II

لە کتێبی:
دەروێش
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 47 خولەک  1659 بینین

نزیک نیوەشەو بوو کە کاک عەزیز و کاک حوسێن ماڵاوایییان کرد و ئێمەیان جێ هێشت. ئەمن مامەوە و دەروێش وەفا. پێم خۆش بوو گوێم لە ماوەی بەسەرهاتی بێ، بەڵام شەو درەنگ بوو....

بەیانی هەر لە سەر سەکۆی بەر چایخانە نانوچامان خوارد و لە هەوای فێنکی مەڵبەندی زەمزیراندا گوێم بۆ دواماوەی چیرۆکی ژیانی دەروێش شل کرد. دەروێش ئاوای دەست پێکردەوە:

- تەپکی «کەما» م بە تەواوی بیرەوەرییەکانەوە بە جێ هیشت و بەرەو گوندی بەهارە گەڕامەوە. هەزاران بیری بیر لێ نەکراو مێشکیان ئاڵۆز کردبووم. من و ئەوەندە چەرمەسەری و نەهاتی؟ نە مڵک و ماڵی باوکم وە دەست کەوتبوو، نە پەریم پێگەیشتبوو. ئاوارە و سەرگەردان، تەنیا و بێکەس مابوومەوە، بەڵام دەستم لە هیوا بەرنەدابوو. لە بەهارە، ژیانی ئاسایی خۆم دەست پێکردەوە. مامۆستا و فەقێیەکان زۆرم لەگەڵ باش بوون. دەرسیان پێدەگوتم. شتیان فێر دەکردم، بەڵام ئەمن خەمێکی گەورە و گران هەست و بیر و گیانمی داگیر کردبوو. دەسووچام و دەساچام. تا لە ڕۆژی هەینی نیزیکتر دەبوومەوە، زۆرتر دەتوامەوە. خەو و خواردنم لێ حەرام ببوو. لە خۆم دەپرسی:

- ئاخۆ چۆن دەبێ؟ ئەگەر مارەیان کرد کاری من دژوارتر دەبێ، ئەودەم بێم و هەڵیگرم بە هیچ چەشنێک مەسڵەتم لەگەڵ ناکەن. جا چم هەیە لەبەر خوێنی بدەم؟

کاتێک تەمی ناهومێدی دەهات بە سەرمدا زاڵ بێ، پەنام بۆ خودای دەبرد، یاریدەیم لێ دەخواست، جا ئارام دەبوومەوە و نووری هیوا لە ئاسمانی تاریکی دڵ و گیانمدا پەیدا دەبوو، بەڵام ڕۆژی هەینیم هەر لەبەر چاو بوو. ئێوارەی پێنجشەممۆ لەگەڵ فەقێ ئەحمەد پیاسەمان دەکرد کە فەقێ خالید لە دوورەوە هەرای کردم:

- هۆی فەقێ وەفا! وەرە میوانت هاتووە.

دڵم داخورپا. میوان دەبێ کێ بێ؟ خۆ لە مەندە زیاتر کەس بە جێ و شوێنی من نازانێ. ئەویش قەرارە دە پازدە ڕۆژی دی بێ. ئەدی ئەوە کێیە هاتووە؟ لەگەڵ فەقێ ئەحمەد گەڕاینەوە. لە فەقێ خالیدم پرسی:

- کێ هاتووە؟

- کوڕێکە ناوی مەندەیە.

- مەندە؟ خێرە ئیشاڵڵا. قەرار نەبوو بەم زووانە بێ.

- ئیشاڵڵا خێر دەبێ. شتیشی بۆ هێناوی.

- شت...؟ چی؟

- مریشکێک و کیتەڵەماستێک و هێلکە و کولێرەچەرە و... خودا ناردوویە....

کە هاتمەوە لە دوورەوە مەندەم دی کە لەبەر دەرکی مزگەوت لەگەڵ مامۆستا و چەند کەسی دیکە قسەیان دەکرد، کە لێی نیزیک بوومەوە و چاوی بە من کەوت بە بزەوە بۆ لام هات و لە حاڵێکدا ماچی دەکردم گوتی:

- مزگینیم بۆ هێناوی.

- مزگێنی چی؟

- مارە کردنی پەری وەدوایە کەوت. حەمەدئاغای باوکی مەناف ئاغای ئەتۆ سڵامەت.

- دەی جا...؟

- دەی دەی، جارێ لەبەر پرسە و سەرەخۆشی مارەکردن یەک دوو مانگ وەدوایە دەکەوێ، لە دوایەش خودا گەورەیە. جارێ جێی قسان نییە، لە دوایە لێی دەدوێین.

هاتینەوە بۆ حوجرەی. مامۆستا و فەقێیەکانیش هاتن. مەندە گوتی:

- دایکم گەلێکی لێ دەپرسی. ئەم شتانەشی بۆ ناردووی.

- خودا ڕاوەستاوی کا. خۆ شکور باشە؟ ڕازی بەو زەحمەتەش نەبووم.

- زەحمەت نییە. بە پەلە بووم هەر ئەوەندەم پێدەهات. ئیشاڵڵا جارێکی دی تۆڵەی دەکەمەوە.

کاتێک ئەوەی گوت فەقێیەکان بزەیان هاتێ. چامان خواردەوە و لەگەڵ مەندەی وەدەر کەوتین، گوتم:

- دەی مەندە گیان! قسەم بۆ بکە.

- جا بڵیم چی؟ زێڕنم ناردە لای پەری. پێی گوتبوو کە ئەتۆ لە کوێی و هاتووی چاوت بە من کەوتووە. پەری زۆری پێخۆش بوو. دۆینێکەش دیسان ناردمەوە و گوتم پێی بڵێ ئەمن دەچم بۆ لای کاک وەفا، ئەگەر کارێکی هەیە بیڵێ. پەریش گوتبووی سڵاوی منی پێبگەیەنێ و بڵێ جارێ خۆی لە بەرزۆک نیزیک نەکاتەوە، سەری بە فیڕۆ دەچێ. چاوەڕێ بێ هەتا خۆم وڵامی بۆ دەنێرم. گوتبووشی دڵنیا بێ دەستی مەنافەگنەم وێناکەوێ، ئەگەر پێویست بێ دەیکوژم و خۆم ڕزگار دەکەم.

شەوەکی مەندە گەڕایەوە. ڕۆیشت و دیسان ئەمن مامەوە و دنیایەک فکر و خەیاڵ. ئەمن مامەوە و دەریایەک خەم و پەژارە. لە حوجرەی فەقێیان بە دەرس خویندن ڕامدەبوارد. هەرچی پێیان دەگوتم فێری دەبووم. فەقێیەکان بەتایبەتی فەقێ ئەحمەد زۆرم پێوە ماندوو بوو. وێکڕا دەیانگوت نابێ دەست لە خویندن هەڵگرم. فەقێ ئەحمەد شێعری خۆش خۆشی بۆ دەخوێندمەوە و فێری دەکردم. مامۆستاش پەندی دەدام و ڕێ و شوێنی ژیانی نیشان دەدام، ئەمنیش قسەکانیم لە گوێ دەگرت. دەیگوت:

- هەمیشە هیوات بە خودای بێ. لە ژیاندا هەر گیر و گرفتێکت بۆ پێش هات بەدڵ هاواری خودا بکە سەردەکەوێ. قسەکانی مامۆستا تەمی پەژارەی وەلادەبردم. هیوامی بە داهاتوو پتەوتر دەکرد. ڕۆژ بە دوای ڕۆژدا تێدەپەڕی، بەڵام بۆ من هەر ڕۆژەێ ساڵیک بوو.

چایەکمان خواردەوە. دەروێش بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو. بیستنی بەسەرهاتی دەروێش وەفا، جێشتانگای خۆشی زمزیران، تاو و ساوی دڵنشین، سروەی گیانپەروەر و جریوە و جووکەی مەلانی لیڕەوار دەستیان دایە دەستی یەک و بۆ ماوەیەکی کورت ئەمنیان بردە دنیای خەیاڵەوە. لە ژیانی هەموو کەسدا ئەوین نەخشیکی گرینگی هەیە. دەتڕووخێنێ، سازت دەکاتەوە، ناهومێدت دەکا، هیوات پێدەداتەوە، دەتخاتە ناخی جەهەننەم، دەتباتەوە بەهەشت. هۆزانی هۆزانوانی گەورەی فارس «حافزی شیرازی» م وەبیر هاتەوە کە دەڵێ:

یک قصە بیش نیست سخن عشق و این عجبفارسی

از هر زبان کە می‌شنوم نامکرر استفارسی

واتا قسەی ئەوین تەنیا چیرۆکێکە، بەڵام سەیر لەمەدایە لە هەر کەس کە دەیبیسم دووپات نابێتەوە. مەم و زین، خەج و سیامەند، لەیلی و مەجنوون، ڕومئۆ و ژوولێت، سامسۆن و دەلیلە، ئەستێر و مەردخای، ئەسڵی و کەرەم، و... و... هەموو چیرۆکی ئەوینداری و دڵدارین کە لە نێو فۆلکلۆری گەلانی دنیادا ناوبانگیان دەرکردووە، بەڵام هەر کام بە چەشنێک باسی ئەوین و ئەوینداری دەکەن. چیرۆکی بەسەرهاتی دەروێش وەفاش هەر باسی ئەوینداری و دڵدارییەکە لەگەڵ تەواوی چیرۆکە ئەویندارییەکانی دیکە جیاوازە.

دەروێش وەفا وەک من چووبوو نێو دنیای خەیاڵەوە. دەیڕوانییە دووری. دەتگوت تاپۆی ژیانی ڕابردووی لەبەر چاوە. دەتگووت بیرەوەرییەکانی دوور و نیزیکی بە بەر چاودا دێن و دەڕۆن. چاوانی نەدەترووکاند. بە ڕواڵەت مەند و هێدی بوو، بەڵام لە دەروونیدا هەرا بوو، هەڵڵا بوو، گیانی نەسرەوتی بێوچان دەخرۆشا و بێ دەنگ شەپۆلی دەدا... ڕکەی لەشی بەرهەڵستی ئەوە بوو کە شەپۆلەکان دنیا داگرن. بەڕواڵەت ماتی دنیای بەسەرهاتی خۆی بوو.

گۆرانی بە دوای گۆرانیدا لە ئاسمانی بێخەوشی لێرەواردا بڵاو دەبۆوە. جارجار ڕێبوار و ڕەوتەنی لایان دەدایە چایخانە و وچانێکیان دەدا و دەڕۆیشتن. ئەمن وا چووبوومە نێو دنیای ژیانی دەروێش وەفایەوە کە لەو زیاتر نە کەسم دەدی و نە گوێم لە هیچ دەنگێک دەبوو، بەڵام کاتێک هەودای خەیاڵم لێک دەپچکڕا ئەمجا دەگەڕامەوە نێو ژیانی ئاسایی دەوروبەرم. دەروێش وەفا بە مەندی سەری وەرگێڕا و چاوی لێکردم، دوای تاوێک گوتی:

- لەو ماوەیەدا کە پەریم لێ دوور بوو ئەمن هەر لە بەهارە بووم. دەرسم دەخوێند. کاتی بێکاری لە نێو مێشە و لە بنار و بەندەنان ڕامدەبوارد. ڕۆژێک لای ئێوارێ لە تەقتەقەبەردان وەسەر کەوتم و بە دۆڵێکدا هەڵگەڕام. دۆڵەکە خڕێکی پێدا دەهات. ئەو لاپاڵەی کە ڕوو بە ڕۆژهەڵات بوو تەرتێکی لە نیزیک خڕەکەی لێ بوو. تەنیشت تەرتەکە بە هۆی بارانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕمابوو، کەنداڵیک ساز ببوو، چاوم لێکرد بەردێکی خڕی مەیلەو قاوەیی سەرنجی ڕاکێشام. نیوەی وەدەر کەوتبوو. کە لێی نیزیک بوومەوە دیتم بەرد نییە و کووپەیەکە. بە دارێکی دەوروبەری کووپەکەم داوە و دەرمهێنا. کووپەیەکی چووک بوو، نێوەکەی پڕ لە خۆڵ بوو، وردەوردە خۆڵەکەم دەردا و بە سەرنجەوە پشکنیم. لە بنی کووپەڵەکەدا مستێک سکەی زێڕ وەدەر کەوت، بژاردم چل دانە بوو. بە پەلە سکەکانم لە گیرفانی نا و کووپەڵەکەم واوەتر لە ژێر گڵدا شاردەوە و گەڕامەوە. یەکڕاست چوومە لای مامۆستا. مامۆستا لە حوجرەیدا خەریکی کتێب خوێندنەوە بوو. فەقێ ئەحمەد و فەقێ خالیدی لە لا بوون. سڵاوم کرد و ڕۆنیشتم. مامۆستا چاوێکی لێکردم و سڵاوی ئەستاندمەوە و گوتی:

- لە کوێ بووی؟

- لە دەم چۆمی دەخولامەوە.

- مامۆستا سەرنجی دامێ و گوتی:

- سوور هەڵگەڕاوی...!

- ماندوو بووم.

بە ئاسپایی بە چاو ئیشاڕەیەکم کرد و تێمگەیاند کە کارێکی نهێنیم پێیەتی. مامۆستا وریا بوو، تێگەیی. دوای تاوێک هەر کام لە فەقێیەکانی بە بیانوویەک بە لایەکدا نارد و دووبەدوو ماینەوە. بۆم گێڕاوە کە چۆنم کووپەڵەیەک دۆزیوەتەوە و چل دراوی زێڕی تێدا بووە. زێڕەکانیشم وێدا و گوتم:

- هەر چل سکەم بۆ هێناوی.

مامۆستا بزەیەکی هاتێ و گوتی:

- خۆت دۆزیوتەوە، حەڵاڵی خۆتە، بەڵام باسی مەکە با تووشی چەرمەسەری نەبی.

- نا... بۆ جەنابتم هیناوە، چی لێدەکەی گەردنت ئازا بێ.

دوای گوتوبێژێک قەرارمان دانا لە نێو خۆم و مامۆستا و فەقێ ئەحمەددا بەشی بکەین. مامۆستا گوتی:

- خودا خێرت بنووسێ. فەقێ ئەحمەد موستەعیدە و قەدەرێکی دی ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ و دەیەوێ ژن بێنێ و دراوی نییە، خودا بۆی گەیاند. جا بچوو بانگی کە با مزگێنی پێبدەم، زۆری پێخۆش دەبێ.

فەقێ ئەحمەدم بانگ کرد و گوتم:

- مامۆستا کاری پیتە.

چووینەوە لای مامۆستا. مامۆستا گوتی:

- ڕۆنیشن.

- دانیشتین. فەقێ ئەحمەد گوتی:

- ئەمرت بوو؟

- ئەتۆ بەم زووانە ئیجازەی وەردەگری، پێم خۆشە لە مامۆستایانی دەوروبەر بگێڕێوە و بانگهێشتنێکی باش وەڕێ خەی. جا بۆ ئەوەی بەزمەکەشمان کەم و کووڕیی نەبێ ژنێکیش بینە و بە خێر و خۆشی ماڵیکی پێکەوە نێ.

فەقێ ئەحمەد بزەیەکی هاتێ و سەری بەردایەوە و گوتی:

- زۆرم پێخۆشە، بەڵام بە ناشوکری نەبێ بە چی؟

- خودا گەورەیە.

- دیارە خودا گەورەیە، بەڵام لە کولانەوە تێی ناکا.

- بەشکم تێیکرد. خودا دەفەرمێ «لما تقنطوا من ڕەحمةاللە».

- دیارە هەر کەس لە ڕەحمەتی خودای ناهومێد بێ، ئیمانی نییە، بەڵام....

- جا کە وایە با مزگێنییەکت پێ بدەم.

مامۆستا بە شێنەیی هەموو شتێکی بۆ فەقێ ئەحمەد گێڕایەوە. فەقێ ئەحمەد سەری سووڕ مابوو. سەرێکی هەڵینا و چاوی لە هەوا کرد و گوتی:

- خودایە شوکرت. هەر ئەتۆ کارسازی.

مامۆستا درێژەی پێدا:

- ئەو قسەیە نابێ لە لای کەس بدرکێنین. ئێستا کە وەفا خۆی ڕازییە و دەیەوێ دابەشی بکەین، سێزدە سکە بۆ تۆ و سێزدە بۆ من و چاردە دانەش بۆ وەفای.

ئەمن گوتم:

- مامۆستا با سێزدەدانە بۆ من بێ و چاردە دانە بۆ فەقێ ئەحمەد.

- پیرۆز بێ.

- فەقێ ئەحمەد سپاسی کرد و قەرارمان دانا دووبەدوو بچینە شار و بیانفرۆشین. لە دوایە گوتم:

- مامۆستا! بڵێی کووپەی دیکەی لێ نەبێ و هەر ئەم کووپەڵەیە بووبێ؟ مامۆستا پێکەنی و گوتی:

وا دیارە زارت شیرین بووە. جا دەڵێی دوانیوەڕۆ لەگەڵ فەقێ ئەحمەد بچن بڕێک گڵەکەی لادەن، ئەی بەشکم... کووپەڵە بەتاڵەکەش لە پرێسکەیەکەوە پێچن و بیهێنەوە، شتێکی کۆن و ئەنتیکەیە با نەفەوتێ.

پاش نیوەڕۆ لەگەڵ فەقێ ئەحمەد بە بیانووی پیاسە کردن وەدەر کەوتین. ئەستێوڵکێک و داردەستێکمان لەگەڵ خۆ برد. زۆرمان کەنداڵەکە هەڵکەند و چمان نەدیتەوە. کووپەڵەکەمان لە دەسرەیەکەوە پێچا و هاتینەوە. لە گەڕانەوەدا فەقێ ئەحمەد گوتی:

- بۆ ئەوەی کەس شک نکا دیکەمە قاو کە دایکم بەشەماڵی لە خاڵم وەرگرتووە و دراوی بۆ ناردووم.

شەوەکەی بەرەو شار وەڕێ کەوتین. لە شار چووینە لای یەک دوو زێڕینگەر و دانەیەک لە سکەکانمان پێشان دان و گوتمان ئەمەی دەفرۆشین. ڕێک نەکەوتین. ئاخری چووینە لای جوولەکەیەکی زێڕینگەر، ناوی «مۆشە» بوو. تمەنێکی داینێ. دوای ئەوە کە دڵنیا بووین کڵاومان لە سەر نانێ و ڕاپۆرتمان لێ نادا و پێمانەوە ناکا، هەر چل سکەمان پێفرۆشت و چل تمەنمان لێ ورگرت و بەبێ ئەوەی ناونیشانی خۆمان بڵێن بە پەلە بەرەو بەهارە گەڕاینەوە و دراوەکەمان دابەش کرد، سێزدە تمەن وەبەر من کەوت. دراوێکی زۆر بوو. لە دراوەکەی خۆشم تەنیا دوو تمەنم خەرج کردبوو. ئێستا چل و یەک تمەنم هەبوو.

فەقێ ئەحمەد هەر بۆ سبەینێ مامۆستا و چەند ڕدێن سپی ناردە خوازبێنی «خەجۆل»ی کچی «مام ڕەشۆ» ی. لەمێژ بوو دڵیان بە یەکەوە بوو. مام ڕەشۆ زۆر پیاوانە کچەکەی پێشکێش کرد و بۆ سبەی مارەیان کرد و ڕۆژی پێنجشەممۆ زەماوەندیان ساز کرد. ڕۆژی زەماوەند بەزمێکی خۆشیان گێڕا. لە بەیانییەوە هەتا شەو گۆوەند دەگەڕا. ڕۆژی هەینی بووکیان گۆێستەوە و یەکشەممۆیەش سێڕۆژانە بوو، بەڵام سەد بریا ئەمن نەچووبام....

دەروێش وەفا دیسان بێدەنگ بوو و سەری بەردایەوە. لێم پرسی:

- بۆ...، بۆ نەچووبای...، چ قەوماوە...؟

دەروێش گوتی:

- فەقێ ئەحمەد بە دابی کوردەواری لە خەڵکی گێرابۆوە. کوڕ و کچ دەستی ڕەشبەڵەکیان گرتبوو. ئەمن هێشتا نەچووبوومە نێو گۆوەندەکەوە کە لە پڕ کچێک سەرنجی ڕاکێشام. بە دیتنی ئەو کچە کە لە دوایەدا زانیم ناوی پەرەنگە، واقم وڕما... بۆ تاوێک گۆوەند و زەماوەندم لە بیر چۆوە... پێم وا بوو پەرییە... دەتگوت سێوێکە و لەت کراوە. لەگەڵ پەری مووی لێنەدەدا... بەژن و باڵای، ڕوومەتی، بزەی، ڕوانینی، هەر خۆی بوو. ویستم بۆ لای بچم و هاوار بکەم:

- پەری! پەری! ئەتۆ چی و ئێرە چی؟ خۆشەویستەکەم! پەری! وەرە با بڕۆین... وەرە با قەرارەکەمان بەرینە سەر... نازانی لە دووری تۆ چۆنم ڕابردووە...؟ پەری...! پەری...!

لە ناکاو یەکێک دەستی لە شانی دام و هەودای خەیاڵمی پساند و گوتی:

- ئەوە بۆ هەڵناپەڕی؟

فەقێ خالید بوو. گوتم:

- ئەتۆ بچۆ ئەمنیش دێم.

کچێک کە لە تەنیشت پەرەنگ ڕاوەساتبوو، چاوێکی لە من کرد و لە پەرەنگێی کوتا و پەرەنگیش چاوێکی لێکردم و بزەیەکی هاتێ. ئەمن سەرم بەردایەوە. لەو دەمەیدا مامۆستاژن بە لامدا ڕابرد و گوتی:

- فەقێ وەفا! بۆ هەڵناپەری؟ بەزمی وا کەم پێش دێ.

هەر چۆنێک بوو چوومە نێو گۆوەندەوە. هێشتا گەڕێک هەڵنەپەڕیبووم کە پەرەنگ هاتە دەستمەوە. کچەکەی هاواڵیشی دەستەکەی دیکەی گرتم. بە هاتنی پەرەنگ دڵم داخورپا... ئەژنۆم وە لەرزین کەوت، بەڵام وە ڕووی خۆم نەهینا. گۆرانیبێژ بەندی پێدا هەڵگوتم. دەستم لە گیرفان نا و دوو تمەنێکم بە دەستەوە هات، نەمگێڕاوە و کردمە شاباش. هەموو پێیان سەیر بوو، دوو تمەن شاباش؟! لە دوو قران زیاتر شاباش نەدرابوو. چاوەشەکان دەستیان هەڵنەگرت و بەند بە دوای بەندا پێیان هەڵدەگوتم. کاتێک شاباشەکام دا پەرەنگ بە ئاسپایی دەستی کوشیم. ئەمن کە بۆ تاوێک پەریم لەبەر چاو بزر نەدەبوو و لە دنیای خەیاڵدا لە دەستی پەریدا هەڵدەپەڕیم، پەنجۆڵەم کوشییەوە. کاتێک وەخۆ هاتمەوە کە پەرەنگ قسەی لەگەڵ دەکردم و ئەمنیش لەو کارەی کردبووم شەرمەزار بوومەوە. پەرەنگ گوتی:

- فەقێ وەفا! نەقشەت لێ بێ....

- سپاست دەکەم، نەخشە لە خۆت بێ.

- بە تەما نی زەماوەندێکی ساز کەی؟

- دەبێ خودا بینووسێ.

- ئیشەڵڵا بە ئاواتی خۆت دەگەی.

- سپاست دەکەم.

گۆوەند ڕاوەستا و وچانێکیان دا. چاپەز چایەکی دوو ڕەنگی لە پێش دانام. سەرم هەڵێنا، لە سووچێکی حەوشەکەدا پەرەنگ و هاواڵەکەی کە ناوی «شاشان» بوو چاویان تێبڕیبوم. چایە دوو ڕەنگەکەم خواردەوە و تمەنێکم بۆ چاپەزەکەی لە نێو ژێرپیاڵەکەی هاویشت. پەرەنگ و شاشان تێکیان کوتا و بزەیان هاتە سەر لێو. زۆر سەیر بوو، پەرەنگ چەندە لە پەری دەچوو، لە دڵی خۆمدا گوتم:

- خودایە! چ دەبوو ئەوە پەری من با؟

یادی پەری وازی لێنەدەهێنام. ئاخۆ دەبێ چی بەسەر هاتبێ؟ لەو ماوەیەدا چ قەوماوە؟ داهاتوو چۆن دەبێ؟ هەزاران پرسیاری بێوڵام شێتیان کردبووم. بێ ئەوەی مەبەستێکم هەبێ هەلستام وەڕێ کەوتم. لە حەوشە چوومە دەر. بێجگە لە پەری کەسم نەدەدی. لە ناکاو یەکێک گازی کرد:

- فەقێ...!

ئاوڕم دایەوە. کچۆڵەیەکی ژیکەلەی دە دوازە ساڵانە بوو. لێم هاتە پێش و گوتی:

- ئەمن خوشکی پەرەنگم. دادم ئەم گوڵەی بۆ ناردووی.

پرسیم:

- ناوت چییە؟

- گوڵان

ئەوەی گوت و گوڵە سوورەکەی وێدام و گەڕایەوە. ئیستێک کاس بووم، نەمدەزانی چ بکەم. بزەیەکم هاتێ و بە خۆم گوت:

- ئەم گوڵەی بۆچی بۆ ناردووم، نەکا گیرۆدەم بووبێ؟ نازانێ تەنیا دڵێکم بوو ئەویش پەری ڕفاندی... خولێکم دا و وردەوردە بەرەو زەماوەند گەڕامەوە. هەڵپەڕکێ ساز ببۆوە. پەرەنگ و شاشان وا دیار بوو چاوەڕیی من ببوون، هەر کە پێم لە حەوشەی نا شاشان گوتی:

- فەقێ وەفا! لە کوێی؟ پەرەنگ چاوەڕیتە!

- بۆ...؟

- بۆ هەڵپەرکێ.

سەرم بەردایەوە. گوڵە سوورەکە هەر لە دەستمدا بوو. لەودەمیدا زاوا بۆ لام هات و گوتی:

- ئەوە لە کوێی کاکی خۆم، لە زەماوەندی برای خۆتدا هەڵنەپەڕی ئەدی کەنگێ هەڵدەپەڕی؟ ئەوەی گوت و دەستی گرتم و بەرەو گۆوەند ڕایکێشام. هێشتا گەڕێک هەڵنەپەڕیبووم کە دیسان پەرەنگ و شاشان هاتنەوە دەستم. بیرم هەر لە لای پەری خۆم بوو. بە مێشکمدا هات ئەگەر بە یەکجاری پەری لە دەست بدەم چۆن دەبێ، ئەگەر چاوم پێی نەکەوێتەوە چ بکەم؟ پەرەنگ... پەرەنگ دەتوانێ جێگەی ئەو بگرێتەوە...؟ خۆ هیچ فەرقێکیان نییە... وێنەی یەکترن... بەڵام زوو لەو فکرەی پەژیوان بوومەوە. پەری شتێکی دیکەیە... ژیانمان پێکەوە ڕابردبووە. پەیمانمان پێکەوەیە، چۆن دەبێ ئەمن بێوەفایی بکەم؟ یان پەری یان هیچ کەس. لەو دەمەیدا گوێم لە دەنگی پەرەنگێ بوو:

- ئەوە بۆ قسان ناکەی؟ پیاو هێندە بە هەوا نابێ....

- بەڵێ...؟ چت گوت...؟

- سەعاتیکە قسەت لەگەڵ دەکەم، ئەوە لە کوێی؟

- ببوورە لێرە نەبووم.

- لە کوێ بووی؟

- نازانم...

- چاو لەبەر پێی خۆشت بکە و بمانبینە!

بۆ ئەوەی قسەیەکم کردبێ گوتم:

- ئەتۆ ئەم گوڵەت بۆ ناردبووم؟

- بەڵێ، گوتم گوڵ بۆ گوڵی باشە.

- زۆر سپاس.

- دەکرێ شتێکت لێ بپرسم؟

- فەرموو.

- دڵت بە کێوەیە؟

- بۆ دەپرسی؟

- وەک ئەم لاوانە ناچی. هەر لە خۆت دای. دیارە فکرێکت هەیە. بۆت پەرۆشم....

- دڵم بە کەسەوە نییە. هیچ فکریشم نییە.

- وا نییە... دەنا هەموو ڕۆژێ نەدەچوویە قەراخ چۆم و نێو مێشان و وە بەندەنان هەڵنەدەگەڕای....

- لە کوێ دەزانی؟

- لە مێژە بەدواتەوەم... دووارودوور ئاگام لێتە....

- جا بۆ...؟

- بۆ...؟ لە دڵم بپرسە....

هاتم پێی بڵێم: لەو فکرەی گەڕێ. ئەمن بۆ تۆ نابم... نازانم بۆ گێڕامەوە...؟

گۆوەند بەربوو و لێک جیا بوونەوە. هەر چۆنیک بوو بووکیان گوێستەوە و سێڕۆژانەش دوایی هات. تا دوایی زەماوەند پەرەنگ دۆی خۆم بوو.

دوو سێ ڕۆژ ڕابرد. ژیانی ئاسایی خۆم دەست پێکردەوە. ڕۆژێک وەک جاران بە یادی پەری ڕێگام داگرت و بەرەو مێشەی بەستێنی چۆم وەڕێ کەوتم. کەس دیار نەبوو. لە ناکاو لە بن پنچکێک پەرەنگ هاتە دەر. دیسان بۆ تاوێک وامزانی پەرییە. قوشقی مام... بزەیەکی شیرنی لە سەر لێوان بوو... لە ئەوپەڕی جوانی و دڵڕفێنیدا بوو... ڕۆژباشی کرد و گوتی:

- دیسان سەری خۆت هەڵگرت، چ خەمێکت هەیە؟ پێم بڵێ بەشکم کارێکم لە دەست بێ.

وڵامی ڕۆژباشەکەم دایەوە و گوتم:

- هیچ خەمێکم نییە. سپاست دەکەم.

- چاوەکانت دەڵێ وا نییە... لێم مەشارەوە. ئەمن بە دۆستی خۆت بزانە. حازرم گیانی خۆم فیدا کەم ئەتۆ پەرۆش نەبینم.

- ڕووت سپی بێ. ئەوە لێرە چ دەکەی؟

- لەبەر تۆ هاتم. دەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم.

- قسەی چی...؟

- قسەی دڵم...

سەرم بەردایەوە و خۆم بە نەرمەلاوێنێکەوە خافڵاند. گوتی:

- چت لێ بشارمەوە، خۆشم دەوێی. ئەمن کیژێکی سووکەڵە نیم. لە مانگی ڕابردوودا سێ خوازبێنیم بۆ هات، حازر نەبووم شوویان پێبکەم. باوکیشم لەوانە نییە بە زۆر بە شووم بدا، بەڵام لەوەتی تۆ هاتوویە بەهارە، گیرۆدەت بووم. بەڕاستی خۆشم دەوێی. بەختەوەرت دەکەم.

- بەداخەوە ناتوانم....

پەرەنگ تاوێک بێدەنگ بوو، لە دوایە بە دەم گریانەوە گوتی:

- بۆ شتێکت لە بارەی مندا بیستووە؟

- نا...

- ئەدی ئەمنت پێ جوان نییە؟

- نا.. زۆریش جوان و لەبەر دڵانی.

- ئەدی چی...؟

دوودڵ بووم، ڕاستییەکەی پێ بڵێم یا نا؟ بیرێکم لێکردەوە و هاتمە سەر ئەو بڕوایەی کە لەخۆڕا بە هیوای نەکەم و ژیانی لێ نەشێوێنم. ئەوە بوو گوتم:

- پەرەنگ! ئەتو زۆر کچی چاکی. زۆر جوانی. قسەت لەسەر نییە، بەڵام ئەمن...

- ئەتۆ چی...؟

- چارەنووسی من شتێکی دییە...

- تێناگەم. دەکرێ بە ڕوونی پێم بڵێی؟

- دوورودرێژە.

- قەیدی نییە گوێ ڕادەدێرم.

هەرچی هەبوو و نەبوو بۆم گێڕایەوە. لە سەردەمی منداڵییەوە هەتا ئەودەمەی پێکەوە ددواین. لە دوایە گوتم:

- ئیستا نازانم چۆن دەبێ، نازانم پەریم بۆ دەبێ یا نە؟ هەتا لەو دڵنیا نەبم ناتوانم هیچ بەڵێنییەکت پێبدەم.

- پەری زۆر جوانە...؟

- زۆر سەیرە لەگەڵ تۆ دەڵێی سێوێکە و لەت کراوە. کاتێک لە زەماوەنددا ئەتۆم دی، بۆ ماوەیەکی حەبەسام... وامزانی پەری... بە موو فەرقتان نییە. هەموو شتێکتان لە یەک دەچێ...

- زۆرم پێخۆش بوو ڕاستییەکەت پێگوتم و هەڵتنەفریواندم. لە ژیانمدا درۆم نەکردووە و لە درۆ بێزارم. ئێستا کە ئەتۆ ئاوا پیاوانە لەگەڵ من دوای، ئەمنیش داوای بەختەوەریتان بۆ دەکەم و لە خودای دەپاڕێمەوە کە بە پەری شاد بی، بەڵام ئەگەر هات و خودا نەکا سەری نەگرت...؟

- نازانم، ئەودەم لە ژێر باری خەمدا دەچەمێمەوە، ورد دەبم....

- ئەدی ئەگەر ئەودەم خەمڕەوێنکت بێ...، یەکێک هەبێ کە بەدڵ ئەتۆی بوێ و دەستت بگرێ و نەهێڵێ ورد بێ...، نەهێڵێ بچەمییەوە؟

هەرچەند زانیم مەبەستی چییە، لەگەڵ ئەوەش پرسیم:

- کێ...، کێ بە یاریدەمەوە دێ؟

- ئەمن.

- ئەتۆ؟

- بەڵێنیت پێدەدەم هەتا لەگەڵ پەری پێک دەگەن ڕادەوەستم. ئەگەر بە هیوای خودای پێک گەیشتن ئەمنیش وە دوای چارەنووسی خۆم دەکەوم. ئەگەر خودا نەکا تووشی خەم و پەژارەش بووی، دێم و خەمت لێ دوور دەکەمەوە. دەبمە خەمڕەوێنت....

ئەوەی گوت و سەری بەردایەوە و خۆی بە ملوانکەکەیەوە خافڵاند. وێڕای جوانی و لەباری و خوێنشیرینی، ژێر و تێگەیشتووش بوو... زیاتر خۆشیم لێی هات. پەری لە گۆڕی نەبا دوو و سێم لێ نەدەکرد و دەمکردە هاوبەشی ژیانم.

هەر دوومان بێدەنگ بوون. پەرەنگ سەری هەڵێنایەوە و چاوی لە چاوم کرد، دوو تنۆک فرمێسک وەک دوو دڵۆپ ئاوەنگ بە سەر گوڵی ڕوومەتیدا خزانە خوار. گوتی:

- ئەمن دەڕۆم. لە سەر قەولی خۆم دەمێنمەوە....

ئەوەی گوت و ڕۆیشت. ڕۆیشت و ئەمنی لەگەڵ دنیایەک خەم و پەژارە بە جێ هێشت، ئەمن مابوومە و هەزاران خەم... ئەمن مابوومەوە و چارەنووسێکی نادیار....

***
 

ڕەشە دوو جێگای هێلکە و تەماتەی لە پێش داناین و تونگە دۆیەکیش لە تەنیشت ڕۆنا و گوتی:

- وا دیارە قسەکانتان زۆر خۆشە، برسییەتیشتان لەبیر چۆتەوە.

سەعاتێک لە نیوەڕۆ لای دابوو. جارێکی دی ئەمن و دەروێش وەفا لە دنیای خەیاڵاوی خۆمان هاتینە دەر. دیسان ئێمە بوون و کێو و بەندەنی زمزیران و دار و دەوەنی لێڕەوار و دەنگی شریتی «ناسر ڕەزازی»:

منیش ئەی بولبولی بەندی وەکوو تۆم

وەها دوورم لە هێلانە و گوڵی خۆم

منیش وەک تۆ لە کیسم چوو گوڵی سوور

منیش هێلانەکەم لێکراوە خاپوور

................

نازانم لەو ماوەیەدا چەند گۆرانی بڵاو کرانەوە؟ کاتێک دەروێش دەدوا لە دەنگی ئەو بەو لاوە چی دیکەم نەدەبیست، بەڵام ئێستا دەنگی ناسر ڕەزازی دڵی ئاوپڕژێن دەکردین. دەنگێکی ئاشنای هەبوو، لە دڵ دەنیشت، گیانی دەلاواندەوە... دەروێش بەدڵ گوێی لە دەنگی ڕەزازی هەڵخستبوو. دەروێش بە تەمەن پیر و بە دڵ لاو بوو. هەستێکی ناسکی بوو. بە گۆرانییەکەی کە لە دڵەوە دەهاتە دەر دەشڵەژا. تێکدەچوو، دەکوڵی و گڕی دەگری... ئەم جار نۆرەی دەنگی لە دڵ ئاشنای ڕەزازی بوو کە ئاگر لە ژینی پەڕپووتی دەروێش بەربدا....

نانەکمان خوارد و دەروێش کە دەیزانی زۆر بە تاسەم، دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی کردەوە:

- لە بەهارە، لە حوجرەی فەقێیەکان وەک جاران ڕۆژان تێپەڕین و شەوان ڕابردن. مامۆستا لە هێندێک مەلا و فەقێی شار و گوندەکانی دەوروبەری گێڕایەوە و ڕۆژێکی تەدارەکێکی باشیان بینی و میوانەکان هاتن. دوای هێندێک پرسیار و تاقی کردنەوە فەقێ ئەحمەد دەرچوو و بوو بە مەلا ئەحمەد. دوای یەک دوو ڕۆژ بوو بە مەلای گوندێکی نیزیک بەهارە و لەگەڵ خێزانی تێکەوەیان پێچا و ماڵئاوایییان کرد.

ڕۆژێک مەندە لە ڕێوە پەیدا بوو. بە دیتنی مەندەی گەشامەوە. سەبارەت بە من چەند سەعات ڕێگای بە سواری کوتابوو. گەلێکی دیاری بۆ هێنابووم. شادم هاتە بەرچاو. ڕاممووسی و بە خێرهاتنم کرد و گوتی:

- هەتا مزگێنی خۆشم پێ نەبێ نایەمە لات.

- بە خێر بێی.

چووینە ژوور. مامۆستا و فەقێیەکان بە خێرهاتنیان کرد. دەرس گوتنەوەی مامۆستامان کردە بیانوو و وەدەرکەوتین. بەرەو بەستێنی چووم ڕۆیشتین. پرسیم:

- ئەدی چ باسە، چ مزگێنییەکت بۆ هێناوم؟ دەزانی دوو مانگ زیاترە ڕۆیوی؟

- بەڵێ دەزانم. قسە زۆرە. با لە جێگەیەکی دانیشین بۆت بگێڕمەوە.

لە دەم چۆمی لە سەر سەوزەچیمەنێک ڕۆنیشتین. گوتم:

- دەی مەندە گیان! پەری چی بەسەر هاتووە، مارەیان کرد،

گوێستیانەوە؟

مەندە گوتی:

- جارێ نا... دوێنێ زێڕنی بە شوێن مندا ناردبوو. چووم گوتی:

- دەبێ بچی بۆ لای وەفا و پێی بڵێی هەرچی زووتر بێ هەڵمگرێ... ئێستا ئەوە هاتووم دەڵێی چی، دەتەوێ چ بکەی؟

- لەگەڵ تۆ دێمەوە بۆ لای بەرزۆک.

- نا. وا نابێ. جارێ دەرفەت هەیە. ئەمن دەچم پێی دەڵێم خۆی ئامادە بکا، ئەتۆ ڕۆژێکی دی وەرەوە. ئەمن سبەینێ کە هەینییە دەگەڕێمەوە، ڕۆژی دووشەممۆ لە مووچەکەی من بە، دەڵێم بێتە ئەوێندەرێ. پێشی دەڵێم بە سواری بێ.

دووشەممۆ چ کاتێک لەوێ بم؟

تاریک و ڕوونێ خۆت بگەیەنە ئەوێ.

- جا کە وا بێ ڕۆژی یەکشەممۆ وەڕێدەکەوم، شەوەکەی لە دوور و نزیکی بەرزۆکدا ڕایدەبوێرم.

- وا بکە، لەسەر خودای. مزگێنییەکیشم بۆ هێناوی.

- ئەو چییە؟

- کوێخا عەزیز ئەتۆ سڵامەت.

- چون، نەخۆش بوو؟

- نە. مار پێوەی دا.

مار...؟

- ئا... ڕۆژێک لە باخی ئاغای مارێکی سووجەی سوور پێوەی دەدا، هەتا هێنایانەوە وەک خشەخوری هەڵمسابوو... ناردیان لە دوای مەلا ڕەسووی ئیبنوعەبباسی، بەڵام هەتا مەلا ڕەسوو هات کار لە کار ترازابوو. خودا هەر خۆی دەزانێ چ دەکا. جا با هەر شاییدی بە درۆ بدا. با هەر زوڵم لە فەقیر و هەژاران بکا بۆ میناغای... چی لێکرد...؟ دڵنیا بە لاوە و میناغاش وای ناخۆن. خودا ڕۆژێک تۆڵەیان لێ دەستێنێتەوە.

سبەینەکەی مەندەم بەڕێکرد. لە دوایەدا زانیم مەندە بۆ ئەوەی ئەمن سەخڵەت نەکا بەسەرهاتی پەری بۆ نەگێڕابوومەوە. ئەو یەک دوو ڕۆژەم بە ساڵێک لێ ڕابرد. شەوی شەممۆیە لەگەڵ چوار فەقێیان لە حوجرەی دانیشتبووین. مامۆستا لە ماڵە خۆی بوو، کە یەکێک لە دەرکەی دا. گوڵانی خوشکی پەرەنگ بوو. دوو پرێسکەی بە دەستەوە بوو، یەکیان قابڵەمەیەکی تێدابوو، ئەوی دیش کاڵەک و شووتییەک. سڵاوی کرد و گوتی:

- باوکم ئەمەی بۆ ناردوون.

ئەمن بە پیرییەوە چووم و شمەکەکانم لێ وەرگرت و گوتم:

- بۆ زەحمەتتان کێشا؟ زۆر سپاس.

گوڵان چاوێکی لێکردم و بزەیەکی هاتێ. زانیم لە بەر من ئەو شتانەیان ناردووە. قابڵەمەکە سەنگەسیری تێدابوو. دوای ڕۆیشتنی گوڵان، یەکێک لە فەقێیەکان کە ناوی فەقێ ڕەشید بوو گوتی:

- ئەوە بۆ خۆشکی نەیدەهێنا تا باشتر بە دڵمانەوە بلکێ؟

زۆرم پێ ناخۆش بوو. بە تووڕەیییەوە گوتم:

- فەقێ ڕەشید زۆر شوورەیییە، کابرا چاکەی کردووە ئەتۆ وا دەڵێی؟

فەقێیەکانی دیکەش سەرکۆنەیان کرد. فەقێ خالید گوتی:

- ئەوە چۆنە سۆفی شەریف کاری وای کردووە؟ لەوەتی ئەمن لێرەم ئەمە یەکەم جارە دەست لە ماڵی خۆی دەنێ!

لە دڵی خۆمدا گوتم:

- کاری سۆفی شەریف نییە. پەرەنگی کچی سەبارەت بە منی ناردووە.

سبەینێ گوڵان بۆ قابڵەمەی هاتەوە. سێوێکی سوورم بە دەستەوە بوو لە سێوەکانی مەندەی بوو کە بۆی هێنابووم. گوڵان هەر چاوی تێبڕیبوو، ئەمنیش دامێ و گوتم:

- ها ئەم سێوەشت بدەمێ.

بە بزەوە لێی وەرگرتم و بەدەم ڕۆیشتنەوە گوتی:

- دەیدەم بە دادم.

***
 

چێشتانگای ڕۆژی یەکشەممۆیە وەڕێ کەوتم. مەبەستی خۆم بە کەس نەگوتبوو. تاریک و ڵێڵێ لە گوندێکی نیزیک بەرزۆک لامدایە ماڵە ناسیاوێک. شەوی مابوو کە بەرەو مووچەی مام وسووی ڕێم داگرت. لە مووچەی تازە دابەزیبووم کە تارمایییەک بەروە من هات. چاوم تێبڕی. وردەوردە هاتە پێش و هەرای کردم:

- کاک وەفا!

- دەنگەکەم ناسییەوە. مەندە بوو. وەڵامم دایەوە:

- کاک مەندە وەرە لێرەم.

هاتە پێش. دوای چاکوخۆشی گوتی:

- یای پەری هەر بینا پەیدا بوو. دوێنێ بە زێڕنی گووتبوو پێش مەلا بانگدان لێرە دەبێ.

لەو قسانەدا بووین کە لە نێو تاریکیدا سوارێک بەرەو ئێمە هات. پەری بوو. مەندە گوتی:

- ڕامەوەستن. دڵنیام وەدواتان دەکەون. خێرا لێرە دوور کەونەوە با تووشی چەرمەسەری نەبن.

ماڵئاواییمان لێکرد و ڕکێفمان لێدا و بە تەقڵەکوت بەرەو چارەنووسی نادیار ملی ڕێگامان گرت. لە ئاوایییان نیزیک نەدەبووینەوە. نیو سەعاتێکمان بە تەرەختان ڕێ بڕی. گەیشتینە کانیاوێکی. دابەزین و دەست و ڕوومان شوشت. گوتم:

- پەری گیان! نازانی لە دووری تۆ چۆنم ڕابواردووە؟ خورد و خەوم لێ حەرام ببوو....

- خۆزگە چاوێکت لە من دەبوو. ئەگەر بۆت بگێڕمەوە چم کردووە و چۆنم خۆ ڕزگار کردووە، سەرت سوڕ دەمێنێ.

- جارێ با بڕۆین دەرفەتمان زۆرە.

نیزیکەی نیوەڕۆیە گەیشتینە بەهارە. یەکڕاست ڕوومان لە ماڵە مامۆستای کرد. مەلاژن کە چاوی بە پەری کەوت پێی وا بوو پەرەنگە، گوتی:

- کچێ پەرەنگ! ئەوە لە کوێوە بە سواری دێنەوە.

پەری پێی سەیر بوو. ئەمن پێکەنیم و گوتم:

- مامۆستاژن! ئەمە پەرەنگ نییە. پەرییە.

- پەری، پەری کێیە؟!

- کچی مامە.

مەلاژن لە شک دابوو. بڕوای نەدەکرد. پەری سڵاوی کرد. مەلاژن بە سەرنجەوە چاوی لێکرد و دوای بە خێرهێنان گوتی:

- زۆر سەیرە! چەند لە پەرەنگ دەچێ.

پەری پرسی:

- پەرەنگ کێیە؟

مەلاژن گوتی:

- کچێکە لەگەڵ تۆ مووی لێنادا. هەنووکە دەنێرم بە شوێنیدا، خۆت پێت سەیر دەبێ. تازە لە ژوورێ ڕۆنیشتبووین کە پەرەنگ و شاشان هاتن. بەر لەوەی وەژوور کەون گوێمان لە دەنگیان بوو کە لەگەڵ مەلاژن قسەیان دەکرد. پەرەنگ گوتی:

- مەلاژن خێرە ئیشاڵڵا، بۆ بە دواتدا ناردووم؟

- دەمویست شتێکی سەیرت پێ نیشان بدەم. فەقێ وەفا ئامۆزایەکی هاتووە سەیر وەک تۆ دەچێ! ئەمن ماوەیەکی بڕوام نەکرد کە ئەتۆ نی.

پەرەنگ پرسی:

- چی، ئامۆزاکەی هاتووە؟

مەلاژن لە چۆنیەتی ئەو پرسیارەی نەگەیی و گوتی:

- ئەرێ. لە ژوورێیە. بچوو بیبینە.

پەرەنگ و شاشان بە پەلە خۆیان لە ژوورێ ڕاکرد. پەرەنگ هەر چاوی بە پەری کەوت بۆ لای چوو لە ئامێزی گرت و ڕایمووسی و بە خێرهاتنی کرد. بە دوای ئەودا شاشان ماچی کرد و گوتی:

- بە خێر بێی. بەڕاست سەیرە، چەند لە پەرەنگ دەچی!

خوڵقمان کردن ڕۆنیشتین. پەرەنگ سەری بەردابۆوە و دەستی دە بەرموورەکەی وەردەدا. کە سەری هەڵێنایەوە ئەسرینی دە چاوان گەڕابوو. چاوێکی پڕ لە تاسەی لە من کرد و گوتی:

- فەقێ وەفا! لێت پیرۆز بێ. بەیەکەوە پیر بن.

بەزەییم پێیدا هات. سەرم بەردایە و گوتم:

- ڕووت سپی بێ. بەختەوەر بی.

دوای ڕۆیشتنی پەرەنگ و شاشان ئەمنیش هەڵستام و وەدەر کەوتم. لە بن دیواری حوجرەیدا مامۆستا و فەقێیەکان هەڵترووشکابوون... سڵاوم کرد و وەڵامیان دامەوە و بە خێرهاتنەوەیان کردم. مامۆستا گوتی:

- وا دیارە بە تەنیایی نەگەڕاوییەوە. پێیان گوتم کچێکت لەگەڵە.

- بەڵێ ئامۆزامە. ئەوە لە ماڵە ئێوەیە.

***
 

بۆ سۆزی کاوڕێک و هێندێک برینج و ڕۆن و کەرەستەی دیکەم کڕین و مامۆستا سێ چوار پیاوی بانگ کرد و پەرییان لی مارە کردم. مەلاژن لە دوای پەرەنگ و شاشانی نارد بین یاریدەی بدەن. نازانم بۆچی چوومە حەوشە. شاشان خۆی گەیاندمێ و گوتی:

- پەرەنگ کاری پێتە. دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکا.

- لە کوێ؟

- بچو بەردەرکەی، ئەویش دێ.

وەدەر کەوتم. زۆری پێنەچوو پەرەنگیش هات. چاوە کاڵە خومارەکانی لێوان لە فرمێسک بوون. چاوێکی لە دەورانبەری کرد و گوتی:

- لێت پیرۆز بێ. داوای بەختەوەریتان بۆ دەکەم، بەڵام...

- بەڵام چی؟

- بەڵام، هەر نەمدیبای، تا دەمرم لە بیرت ناکەم.

گوتم:

- چارەنووس وا بوو. ئەمنیش ئاواتەخوازی بەختەوەری تۆم.

- تا کەی لێرە دەبن؟

- زۆر نامێنینەوە. یەک دوو ڕۆژی دیکە دەڕۆین.

- بۆ کوێ؟

- نازانم... خۆشم نازانم.. وەدوای چارەنووسم دەکەوم.

- ئاگات لە خۆت بێ. ئەم یادگارییەشم لێ وەرگرە. مەیدە بە کەس. با هەر لە لای خۆت بێ

ئەوەی گوت و خەنجەرێکی دەبانی بە کالانەوە وێدام و گوتی:

- ئەمەم لە دۆمان کڕیوە. هەر بۆ تۆشم ڕاگرتبوو. شاشان نەبێ کەس نازانێ. یادگارییەکەشم بۆ یای پەری هێناوە دەیدەمێ.

- زۆرت سپاس دەکەم.

- ئاگات لە خۆت بێ. بۆ هەمیشە ماڵئاوا. وەفا...

ئەوەی گوت و ڕانەوەستا. ڕۆیی. ماوەیەک گێژ و وڕ ببووم. چ پێشهاتێکی سەیر و سەمەرە بوو! لەبەر خۆمەوە گوتم:

- خودا بیپارێزی، چەند کچێکی تێگەیشتوو و ژیرە، چەند جوان و شیرین و لەبەر دڵانە....

خەنجەرەکەم لەبەر پشتێندی نا و چوومەوە ژوور. لەودەمیدا پەری هاتە نێو حەوشە. پەرەنگ بۆ لای چوو و گوتی:

- یای پەری! پیرۆز بێ. هیوادارم لەگەڵ یەک بەختەوەر بن.

پەری گوتی:

- زۆر سپاس پەرەنگ گیان! ئەتۆش بە بەختی چاک بی.

پەرەنگ دەستی لە گیرفانە کەواکەی نا و ملوانکەیەکی دەرهێنا و دای بە پەری و گوتی:

- ئەم یادگارییەم لێ وەرگرە. تا چاوت پێی کەوت ئەمنت وەبیر بێتەوە.

پەری زۆری پێخۆش بوو، بە بزەوە چاوێکی لە ملوانکەکەی کرد و گوتی:

- چ بەرموورێکی جوانە پەرەنگ گیان! زۆرت سپاس دەکەم.

بەڕاستیش بەرموورێکی جوان بوو، لە ئاقیق و ویسر و شەوە و فەرەنتی و بەردی بەقیمەتی دیکە ساز کرابوو. پەری پەرەنگی ڕامووسی و بەرموورەکەی لە ئەستۆی خۆی کرد.

***
 

دەروێش وەفا بۆ چاخواردنەوە وچانێکی دا و ئەمجا ئەوای درێژەی بە قسەکانی دا:

شەو لەگەڵ پەری دەرفەتی قسەکردنمان بوو. پەری پێی گوتم:

- دەزانم کاک مەندە هیچی بۆ نەگێڕاوییەوە بۆ ئەوەی ناڕاحەت نەبی، بەڵام نازانی لەو ماوەیەدا چم بەسەر هاتووە! ئەگەر بیگێڕمەوە خۆی کتێبێکە.

- پێم خۆشە بە وردی بۆم بگێڕییەوە.

- کاتێک لە بەردەقیت ئەمنیان بردەوە بەرزۆک، هەزار جار لە خودای داوای مەرگم دەکرد، بەڵام وەک دەڵێن گیان لە جێگەیەکی سەختدایە. لاوە لە بەرزۆک دە گیانم بەربوو، چت خواردووە ترش و چەوەندەر، ئەگەر دایکم نەگەیشتبایە هەر دەیکوشتم. قەدەخەیان لێکردم لە ماڵ وەدەر نەکەوم. ڕۆژێک هەر چۆنێک بوو بە بیانووی چوونە سەر گلگۆی کاوەی، ڕێگایان دام لەگەڵ زێڕنی دەستگیرانی کاک مەندەی وەدەرکەوم. لە نیزیک گۆڕستانێ بووین کە دیتمان سوارێک لە ڕێوە بەرەو بەرزۆک دێ. لێمان نیزیک بۆوە و سڵاوی کرد. سڵاومان ئەستاندەوە و بە خێرهاتنمان کرد. سوارە گوتی:

- ئەمن کوڕی برایم ئاغام، دەچمە لای میناغای بڵێم ڕۆژی هەینی دێن یای پەری مارە دەکەن. بەو قسەیە دڵم داکەوت، خەم دایگرتم، ڕەنگم بزرکا، سوارە تێگەیی و گوتی:

- ئەوە بۆ بزرکای! ئەتۆ چی یای پەری؟

وەخۆ هاتمەوە و فکرێکم بە مێشکدا هات و گوتم:

- ئەتۆ ناوت چییە؟

- مامەند.

- ژنت هێناوە؟

- نا... بۆ دەپرسی؟

- پێم سەیرە.

- چت پێ سەیرە؟

- پێم سەیرە ئەتۆ ئامۆزای مەنافی! ئەتۆ وا جوان چاک و ئەویش وا ناحەز و دزێو.

- مەبەستت چییە؟

- چت لێ بشارمەوە، ئەمن پەریم. ڕقی دنیام لە مەنافەگنەیە، ئیستاش سوێندم خواردووە خۆم بکووژم....

مامەند سەری لێ شێوابوو. نەیدەزانی مەبەستی من چییە، چاوێکی لە زێڕن کرد و چاوێکی لە من کردەوە و گوتی:

- بۆ، جا حەیف نییە تۆ بمری؟ خودا نەکا.

- تەنیا یەک شت لە خۆ کوشتن پەژیوانم دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە لە چنگ مەنافی ڕزگار بم. مامەند ئەو قسانەی پێ سەیر بوو، نەیدەزانی بڵێ چی. بڕێک لێوی خۆی گەست و گوتی:

- ئاخر بۆ، لەبەر چی؟

کاتێک زانیم قسەکانم کاری خۆیان کرد گوتم:

- جا بڵێم چی؟ خودا پێاوێکی وەک تۆی بە چاری نەنووسیم و تووشی مەنافەگنەی کردم. بمرم لەوە چاکترە کە لەگەڵ ئەو بژیم....

مامەند تاوێک ڕاما و لە دوایەدا گوتی:

- ئەم قسانەت بەڕاستییە؟

- ئەرێ وەڵڵا.

- ئەگەر مەنافت لە کۆڵ کەمەوە چ دەکەی؟

دیار بوو مامەند زۆر ساویلکە بوو، بە باشی دەمتوانی هەڵیفریوێنم. ئەوە بوو گوتم:

- جا بڵیم چ دەکەم؟ هەرچی ئەتۆ بڵێی وا دەکەم.

مامەند چاوێکی لە زێڕنی کرد. زانیم مەبەستی چییە، گوتم:

- ئەمە هاواڵمە. ڕازداری یەکترین. نیگەران مەبە. هەر قسەیەکت لە دڵ دا بیڵێ.

گوتی:

- ئەگەر ڕزگاریت بێ شووم پێدەکەی؟

لە مەبەستی خۆم نیزیک ببوومەوە، سەرم بەردایەوە و خۆم شەرمێون نیشان دا و دەنگی خۆم هێدیتر کرد و گوتم:

- ئەتۆ بە من ڕازی بی قەرەواشیت دەکەم.

- پەژیوان نابییەوە، بەڵێنیم پێدەدەی؟

- قسەی من یەکە و نابێ بە دوو، ئەمە بەڵێنیم پێدای.

- کە وایە دڵنیا بە مەناف ئەتۆ بە خۆیەوە نابینێ.

- زۆر باشە. ئیستا بچوو لای باوکم وەڵامی برایم ئاغای پێ بڵێ. ئەمنیش فکرێکی لێدەکەمەوە و دوو ڕۆژی دی هەر لەم کاتەدا وەرە ئێرە پێت دەڵێم دەبێ چ بکەین. تا ئەودەم هیچ مەکە. ئێستاش تا کەس نەیدیوین ڕامەوەستە و بڕۆ. قەرارەکەمانت لەبیر نەچێ.

مامەند بزەیەکی ڕەزامەندی هاتێ و ڕۆیی. زێڕن بە چاوی زەقەوە تێیدەڕوانیم. نەیدەزانی چ مەبەستێکم هەیە. هەر چۆنێک بوو پرسی:

- یای پەری! ئەوە چت گوت، مەبەستت لەو قسانە چ بوو، ئەتۆ چی و مامەند چی؟

- دەنگێ مەکە، خۆت باش دەزانی دوای وەفای هەموو پیاوێک باوک و برامن. ئەگەر بیگرێ نەخشەیەکم بە دەستەوە.

- نەخشە! نەخشەی چی؟

- لە نێو بردنی مەناف.

- چۆن؟

- بە دەستی مامەندی.

زێڕن بە بیستنی ئەو قسەیە وەک ئاسک سڵێکی کرد و واقی وڕ ما... تا دوو ڕۆژی دیکە دەرفەتی بیر کردنەوەم هەبوو. شەو هەتا تاریک و ڕوونی خەوم دە چاوان نەگەڕا. ئاخری هاتمە سەر ئەم بڕوایە کە پێش مارە کردن هیچ کاریک نەکەم چونکە ئەگەر مارفیش کوژرابا برایم ئاغا ئەمنی بۆ کوڕەکەی خۆی دەویست، بەو هۆیەوە لەسەر ئەوە ساخ بوومەوە کە دوای مارە کردن بە دەستی مامەندی، مەنافی لەنێو بەرم.

ڕۆژی بەڵێنی خۆم نەچوومە لای مامەندی، زێڕنم نارد. پێی گوتبوو:

- یای پەری لێی دەپرسی. خۆی ناساز بوو نەیتوانی بێ، دەیگوت لە سەر قەول و قەراری خۆم ماوم.

مامەندیش گوتبووی:

- ئەمنیش فکری خۆم کردۆتەوە. ئەگەر بە سەر و ماڵیشم تەواو بێ پەری لە دەست نادەم.

- خودا بینووسێ، ئەدی مەنافی چ لێدەکەی؟

- دەیکوژم،. داخی زۆر لە دڵمدایە. نابێ دەستی وە دەستی کەوێ. زەماوەندی لێدەکەم بە شین. دەیبینی.

- زۆر باشە، بەڵام یای پەری دەیگوت تا ڕۆژی زەماوەند هیچ نەکا. ئەمن خۆ بە دەستەوە نادەم.

- زۆر باشە تا ئەودەم ڕادەوەستم.

- کە وا بوو لە من و لە تۆ و لە پەری زیاتر نابێ کەس بزانێ، دەنا پێوە دەبێ و پەریشت بۆ نابێ. کارەکەشت دەبێ زۆر بە نهێنی و ژیرانە تەواو کەی.

- هەر وا دەکەم. هەر کە پەریان گوێستەوە بە چەشنێ کە کەس نەزانێ مەنافی لە نێو دەبەم. دوای تەواو بوونی پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمی مارە دەکەم.

- زۆر باش. تا ڕۆژی زەماوەند خودات لەگەڵ بێ.

مامەند دەڕوا و زێڕن هەواڵی ئەو گوتوبێژەی بۆ هینام. لە ئامێزم گرت و گوتم:

- زێڕن گیان! زۆر سپاس، ڕزگارت کردم.

زێڕن گوتی:

- باشە هات و سەری نەگرت چ دەکەی؟

- دڵنیام سەر دەگرێ. سەریشی نەگرت، خۆ بە دەستەوە نادەم و هەڵدێم. دەچمە لای وەفا. دەڕۆینە جێگەیەک کە خودا نەبێ کەس نەزانێ.

ڕۆژی هەینی برایم ئاغا و نیزیکەی سی سوار هاتنە بەرزۆک. مامەندیشیان لەگەڵ بوو. زێڕن خۆی دەگەیەنێتێ و پێی دەڵێ:

- یای پەری لێی دەپرسی و دەیگوت: قەرارەکەمان لە جێی خۆیەتی. مامەندیش دەڵێ:

- لێی بپرسە و بڵێ کاری گنەی تەواوە.

***
 

دەروێش وەفا هەناسەیەکی لە دڵەوە هەڵکێشا و گوتی:

- لە کاتی خۆیدا پەری لە مەنافی مارە دەکەن و قەرار دادەنین شەوی هەینی بیگوێزنەوە. هەر ئەو ڕۆژە مەلا قەباڵەی سێ دانگی بەرزۆک بە ناوی برایم ئاغای دەنووسێ و میناغا و ئەوانی دیکە واژۆی دەکەن. لەڕاستیدا مامم سێ دانگ مڵکی ئێمەی دا بە برایم ئاغای.

دەروێش سەری هەڵینا و چاوی دە ئاسمانێ بڕی. خەمی لێدەباری. پەیکەرەی پەژارە بوو. هاواری بێدەنگ بوو. پیاو بەزەیی پێدا دەهات. وەبیر شێعری شاعیری کوردی فارسیبێژ «موعینی کرمانشانی» کەوتمەوە کە دەڵێ:

- عجب صبری خدا داردفارسی

اگر من جای او بودمفارسی

.......................

.......................

.......................

چایەکەمان سارد بۆوە. ڕەشە تازەی کردەوە، گۆرانییەکی کورمانجی سەرووخەمی بڵاو دەکردەوە. «بڕێ» دەتگوت ئاوێنەی تەواونوێنی دەروێش وەفایە کە بە دەنگی برینداری دەڵێ:

دەردی دنیایێ لە هەموو دەردا مەزنترە:

یەک هەڕە وڵاتی غەریب،

یێ بمێنە تەنێ ل دنیایێ

ل وێ دنیایێ...

دەردێ شەفا زۆر گرانە

وتەنێ عەزیزێ شیرین جودا کرن،

ئیڕۆ ئەز غەریبم،

نە ل ورم...

چەند جار هاتم لەگەڵ دەروێش بدوێم، بەڵام زمانم بەسترابوو... ئەمنیش وەک ئەو کەوتبوومە نێو داوی جاڵجاڵووکەی خەم و پەژارەوە... دڵم دەگریا... گیانم شینی دەگێڕا... چاوم فرمێسکی تێگەڕابوو. دەروێش سەری بەردابۆوە بە ئاسپایی گوتی:

- داری زوڵم هەتا سەر بەر ناهێنێ... خودایەک هەیە کە هەق دەدا و هەق دەستێنێ... هەر خودا، خودا....

چایەکەمان خواردەوە، دەروێش ئاوای لەسەر ڕۆیی:

- پەری گوتی مارەیان کردم. شەوی هەینی داهاتوو چەند سوارێک هاتن بە دەهۆڵ و زوڕنا گوێزتیانمەوە. زێڕن و چەند ژنی دیکە لەگەڵم هاتن لە نیزیک گوندی «سەوزەڵان» دوو گۆرانیبێژ بە تەپڵ و دووزەلەوە بە پیرمانەوە هاتن. لەبەر دەرکەی ماڵە برایم ئاغای دایانبەزاندم. زاوا بە دابی کوردەواری گەنم و نوقڵ و دراوی بە سەردا هەڵاویشتم. ڕەشبەڵەک گیرا.

برایم ئاغا و چەند ڕدێن سپی و ئاغاوەت لە سووچێکی لە سەر مافوورەیەکی ڕۆنیشتبوون. داوی چەند گەڕ مامەند دەستی سەرچۆپی گرت و مەناف چوو لە دەستیدا هەڵپەڕی، یای گەلاوێژی کچی برایم ئاغا دەستی منی گرت و بردمی نێو گۆوەندەوە. دەستی مامەند و مەنافی کردەوە و ئەمنی لە دەستی مەنافی نا و خۆشی لە نێوان من و مامەنددا دەستی بە هەڵپەڕین کرد. چاوەش بە مەنافیدا هەڵگووت و مەناف دوو تمەنی شاباش دا. ئەمجا بە مامەندی هەڵگوت، مامەندیش چوار تمەنی دا. مارف پێی ناخۆش بوو کە مامەند زیاتری شاباش دابوو، بۆڵەیەکی لێهات.

گەلاوێژ گوتی:

- مامەند نەخشەت لێبێ.

مامەند گوتی:

- نەخشەم لێبووە، هیندی نەماوە.

تەنیا ئەمن زانیم مەبەستی مامەندی چییە؟

پەری هەر وەها بۆی گێڕامەوە:

- مەناف پیاوێکی داوێن پیس بوو، وەکوو گوێبیست ببووم ماوەیەک بوو لە دەوری «چیمەن»ی بووکی «مام بایز»ی دەگەڕا. مام بایز تاکە کوڕێکی بوو بە ناوی «پیرۆت» کە کچی برای خۆی بۆ هێنابوو. چیمەن لە جوانی و لەباریدا دەنگی دابۆوە. مەناف وازی لێ نەهێنا، بەڵام چیمەن لەبەر ئابڕووی خۆی چی بە شووەکەی نەدەگوت. ژنیکی بە حیا و نامووس بوو و جوانی مەنافی نەدەداوە، تەنیا مامەند لەو کارەساتە ئاگادار بووە. ڕۆژی زەماوەند لە دوای ئەوەی کە مارف لە گۆوەند هاتە دەر، ئەمنیان بردە ژووری دوونهوم و لەبەر پەنجەرە لە سەر کورسییەک دایاننام. لەو دەمیدا سمکۆ ئیشاڕەیەکی کرد و مەنافی بردە سووچێک و سرتەیەکی لەگەڵ کرد. مەنافیش ڕانەوەستا و لەگەڵ ئەوەی کە بە ناسڵامەتی زاوا بوو فیزماڵکیکی دایە و ڕۆیی. مامەندیش بە شوێنیدا وەدەرکەوت. مامەند بەر لە ڕۆیین چاوێکی لە پەنجەرەی باڵاخانە کرد. ئەمن لە ژێر تارای سوورەوە دیتم و زانیم بە شوێن مەنافدا دەچێ. سووکێکی دەستی زێڕنم کوشی. زێڕن لە تەنیشتم ڕاوەستابوو و بێ ئەوەی کەس بزانێ گوتم:

- وەدەر کەوتن، کار تەواوە.

کووچە و کۆڵانی دێ چۆل بوو و هەموو خەڵکی ئاوایی لە زەماوەند بوون. نیو سەعاتێک پێچوو کە لە پڕ پوورە «فات» کە سەرسپی ماڵە برایم ئاغایە، بە شین و ڕۆڕۆ هات و هاواری کرد:

- گۆوەند بەردەن... قوڕ بپێون... شاییمان لێبوو بە شین... هەی ڕۆ مەناف ئاغا ڕۆ... وەی ڕۆ مامەندئاغا ڕۆ... دە خوێنی خۆیان گەوزیون...

بەزم تێکچوو. زەماوەند شێوا. خەڵک بە لووزەو وەدەر کەوتن. تارایان لە سەر من فڕێدا. لە کۆڵانێک تەرمی مەناف و مامەند دەدۆزنەوە کە لە خوێندا شەڵاڵ ببوون. دەبینن هەرتک خەنجەر بە دەست بێگیان کەوتوون و خوێن جۆگەلەی بەستووە و مەییوە. شین و ڕۆڕۆی ژنان دەگاتە تەشقی ئاسمان. لەخۆدان و قوڕپێوان و سەر و ڕوو ڕنین بە پێی فیلان. تەنانەت ئەو کەسانەش کە مەناف و مامەندیان خۆش نەدەویست بە دیتنی تەرمی دە خوێن گەوزیویان خەم دایاندەگرێ و فرمێسکیان دە چاو دەگەڕێ. برایم ئاغا کە مرۆقێکی کورتەباڵا و قەڵەو و تەنگەزل دەبێ، خۆی داوێتە سەر گۆچانەکەی و هۆڕهۆڕ دەگری. ئاغاژن دڵی لەخۆ دەبێتەوە و بێهۆش دەکەوێ. دەبێتە حەشر. مەلا قادر مەلای ئاوایی دەڵێ:

- ویستی خودایە. ئەم تەرمانە لابەن با لە گۆڕێ نەبن. ئەم خوێنەش بشۆنەوە.

تەرمەکانیان بردە مزگەوت و خوێنەکەشیان شۆردەوە و لەو لاشەوە ئاغاژنیان وەهۆش هێناوە و لەگەڵ برایم ئاغا هێنایانەوە ماڵێ. برایم ئاغا لە حەوشەدا ڕۆنیشت و خەڵک لێی هاڵان. برایم ئاغا گوتی:

- کێ ئاگای لەو کارەساتە بووە؟ کێ چ دەزانێ بۆم بگێڕێتەوە.

کەس دەنگی نەکرد. دیسان گوتی:

- کەس ئاگاداری هیچ نییە؟

کچۆڵەیەک خەڵکی بڕ دا و چووە پێش و گوتی:

- برایم ئاغا ئەمن ئاگام لە هێندێک شت هەیە...

برایم ئاغا چاوێکی لێکرد و گوتی:

- ئەتۆ کێی؟

- ئەمن «گوڵیار» م، کچی «مستۆ» م.

- چ دەزانی؟

خەڵک بە بێدەنگییەوە چاویان لە گوڵیار بڕیبوو. چاوەڕێ بوون بزانن چ بووە و کێ ئەو کارەساتەی قەوماندووە؟ گوڵیار گوتی:

- ئەمن لە هۆو سووچەی ڕاوەستابووم، چاوم لە هەڵپەڕکێ دەکرد، مەناف ئاغا لەگەڵ سێ چوار کەسان سەیری گۆوەندیان دەکرد. مەناف ئاغا کەمیک واوەتر لە لای من ڕاوەستابوو. مامەندئاغا چاوێکی لە مەناف ئاغای داگرت، ئەویش هاتە لای. گوێم لێبوو کە مامەندئاغا پێی گوت:

- چیمەن بەتەنێ لە ماڵێیە. دەرفەتە خۆی بگەیەنە.

مەناف ئاغاش ڕانەوەستا ڕۆیی و مامەندئاغاش وەدوای کەوت. ئەمن ئەوەندەم ئاگا لێیە.

برایم ئاغا پرسی:

- چیمەن، بووکی مام بایزی؟

گوڵیار وەڵامی دایەوە:

لە ئەو زیاتر چیمەنمان نییە.

سرت و خورت وەنێو خەڵک کەوت. پیرۆتی کوڕی مام بایزی ڕانەوەستا و بە لینگدان چۆوە ماڵێ. مام بایزیش بە شوێنیدا وەدەر کەوت. پیرۆت لە ماڵێ هەرای ژنەکەی دەکا و دەڵێ:

- چیمەن!

- بەڵێ.

- دا وەرە.

چیمەن دێ. پیرۆت خوێنی دە چاوان دەگەڕێ. لەو دەمیدا مام بایزیش دەگاتێ. پیرۆت دەپرسێ:

- چ نێوانێکت لەگەڵ مەنافەگنەی بووە؟

- ئەمن؟!

- ڕاستییەکەی بڵێ دەنا وەک مەنافەگنەی دەتئەنجنم.

چیمەن دەگری و دەست بە قوڕئان دادەدا و دەڵێ:

- هێچ نێوانێکم لەگەڵ نەبووە و قەتیشم بە پیاو نەزانیوە، بەڵام ئەو چەند جاران پێشی پێگرتووم و ئەمنیش ڕانەوەستاوم و هاتوومەوە ماڵێ.

- ئەدی بۆ بە منت نەگوتووە؟

- ترسام خوێن بڕژێ. خودا ئاگای لێیە بە پەلەپووشێکیشم دانەناوە. مام بایز دەڵێ:

- ڕۆڵە ئەمن ڕدێنم سپی بووە، دنیام دیوە و خەڵکی دەناسم، چیمەن ژنیکی بە حەیا و نامووسە و تاوانێکی نییە. مەناف پلاری بە هەموو دارەگوێزێکی دادەدا. ئەوەش ئاکامەکەی. لەو دەمیدا پیاوێک لە دەرەوە هەرا دەکا:

- هۆی مام بایز! پیرۆت! لە ماڵن؟

مام بایز دەڵێ:

- بەڵێ. کێیە؟

- ئەمنم. «حەسۆ» م.

- فەرموو.

حەسۆ وەژوور دەکەوێ و دەڵێ:

- مام بایز! برایم ئاغا لە دوای چیمەنی ناردووم، دەیگوت هەر هەنووکە بێ.

چیمەن دەڵێ:

- مامە! برایم ئاغا ئەمنی بۆ چییە؟

مام بایز نەقڵی کارەساتی ئەو ڕۆژەی بە کورتی بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ:

- کچم! مەپەشۆکێ. خۆشت سەخڵەت مەکە، ئەمنیش لەگەڵت دێم؟

هەرچی هەبوو و نەبوو بۆ برایم ئاغای بگێڕەوە.

چیمەن زۆر پیاوانە بۆ برایم ئاغای دەگێڕێتەوە کە چۆن مەناف وەدوای دەکەوت، بەڵام ئەو ڕووی نەدەدایە. برایم ئاغا دوای چەند پرسیار ڕێگای دەدا بگەڕێتەوە. هەر ئەو ڕۆژە مام بایز و پیرۆت لەسەر ئەوە ساخ دەبنەوە کە لە گوندی سەوزەڵان بار بکەن و بڕۆن. هەر واش دەکەن. دوای چەند ڕۆژان بارگەوبنەیان تێکەوە دەپێچن و کۆچ دەکەن.

پەری بۆی گێڕامەوە:

- کەلاکی مەناف و مامەندیان شوشت و لە کفنیانەوە پێچان و ناشتیانن. هەر وەکوو لە زۆر مەڵبەندی کوردستاندا باوە، پیرەژنێکیان هێنا پێیاندا هەڵبڵێ. نەنە «مرۆت» بە دەنگێکی بەسۆز و بریندارەوە جلکی خوێناوی ئەوانی لە پێش خۆی دانا و ئاوای پێدا هەڵگوتن:

- هەی ڕۆ... وەی ڕۆ...

هەی لە من بابان وێرانێ

وەی لە من قەت کەس نەماوێ، ئۆقرەم لێ هەڵگیراوە لەبەر نهێمی دە گریانێ...

بۆم بانگ کەنە شاتران، قاسیدان، خۆشڕەوان

بیاننێرنە چوار قوڕنی دە کوردستانێ

با بڵێن هەموو ڕۆنیشنەوە دڵ خەمینێ،

سەریان بنێنەوە نێو هەش و سۆرانیان بخەنە نێو خمی شینێ،

بڵا دنیا ئاو بیبا لەبەر لافاوی دە گرینێ،

چونکە گۆوەند و زەماوەندم لێ بووە بە شینگا و کۆڕی شینێ،

بڵێ دوو گوڵمان لێ پەڕپەڕ بووە لە مێرگی دە ژینێ

هەی ڕۆ... وەی ڕۆ...

بڵێن جاڕچی جاڕێ بکێشن لەوێ دنیایە،

بانگەوازێ بکەن لە شۆڕەلاوی ڕەزاسووکی ئازا و وریایە،

گاز کەنە ناسکەکچی وەک شەنگەبێزایە،

بڵا بگرنەوە عەزایە بە تێکڕایە،

سوورەخەنەی بشۆنەوە لە پەنجەکانی بووکی ڕەشپۆش لە شینی زاوایە

هەی ڕۆ... وەی ڕۆ...

لە دواییدا بە بەژن و باڵای مەناف و مامەندیدا هەڵگوت و بۆ سوارچاکی و پیاوەتی ئەوان شینی گێڕا. ئەگەر کەسێک نەیناسیبان وای دەزانی ئەو دووە قارەمانن و لە ئازایەتی و شۆڕەسواریدا بێهاوتان!

پرسە دەست پێکرا. لە هەموو لاوە پۆل پۆل دەهاتنە سەرەخۆشی. ڕۆژی دووەمی پرسە بوو کە پێنج ژاندارمە هاتن و فاتیحایان دادا. برایم ئاغا زانی بۆ هاتوون. ئیشاڕەیەکی بە کاک «هەباس»ی کوڕە گەورەی دەکا، ئەویش سەرۆکی ژاندارمە بانگ دەکاتە دەرێ و لە سووچێکی هێندێکی دراو دە لەپی دەستی دەنێ. ژاندارمە دوای خواردنی نان و چێشتی نیوەڕۆ دەگەڕێنەوە و لە ڕاپۆڕتی خۆیاندا دەنووسن کە دوو کەس بەشەڕ هاتوون و یەکتریان کوشتووە و کەس تاوانبار نییە.

پەری گوتی:

- برایم ئاغا چوار کوڕی بوو، هەباس و قۆیتاس ژن و منداڵیان بوو و سیامەند و مامەندیش ڕەبەن بوون. سیامەند چەند ڕۆژ دوای کوژرانی مەناف و مامەند چاوی بە من کەوت. لە چاو لێکردنییەوە زانیم گیرۆدەم بووە. ڕۆژێک دەرفەتی بۆ هەڵکەوت و بە منی گوت:

- یای پەری خودا ئەتۆی خۆش دەوێ.

- بۆ؟

- چونکە لە چنگ مەنافی ڕەحمەتی ڕزگار بووی. لەگەڵ ئەو نەدەحاوایەوە. پیاوێکی ڕژد و دڵڕەش و داوێن پیس بوو. بەڕاستی ئەتۆ و ئەویان نەگوتبوو.

ئەمن دەنگم نەکرد. سیامەند دوای ئیستێک گوتی:

- ڕاستییەکەت دەوێ، پێم خۆش نییە ئەتۆ لە ماڵە ئێمە بڕۆی، پێم خۆشە هەر بووکی ئەو ماڵەی بی.

- مەبەستت چییە؟

- ئەگەر پێت خۆش بێ دوای سەرەخۆشی لە خۆمت مارە دەکەم. ئەمن قەدرت دەزانم.

ئەمن کە چاوەڕێی ئەو پێشنیارەی بووم، نەخشەیەکم بە مێشکی گەیشت و گوتم:

- ئەمنیش پێم خۆش نییە بچمە ماڵێکی دیکە، بەڵام جارێ با سەرەخۆشی تەواو بێ و ئەتۆش یاریدەم بدە بچمەوە ماڵە باوکم، جا وەرە لە باوکم خوازبێنی بکە.

سیامەند کە دڵنیا ببوو ئەمن ڕازیم شووی پێ بکەم، گوتی:

- زۆر باشە، خۆم دەتبەمەوە.

بەینێک پێچوو. سەرەخۆشی دوایی هات. ئەمن بۆ ئەوەی برایم ئاغا نەبێتە بەرهەڵستی گەڕانەوەم بۆ بەرزۆک، ڕۆژێک بە سیامەندم گوت:

- کاتی ئەوەیە بچمەوە ماڵی خۆمان. جا خۆت یاریدەم بدە با زوو وەڕێ کەوم.

- هەر ئەمڕۆ بە دایکم دەڵێم کە لە برایم ئاغای ئیجازەت بۆ وەرگرێ.

سیامەند لەگەڵ دایکی قسان دەکا و دەڵێ:

- دایە با ئەو کچە بچێتەوە ماڵە باوکی، باش نییە هێندە لێرە بمێنێتەوە.

ئاغاژن کە هەر لە ڕۆژی هەوەڵەوە خۆشی لە من نەهاتبوو، پێی وا بوو پێوقەدەمم ڕەشە، شەو لەو بارەدا لەگەڵ برایم ئاغای دەدوێ و برایم ئاغاش ئیجازە دەدا بگەڕێمەوە. سۆزی لەگەڵ زێڕن کە هەر لە لام مابۆوە و دوو ژنی سەرسپی و سیامەند، بەرە بەرزۆک وەڕێ کەوتین.

پەری دەیگوت:

- نیزیکەی هەوتوویەک بوو کە گەڕابوومەوە بەرزۆک کە بەسێ لیچ شۆڕ هاتە ماڵێ و بە دزی پێی گوتم:

- کاک سیامەند لە ماڵە ئێمەیە. ڕاسپاردان چیان لەسەر نییە. دەیگوت لەسەر قەراری خۆمان ڕۆژی هەینی دەنێرمە سەری. ئەمن دەمزانی بێ و بنێرێ، باوکم لە ترسی برایم ئاغای دوو و سێی لێناکا و دەمداتێ، گوتم:

- پێی بڵێ جارێ دایکم ناسازە، هەینی ئەو لا تر بنێرێ.

هەر کە بەسێ ڕۆیی، بە شوێن کاک مەندەمدا نارد و گوتم دەبێ بچی بۆ لای وەفای. ئێستاش ئەمە لێرەین و شوکری خودای بە یەک گەیشتووین.

***