەوە.

- جا چت بۆ بگێڕمەوە؛ کاک لاوە شەوێکی دەچێتە زگ ژنی عەوڵای خەجیجێ کە تازە گوێزرابۆوە. عەوڵا بەسەریاندا دەچێ و ناکاتە نامەردی هەردووکیان وەبەر خەنجەران دەدا ە ڕادەکا. ئێستاش نەیاندیوەتەوە. ژنی لاوەش چۆوە ماڵە باوکی و ڕانەوەستا و شووی بە برزووخانی کوڕی قادراغای کرد.

- ئەدی منداڵیان نەبوو؟

- شوکور وجاخیان کوێر بوو.

- ئەدی میناغا؟

- میناغاش نەخۆشییەکی گرت باڵندەی ئاسمان بۆی دەگریان. هەموو گیانی زنجکاوی دەرکردبوو. سێ مانگی ڕەبەق لە جێدا ناڵاندی. ئاخری عومری درێژی بۆ تۆ بە جێ هێشت.

- ئەدی ئامۆژنم؟

- ئەویش چۆوە ماڵە براکەی. بە کورتی ئەو بنەماڵەیە تەرت و تونا بوون. دەزانی چەندیان زوڵم کرد؟ سەد ڕەحمەت لە گۆڕی بێ هەر کاکە سواری باوکتیان پیاو تێدابوو، تا ژیا کەس دڵی لێی نەئێشا. ئەویش خودا دەزانێ دەڵێن بە دەستی مامت لەنێو چوو.

کاتێک لە کاک برزوو جیا بوومەوە، سەرم هەڵینا و گوتم:

- خودایە هەر ئەتۆی کە هەقان دەدەی، هەقان دەستێنی، شوکر نەمردم و نەمانی مامم دی.

***
 

کاتێک لە کاک مەندەی نیزیک بوومەوە. حەبەسا، سڵاو و ماندوونەبوونیم لێکرد و گوتی:

- کاک وەفا ئەوە خۆتی، لە کوێی، ڕۆیشتی و هەواڵت لێبڕا؟

- بەسەرهاتی من دوورە...

- دەزانی...

- بەڵێ کاک برزوو هەموو شتێکی بۆ گێڕامەوە....

- ڕاستە گوتویانە «هەر زاڵمەی زەواڵێکی هەیە». خۆ دیتت چۆن خودا تۆڵەی لە مامت و بنەماڵەکەی ئەستاندەوە؟ کوێخا عەزیزیش کە بەو دەردەی چوو.

- ئێستا بەرزۆک ئی کێیە؟

- ئەگەر لەبیرت بێ مامت سێ دانگی سەرخوێن دا بە برایم ئاغا.

- دەی؟

- دوای مامت، برایم ئاغا سێ دانگەکەی دیکەشی داگیر کرد. ئەویش لەسەر وەستایە، هەر بینا ئەمڕۆ و سبەی پشتی تێکرد.

- دەی براژنە زێڕن چۆنە؟

- خودات لێ ڕازی بێ باشە. هەر بۆ ئێوە دەگری. کوڕێکمان بووە بە یادی تۆ ناومان نا وەفا.

- بە دایک و باوک گەورە بێ.

- دەی ئەدی یای پەری بۆ وای بەسەر هات.

سەرم بەردایەوە و هیچم نەگوت. مەندە پێی سەیر بوو، لێم خورد بۆوە و گوتی:

- چۆن بووە؟ برزوو هەر ئەوەندەی بۆ گێڕامەوە کە نەماوە.

بەسەرهاتی خۆم و پەریم بۆ گێڕاوە. خەم دایگرت و گوتی:

- خۆت خۆش بی. چارەنووسە. لەگەڵ کاری خودا چ ناکرێ.

- ڕاستە... ئێستاش هاتبووم تۆڵەی لە مامم بستێنمەوە.

- خودا تۆڵەی لێ ئەستاندەوە، دەی ئێستا دەتەوێ چ بکەی؟

- دەگەڕێمەوە زگ بارام خان و کوێخا ڕەحیمی. وای ناخۆن.

- باشە دەبێ ماوەیەکمان لە لا بی.

***
 

سێ ڕۆژان لە بەرزۆک مامەوە. خەڵکی ئاوایی بە ورد و درشتەوە دەهاتن بۆ لام و سەرەخۆشییان لێدەکردم. هەستم دەکرد بە دڵ بۆم پەرۆشن. دوای سێ ڕۆژان بەرزۆکم بە جێ هێشت، بەرەو گەڕووس وەڕێ کەوتمەوە. مەندە هەتا دەرەوەی ئاوایی لەگەڵم هات. لە سەر تەپکی کەما ماوەیەک ڕاوەستام و بیرەوەرییەکانی زەمانی منداڵی خۆم و پەریم بە بەر چاودا دەهاتن و دەڕۆیین. بەسەرهاتی خۆم پێ سەیر بوو. ڕۆژگەلی خۆشی ژیانم هەر ئەودەمەی بوو کە منداڵ بووم و دەچوومە بەر گوێلکان و پەری تێشووی بۆ دێنام و ماوەیەک لە لام دەمایەوە. نەمدەزانی خەم ڕێگای بە کوێدایە؟

وەڕێ کەوتم. هەر ڕۆژ لە شوێنێک بووم تەنیا هۆی مانم تۆڵە لە بارام خان و کوێخا ڕەحیم بوو، بەڵام وەک یەکێک لە دەروونمدا بڵێ پەلەی مەکە، لە کاری خۆمدا سست دەبوومەوە. ڕۆژێک لە ناوچەی سەرشیوی سەقز بووم، دیتم لە گۆڕایییەک دۆم چادریان هەڵداوە، بۆ لایان چووم، ڕێزیان لێنام. دانیشتم چایەکەم لە لایان خواردەوە. یەکیان خەریکی ساز کردنی چەقۆ بوو، گوتم:

ئەدی کاکە! خەنجەران ساز ناکەی؟

- گوتی نا، بەڵام ئەگەر خەنجەرت پێویستە یەکی باشم هەیە.

- دەکرێ بیبینم؟

- بۆ ناکرێ.

ئەوەی گوت و هەرای خێزانی کرد:

- هۆی ناسکێ! دا خەنجەرە دەبانەکەم بۆ بێنە.

خەنجەرێکی دەبانی جەوهەرداری جوان بوو. بە مەبەستی کوشتنی بارام خان و کوێخا ڕەحیم لێم کڕی و ماڵئاواییم لێکردن و وەڕێ کەوتمەوە. بە ناوچەی خوڕخوڕە و هۆبەتوو و تیکانتەپەدا بەرەو گەڕووس ڕۆیشتم. لە دوور و نزیکی حوسێنئاوا کابرایەک لە جۆخینێ خەریکی گێرە بوو، ماندوونەبوونیم لێکرد. وڵامی دامەوە و لێم خورد بۆوە و گوتی:

- ئەتۆ کاک وەفا نی؟

- با. ئەدی ئەتۆ کێی؟

- ئەمن جافرم. خەڵکی حوسێنئاوام. نامناسییەوە؟

- ناواڵڵا. ئەوەندەم چەرمەسەری بەسەر هاتووە، وەختا ناوی خۆشم لەبیر بچێتەوە.

- هەقتە. بەڵام کار نییە خوا خاسی نەکا، بار نییە خوا ڕاسی نەکا.

تاوێک لە لای ڕاوەستام، گوتی:

- دەزانی بارام خان و کوێخا ڕەحیم چییان بەسەر هات؟

- نا...

- دەڵێن سەگی هار چل شەوی عەمرە، خودا وای تۆڵە لێ ئەستاندنەوە کە عالەمیان پێ تەنبێ بوو.

- چۆن؟

- ڕۆژێک خەڵک تەماشا دەکەن ئەسپەکەی بارام خان بێسوار دەگەڕێتەوە بۆ حوسێنئاوا. پێیان سەیر دەبێ. وە شوێنی دەکەون. ئێوارەیەکی درەنگ دەبێ، تەماشا دەکەن جەندەکی لە خوێندا شەڵاڵ بووە. دەیانگوت سی و دوو خەنجەری لێ درابوو. کەلاکەکەی دێننەوە. ئێستاش کەس نەیزانی کێ کوشتوویەتی و لەسەر چی کوژراوە. خودا دەزانێ، بەڵام ئەوەندەی دەزانم لەسەر کاری چاک نەکوژرا. کوێخا ڕەحیمیش گول بووە. لە دێ وەدەریان ناوە، لە سەر تەپکێکی قەراخ ئاوایی چاوەیەکی بۆخۆی ساز کردووە، ئێستا خەڵک خێری پێدەکەن هەر خودا... خودا....

سەرم هەڵێنا و گوتم:

خودایە شوکرت. نەتویست دەستم بە خوێنی هیچ کامیان سوور بێ. لەدوایە گوتم:

- کاک جافر چت لێ بشارمەوە، گەڕابوومەوە هەردووکیان بکووژم.

- هەقت بوو. گشت کەس دەیزانی کە یای پەری بە دەستی بارام خانی کوژرا. خودا لێی خۆش بێ. هەموو دەڵین: گیانی لە دەست دا، بەڵام نامووسی لە دەست نەدا.

- ئەدی کاک سەعید چ دەکا؟

- کاک سەعید دوای ڕۆینی تۆ لە حوسێنئاوا بەند نەبوو، تێکییەوە پێچا و بەرەو هەوشار کۆچی کرد.

لەو قسانەدا بووین کە سوارێک لە دوورەوە بە شێنەیی پەیدا بوو. کاک جافر گوتی:

- هات، ئەوە کوێخا ڕەحیمە... دێتە سەر جۆخینی بۆ خەرمان لۆغەی. دڵم وەکوتە کەوت. دەستم لە سەر خەنجەرەکەم دانا و گوتم:

- ئێستا کەلاکی دەخەم.

کاک جافر گوتی:

- خۆ نا بمێنێ باشترە. بۆتە پەندی عالەمێ.

کوێخا ڕەحیم نیزیک بۆوە و سڵاوی کرد و گوتی:

- خەرمان بەرەکەت.

کاک جافر وەڵامی دایەوە:

- خێر و بەرەکەت.

ئەمن پشتم تێکردبوو کە نەوەک بمناسێ و بگەڕێتەوە. لەو دەمەدا بە توندی وەرگەڕامەوە و ڕووم تێکرد و گوتم:

- کوێخا ڕەحیم...

- بەڵێ... بەڵێ... کاک وەفا... بۆخۆمم... هەرچی بەسەرم هاتووە هەقی خۆمە....

گوتم:

- دەزانی هاتبوومەوە ئەتۆش و بارام خانیش بە قوربانی ئەم خەنجەرە بکەم؟

- هەقتە کاک وەفا! ئێستاش پیاوی چاک بە بمکوژە و لەم ژیانە ڕزگارم کە ڕۆژێ سەد جار ئاوات بە مەرگ دەخوازم.

- خۆ نا... ناتکوژم. دەبێ بەو دەردەوە جارێ بژی. دەبێ خەڵک لێت فێر بن کە ئاکامی زوڵم کردن و ماڵە خەڵک وێران کردن چییە؟

- ئەمن پیاوێکی خراپ بووم. هەر چییەکی پێم بڵێی، هەر چییەکی لێم بکەی هێشتا کەمە.

- جا چت پێ بڵێم، چت لێبکەم؟

سەری بەردایەوە و هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:

- بێزم لێدەکەی، دەنا خۆم دەهاویشتە سەر پێڵاوەکانت و دەمگوت گەردنم ئازاد کە....

ئەمن گەردنت ئازاد کەم؟ ئازادیشم کرد لە پەری چۆن گەردن ئازادی دەخوازی؟

کوێخا ڕەحیم دەستی کرد بە گریان، بە کوڵ دەگریا... بە تەواوی ڕق و قینێکی لێم بوو بەزەییم پێیدا هات. ئەو کوێخا ڕەحیمەی جاران نەبوو. ئێستا مرۆڤێکی داماوی چارەڕەشی لێقەوماوی بێزراو بوو....

***
 

شەو درەنگ ببوو. حەسەن زیرەک بە دەنگی کەموێنەی خۆی ئەم هۆزانەی مامۆستا هەردی دهگوت:

لە تاریکی شەوی ژینا دەنێم هەنگاوی کوێرانە

نیە دەستێ دەرم بێنێ لەنێو ئەم گۆڕە وێرانە

خاوەن چایخانەکە نەیهێشت گۆرانییەکە تەواو بێ، کوژاندییەوە هات بۆ لامان و گوتی:

- وا دیارە قسەکانتان زۆر خۆشە و خەوتان نایە.

بەو وتەیە دنیای خەیاڵاوی دەروێش وەفای شێواند. دەروێش بە ئارامی چاوێکی لێکرد و گوتی:

- با دەخەوین و دوایی قسەکانمان بۆ بەیانی ڕادەگرین.

***
 

بەیانی، تاو و ساوێکی خۆش، لێرەوارێکی دڵڕفێن، دەنگی خەمڕەوێنی مەلانی لێڕ، شنەی شەماڵی بەهاری، ئەو مەڵبەندەیان بە وێنەی بەهەشت دەرهێنابوو. گۆرانی بە دوای گۆرانیدا بڵاو دەبۆوە. نانوچامان خوارد و چاوم لە دەروێش وەفا بڕی. زانی مەبەستم چییە گوتی:

- وا دیارە چاوەڕێی پاشماوەی بەسەرهاتەکەمی.

- بەڵێ زۆرم پێخۆشە گوێم لێبێ.

بزەیەکی هاتێ و گوتی:

- مەڵبەندی گەڕووسم بە جێ هێشت، نەمدەزانی بۆ کوێ دەچم. چەند ساڵان گەڕام، تەواوی کوردستانم لە ژێر پێ نا. ڕۆژێک سەرم لە چراغئەدواڵ دەرهێناوە. چوومە خزمەتی شێخ ئەحمەد. بەسەرهاتی مامم و لاوە و بارام خان و کوێخا ڕەحیمم بۆ گێڕاوە. فەرمووی:

- هەر دەبێ خودا خۆی هەقیان بکە. خودا خۆشی ویستووی کە دەستت بە خوێنی هیچ کامیان سوور نەبووە.

لە هیچ کوێ دڵم ئۆقری نەدەگرت. نازانم چۆن توانیم دوو ڕۆژان لە چراغئەوداڵ گیر بم. ئەوێشم بە جێ هێشت. بەرەو موکریان وەڕێ کەوتم. لە ناوچەی ئاختاچی سابڵاخ گەیشتمە گوندێکی یەکجار خۆش بە ناوی سونجاخ. چومێکی ڕوونی بە تەنیشتدا دەهات. لە چۆمەکەی بارگینەکەم ئاو دا و خەریکی دەموچاو شوردن بووم کە یەکیک لە پشتەوە گوتی:

- کاکە بە خێر بێی. وا دیارە لە ڕێگەیەکی دوورەوە هاتووی و ماندووی.

ئاوڕم دایەوە. پیاوێکی نوورانی و سەروڕووخۆشی پاک و خاوێن بوو.

سپاسم کرد و گوتم:

- بەڵێ لە لای گەڕووس و هەوشارەوە دێم.

- بۆ کوێ دەچی؟

- بۆخۆشم نازانم. هێچ کوێم نییە.

لێم خورد بۆوە و گوتی:

- جارێ با بچینە ماڵێ، بۆ دوایەش خودا گەورەیە.

بە یەکەوە چووینەوە، هۆدەیەکی گەورە بوو. چەند دەفە و کەشکۆڵ هەڵاوەسرابوو و چەند وێنەی پیاوچاکان و چەند نووسراوەی عاریفانە بە دیوارەوە بوو.

زانیم دەبێ خانەقا بێ. پیاوەکە کە لە دوایەدا زانیم شێخ «جەسیم»ە، زۆری حوڕمەت لێنام. چەند کەس لەبەر دەستان دەهاتن و دەچوون. فەرمووی:

- ناوت چییە؟

- وەفا...

- خەمبارم دێیە بەرچاو.

- بەسەرهاتی من دوورودرێژە.

- ئەگەر پێت خۆشە بۆم بگێڕەوە، بەشکم بارت لێ کەم کەمەوە.

ئەوەی بەسەرم هاتبوو بۆ شێخ جەسیمم گێڕاوە. فەرمووی:

- ژیان هەر ناخۆشی نییە. خۆشیشی تێدایە. شەو هەیە، ڕۆژیش هەیە. ئێستا ئەتۆ وەک بابردەڵەیەکی کە با بۆ هەموو لایەکت دەبا، بەڵام ئەگەر ڕیشە لە جێیەک داکووتی شین دەبی، هەڵدەدی، لق و پۆ دەردەکەی، چرۆ دەکەی، بەر دێنی، خەڵک لە سیبەرتدا دەحەسێنەوە.

ئەودەم لە قسەکانی شێخ جەسیمی هیچ تێنەگەیشتم، لەگەڵ ئەوەش قسەکانیم پێخۆش بوو. سێبوورییان پێدەدام، ئارامیان دەکردمەوە. بە قسەکانی نوورێکم لە دڵ و گیانیدا دەگەڕا، پێم خۆش بوون، بەڵام نەمدەزانی بۆ؟

لە دوایە ڕووی لە پیاوێک کە لەوێ دانیشتبوو کرد و فەرمووی:

- دەروێش کەریم! بۆ ئەوەی وەفا خەمەکەی لەبیر بچێتەوە، ئەمشۆ بەزمێکی ساز دەکەین. بە بەرادەران بڵێ ئەمشۆ دەبێ لە جاران گەرمتری کەن.

- بە چاوان.

شەو کۆڕیان بەست و زکریان کرد، ڕخسیان کێشا. دەنگی دەفە و گۆرانیی دەروێشانە بەرز بۆوە. وردەوردە دەستیان کرد بە زەرگ وەشاندن، ئاور خواردن، شووشە کرۆشتن و بەرد قووتدان. خەمێکی کە هەرگیز بە جێی نەدەهێشتم، تۆزیشی دیار نەبوو. هەستم کرد سووک بووم، خاو بوومەوە. لە دەریایەکی پان و بەریندا مەلەم دەکرد، بینەم دەکێشا. دنیایەکی دیکەم دەدی، دنیایەکی نائاشنا، بەڵام خۆش و ئارامیدەر، وەک خەونێکی خۆش....

بەزمەکە تەواو بوو. شێخ جەسیم بە دەنگێکی خۆش و بە هەوایەکی دەروێشانە دەفەکەی بە دەستەوە گرت و ئەم شێعرانەی خوێندەوە:

مەی زۆر و زەوەندە وەرە گەر بادەپەرەستی

مەیلانە جمەی دێ وەرە تۆش فێر ببە مەستی

مەستی ئەمەیە تووڕی بدەی بیری ژیانت

جا هێندە بنۆشی نەتوانی کە هەڵەستی

بۆ چۆڕە شەڕابێ مەگەڕێ دەرکە بە دەرکە

مەیگێڕێ وەبینە بنێ پەنجانی لە دەستی

بڕوانە بزە و ڕەوت و وتە و ڕوانینی مەیگێڕ

چاوت بکەوە، ورد بەوە جا هەست بکە هەستی

داوێنی لە دەس بەرمەدە و خۆتی فیدا کە

تا ڕادەیەکی بادە دەگاتە بنی خەستی

ئەستێرە وەلا نێ دەخوشێ ون دەبێ دەڕوا

سەد خۆزگە بە وانە کە دەبن مەستی ئەلەستی

مەستانە بژی، لێرە هەموو مەستن و سەرخۆش

بێ بادە مەڕۆ چونکە لە هەورازێ دەوەستی

گوێ بگرە لە هاوار و لە هووهوو و لە هەوهەو

دەس هەڵگرە بەسیەتی ئیدی مەستی بە قەستی

ئەو شێعرانە و دەنگی ئاسمانیی شێخ جەسیم سەیر کاریان تێدا کردم. دەرکەی باخێکی پڕ گوڵیان بۆ کردمەوە. مەستیان کردم، بەڵام نەمدەزانی چییە، بۆ مەست بووم؟ ئەو عالەمە دەبێ چ بێ کە ئەو دەروێشانە بەبێ ئەوە کە چاوەنواڕییەکیان بێ خۆی بۆ دەکوتن؟ بۆ ئەمن ناتوانم دەرزییەکی لە خۆم ڕاکەم یا دەست لە ئاور بدەم، بەڵام ئەوان دەیان زەرگ لە لەشی خۆیان ڕوو دەکەن و ئاور وەک نوقل و نەبات دەخۆن؟ شەو تا درەنگانێکی خەوم لێ نەکەوت، کاتێکیش خەوتم هەر خەونم بە دەروێشان و پیاوچاکانەوە دەدی. لە خەونمدا شێخ جەسیم دەستی گرتم و بە یەکەوە بە سەر دەریایەکی بێ بەستێندا ڕۆیشتین، بێ ئەوەی تێکەوین و بخنکێین. لە دوور ئادەیەکی پێشان دام پڕ لە دار و دەوەنی سەرسەوز و پڕ گوڵ و گیا. مەڵبەندی ئاوا خۆشم لە تەمەنی خۆمدا نەدیبوو. شێخ جەسیم فەرمووی:

- پێت خۆشە بچینە نێو ئەو ئادەیە؟

گوتم:

- بەڵێ.

فەرمووی:

- جارێ زووە ئەویش دەبینی...

لە خەو ڕاپەڕیم، خەوم لێ نەکەوتەوە. بەیانی خەونەکەم بۆ شێخ جەسیم گێڕاوە. بزەیەکی هاتێ و فەرمووی:

- پیاو هەموو جێگەیەک دەکا، بەڵام دەبێ شارەزای ڕێگا بێ.

تێنەگەیشتم مەبەستی چییە، بەڵام هەستم دەکرد شتێک دەزانێ کە ئەمن نازانم. پێم خۆش بوو بزانم. وەک کەسێک دەچووم کە شتێکی ون کردووە، بەڵام نازانێ چییە. شێخ جەسیم پرسیارەکەمی لە چاوانم خوێندەوە و فەرمووی:

- دەتەوێ هەموو شت بزانی؟

- بەڵێ...

- جا هەوڵ بدە. لەسەر من ڕێگا پێشاندانە و لەسەر تۆش ڕیگا بڕین.

لە سونجاخ مامەوە. شێخ جەسیم وێڕای ئەوە کە دەرسی پێدەگوتم، دنیای عیرفانیشی پێ ناساندم. هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی بێ.

***
 

چایەکمان خواردەوە و دەروێش گوتی:

- لە ڕاستیدا شێخ جەسیم ئەمنی لە سەرگەردانی ڕزگار کرد.

دوای ئیستێک گوتی:

- ئەوینێکی گەورەتر و پیرۆزتر و پاکتر هاتە نێو دڵمەوە. ئەوین هۆی ژیان و هۆی مانە. هەر کەس ئەوینێکی هەیە. هەر چەند ئەم ئەوینە تەواوی گیان و دڵمی داگیر کردووە، بەڵام بیرەوەری سەردەمی ژیانم و بەتایبەتی بیرەوەری پەری هەر لەگەڵمە....

***
 

کاتێک لەگەڵ دەروێش ماڵئاواییمان دەکرد، گوتی:

- دەتەوێ چ بکەی؟

- یەکەم کار نووسینەوەی سەرگوریشتەی تۆیە. خودا یار بێ دەیکەمە کتێب.

بزەیەکی ڕەزامەندی هاتە سەر لێوە ژاکاوەکانی و گوتی:

- خودا یارت بێ...

کە لێی جیا بوومەوە، دەنگی دڵنشینی شوان پەروەر بڵاو دەبۆوە:

من بیریا تە کریە

باوەڕ کە بیریا تە کریە

بپرسە ژ ڕەنگێ بوهارێ

بپرسە ژ گولێن وێ دارێ

من بیریا تە کریە

باوەڕ کە بیریا تە کریە

...............