هەڵفڕینی نێو تاریکی

بۆ هونەرمەند حسەین شەریفی
لە کتێبی:
قەڵای ڕاز
بەرهەمی:
ژیلا حسەینی (1964-1996)
 2 خولەک  1079 بینین
تۆ عاشقی بێداریت و
سواری ئەسپی خۆرەتاوی
تۆ چریکەی، تۆ هاواری
من زریکەم
ژان و گینگڵی شەوانەم
تۆ گۆرانی و هەڵفڕینی و
سەرچڵی گوڵ ژوانگەتە
من بێدەنگی و ناڵە و قەفەس باش ئەناسم.
لە ماڵێکا گەورە بووین و
لە باوەشی ئازارێکا باڵامان کرد.
من کۆتر و بەرزەحەوایلە و هەڵفڕینم خۆش ئەویست
بووکەشووشەیان ئەدامێ
حەزم لە سەربان و نێو کۆڵان ئەکرد.
نێو مەتبەخ و پشت پەنجەرە بوو بە جێگام.
ئەو کاتەی وا تۆ سواری خۆرەتاو ئەبوویت
من بێزووم بە ڕووناکی ئەکرد.
لەو ڕۆژەوە چریکەی تۆ
بەرز و بەرزتر ئەبێتەوە....
خەوەکانم باڵا ئەکەن
چ گەردەلوولێکی سەیرە
ئەم خەوانەی ئەیانبینم
چ سەرمایەکی ناخۆش پەنجەی خستۆتە سەر شانم
چەن سەرمامە و
ئەم شەوانی چاوەڕوانی و چرکەی سەعات ژماردنە
بێ کۆتایین
بچریکێنە
خەو لە پێڵووی چاوەکانم بتارێنە
منیش حەز لە بەیان ئەکەم
گراوی عەشق و ڕووناکیم
هەڵفڕینم بە خەو دیوە و
داچڵەکیوم.
سەیرم کە چۆن شەونخوونی بووە بە هاوڕێی شەوانم
ئەم شەوانەم قەد بە ژیانم نەدیوە
شەوانی بێ بڕانەوە
خەوبینین و شەونخوونی؟!
هەڵفڕینی نێو تاریکی و بەرزبوونەوەی بەرەو ئاسمان
کەچی لە میچ گیرسانەوە و برین...برین.