یاد
لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
1 خولەک
1766 بینین
یاد
بە دەنگی: سەید خالد ئیمامی
شەوە، شەوێکی درەنگ،
دنیا خاپوورە، بێدەنگە،
بۆ «زاگرۆس» و «چیا» و «ئاگرین»
دڵم تەنگە... ئاخۆ ئێستا،
خەونی کێهە جوانەبژوێن،
یا نە لارەی کامە لاوێن،
کامە کانیی ڕوون و خاوێن،
مەستیان دەکا؟
لێوان لە هەڵبەستیان دەکا؟ یا نە ژینێکی وەک سازی سیم هەڵپساو،
یا نە هەزار چەشنە بیری نیوەتەواو،
لە دەوری وان مەلی خەویان تاراندبێ،
پەژارەیان باراندبێ...
ڕۆڵەکانم!
«زاگرۆس» سۆمایی چاوانم!
«چیا»ی جوانم، هیوای ژیانم!
«ئاگرین» گوڵی ئاورینم، گیانی گیانم!
لە بەهەشتی خۆشی «ئالتسای»،
لە لێڕی بێ وێنەی «ڕادە»،
لە بەستێنی دڵئەستێنی یەکاوی «ڕاین»،
تەنیا ڕووی ئێوە دەبینم،
هەر ئێوەن ئاواتی ژینم... کە وا بوو تا کاتی خۆشی یەکتر دیتن،
سەرکەوتوو بن!
ژیانێکی پڕ لە خۆشی،
دوور لە تووش و لە پەرۆشی...
دنیا خاپوورە، بێدەنگە،
بۆ «زاگرۆس» و «چیا» و «ئاگرین»
دڵم تەنگە...
خەونی کێهە جوانەبژوێن،
یا نە لارەی کامە لاوێن،
کامە کانیی ڕوون و خاوێن،
مەستیان دەکا؟
لێوان لە هەڵبەستیان دەکا؟
یا نە هەزار چەشنە بیری نیوەتەواو،
لە دەوری وان مەلی خەویان تاراندبێ،
پەژارەیان باراندبێ...
ڕۆڵەکانم!
«زاگرۆس» سۆمایی چاوانم!
«چیا»ی جوانم، هیوای ژیانم!
«ئاگرین» گوڵی ئاورینم، گیانی گیانم!
لە بەهەشتی خۆشی «ئالتسای»،
لە لێڕی بێ وێنەی «ڕادە»،
لە بەستێنی دڵئەستێنی یەکاوی «ڕاین»،
تەنیا ڕووی ئێوە دەبینم،
هەر ئێوەن ئاواتی ژینم...
سەرکەوتوو بن!
ژیانێکی پڕ لە خۆشی،
دوور لە تووش و لە پەرۆشی...