هاواری تووتنەوانێکی ناوچەی سەردەشت
لە کتێبی:
شیعرەکانی مەلا ئاوارە
بەرهەمی:
مەلا ئاوارە (1933-1968)
7 خولەک
2008 بینین
تووتنەوانێکی هەژارم
بێخانوو و بێزەوی و زارم
منداڵم ڕووت و برسییە
ژیانم پڕ مەترسییە
ڕووم نییە بچمە نێو خەڵک
بێبەرگ و پێڵاو، بێکەڵک
بەڵام چ بکەم چارەڕەشم
خەرمانم زۆرە و بێبەشم
خۆم و خێزان، گەورە و بچووک
ڕادەپەڕین وەکوو هەلووک
یا قوڕەکاری و خشتەبڕین
یا جووتە و زەوی هەڵدڕین
بە گاسن، پێمەڕە، بە پاچ
بە چنگ و نینۆک و بە قاچ
ئەوجا توو و شەتڵ پێ دەکرێ
بە چیلکە و چاڵ سەری دەگرێ
بژاری چەن ناخۆش و ورد
پیشەیی کوڕ و کیژی کورد
زەوییەکەم بوورە، دێر بکەم
نەوەک سیس ببن شەتڵەکەم
دێراو هەڵدان، خاکاو کردن
کوڕ و کچ وەکۆوە کردن
بێپووڵ و باغ و بزن و مەڕ
دوورم لە خێر، نزیک لە شەڕ
قەرزدارم، دەردەدارم
شەرمەندەی خەڵکی دێ و شارم
خەڵکی پێی وایە تەمبەڵم
بێکەسب و کار و چەپەڵم
هەرکە کوتیان سەری ساڵە
وادەی جووت و کشتوکاڵە
هەڵدەبەزین لێرە و لەوێ
بەڵکوو کارێکمان دەس کەوێ
وا بەهارە دەرکەوت گڵ
جێگە خۆش دەکرێ بۆ شەتڵ
دەیبێژین و خۆشی دەکەین
تێکەڵ دەبێ لە گەڵ پەین
دوو ڕۆژ جارێک ئاوی دەوێ
تا شین دەبێ و دەردەکەوێ
شەو و ڕۆژ خەو ناچێتە چاو
کەنگێ بەرم کەوێ ئاو؟!
بە شێوبڕین و وەرد و خەت
کێڵان دەگاتە پێنج کەڕەت
ناخۆشە تووتن چەقاندن
هەڵترووشکان و پشت چەماندن
لە ئاو داشتن سستی نەکەی
تا دەگوورێ وشکی نەکەی
نۆرەی پشک و بژاربڕە
جەرگبڕە، بژار پڕە
وا نیوگوڵ کرا ئاو درا
لە دوورەوە بەرچاو کرا
کڵاو کەرگەری وەدەرکەوت
ئەژنۆم شکا، نێوکم کەوت
ڕەببی کوێر بێ و چاوی نووسێ
بە زیادم لە سەر نەنووسێ
دەردی پێرارم نەگاتێ
نە کەسریم بێ و نە چیم داتێ
تووتننووس، بۆ خاتری خودا
ڕوحمێ بکە بە منی گەدا
مەیسووتێنە ڕەنجی ساڵم
خاوەنی کۆشێک منداڵم.
تازە هەڵیوەشێنمەوە
بشمری نایکوژێنمەوە.
من کاربەدەستی دەوڵەتم
دوژمنی خاک و میللەتم!!
زۆر لەبەری پاڕامەوە
بێ پووڵ جوانی نەدامەوە
نووسی بە چڵ پووتی تەواو
تەپڵە بە سەری دوا بڕاو
بە فیزەوە سوار بوو ڕۆیی
بو من چی ما؟ ڕەنجەڕۆیی
ئەوجا بارین دەرد و بەڵا
بۆ تووتنەوانی بێسەڵا
بە لەرز و تا، بە دەردی چاو
سیس بووم وەک تووتنی بەر هەتاو
بێ پووڵ و پارە، بێخەرمان
بێ دوکتۆر و داو و دەرمان
کرم و مڵەش، کەڵە و گەزۆ
لە تووتنی تایین بوون وەکۆ
ئەویش وەک من سیس و داماو
چرچ و بێشەفاف و ژاکاو
نەخۆش و هەژاریم بران
کارم زۆرە، دەردم گران
جوچکە وەچە، سەر پسان
بنپەل تەڕە داشکان
چارداخ و بەن پێوە کردن
وەبەر تاو دان و وشک کردن
تەلیس، شریت و حەمباڵی
خەسار نەکەی نیو مسقاڵی
ئەوا داگیرا و دانرا
پەتەی بار کردنی درا
خۆشی خۆشی دڵم شادە
خاوەن قەرز بەس خۆ بادە!
تووتنەکەم زۆر جوان و ڕەندە
بۆن خۆش و باش و پەسەندە
ئەوڕۆ و سبەی باری دەکەم
وارید بە ناو شاری دەکەم
دوخانیە چاکم لێ دەکڕێ
پووڵێکی باشم پێ دەبڕێ
هەر قەرزێکی بە سەرمەوە
دەیدەمەوە بە گەرمەوە
جلک و پێڵاو، دەسرە و کڵاو
برنج و ڕۆن، بۆ چڵاو پڵاو
هەرچی پێویستە بۆ ماڵم
بۆ خۆم و ژن، بۆ منداڵم
هەمووی دەکڕم بە هەرزانی
لە چاو ساڵان بە مەرجانی
قەرزدار نیم، نەختکڕم
چیدی ناڵێم بەرگشڕم
حاجی قادرناوی تایبەت، عەلی قەسابناوی تایبەت!
چایی بێنن لەگەڵ کەباب
شەو لە ئوتێل لە سەر فەنەر
دەخۆم، دەنووم بە بێ خەتەر
بە ڕۆژ تا شەو بازاڕ پێوان
بە فیزەوە قەدەم لێدان
دەگەڕێم دووکان بە دووکان
سەودا دەکەم جلکی بووکان
لە دەرزی تاکوو پەشمینە
هەر شتێ جوان و ڕەنگینە
نرخ و قیمەتی دەپرسم
تووتنم هەیە، چاو نەترسم
منداڵیش تلیتلییانە
لە ماڵێ خۆشی خۆشییانە
باب لە شار دەگەڕێتەوە
هەموو شتێکمان بۆ دێتەوە
دوو ڕۆژ بەم جۆرە ڕامبوارد
بە قەرز نان و چاییم خوارد
دڵ پڕ لە ئاهەنگ و خۆشم
ئەمڕۆ تووتنەکەم دەفرۆشم
ئاغای ڕەئیس وەدەرکەوت
ئۆخەی نۆرەم وەبەر کەوت
دە فەردە تووتن ڕیز کراو
لە بەر شەوقی هەڵنایێ چاو
بۆ دیتن و چاو لێ کردن
هەمووی پەرت و بڵاو کردن
سەر و بنی هەڵتەکاندن
نیوەیەکی لێ وەراندن
منیش لە جێی خۆ هەستاوم
بە بێ زمان ڕاوەستاوم
لە ناکاو هاتە گوێم دەنگێ
دای لە جەرگم وەک خەدەنگێ
گوتی: لێدەن بە واگوزار
ئەمساڵ خراپترە لە پار
بە ڕوویەکی ترش و تاڵەوە
گوتی زوو بگەرە ماڵەوە
دە پووتت کەسری لە سەرە
بیهێنە بێ بێنە و بەرە
کە گوێم گرت لەم دەنگ و سەدا
ڕەق بووم لەوێ وەک مقەبا
پاش تاوێ تاسان، حەپەسان
بە دەنگێکی پڕ لە ترسان
هاتمە زمان، هاوارم کرد
لێم وەکۆ بوون درشت و ورد
کوتم: هەی داد و هەی هاوار
هەر لە ڕێگەی پەروەردگار
ئاغای ڕەئیس! قەرزدارم
نەخۆشم، برسیم، هەژارم
هیچ نەبێ قەرزی ئەمساڵم
قووتی خێزان و منداڵم
بمدەنێ با ئەربابەکەم
هەقی چایی و کەبابەکەم
ڕازی بکەم بیدەمەوە
ڕێم بێ بۆ شار بێمەوە
یا بمگرن، یا بمکوژن
یا کەسریم لە سەر هەڵگرن
بمبەخشن لە ڕێگەی خودا
خەرجیم نییە بۆ دادگا
هەڵدەلەرزیم هەڵدەچۆقام
نەڕاندی بە سەرما، تۆقام:
ئەی بێشەرمی پەردە دڕاو
ئەی چڵمنی پیس و گڵاو
بێدەنگ نەبی، بێئابڕوو!
تێت هەڵدەدەم بە ئارەزوو
دا کوڕینە، لێرە دەری کەن
نەک لێرە، شاربەدەری کەن
بەم چەشنە دەریان پەڕاندم
بەرهەمی ساڵیان فڕاندم
بە دزی خاوەن قەرز و ئەرباب
بێ پووڵی قاوەچی و کەباب
ملم بۆ نا بە لارەوە
دەرکەوتم لە ناو شارەوە
بە چاوی پڕ گریانەوە
بە دڵێکی وەک بوریانەوە
هاتمەوە ناو خاو و خێزان
وەک بارانی گەڵاڕێزان
فرمێسکی ڕووتی و هەژاری
لە چاوی گشتمان دەباری.
دوژمن تاکەی بدەم باجت
دەک وەرگەڕێ تەخت و تاجت
ئەی وەرزێڕان، ئەی جووتێران
ئەی تووتنەوانی ماڵوێران
با یەکدڵ و یەکزبان
بە خەباتی شێلگیرمان
تا دوا پشوو هەوڵ دەین
شەق دەو ڕەژیمە هەڵدەین
یەک گرتن هۆی سەرکەوتنە
خەبات ڕێگەی دەسکەوتنە
ئەگەر یەک بین و یەک بگرین
لەگەڵ یەکدا بژین بمرین
زاڵ دەبین و سەر دەکەوین
بەرز دەبین و نانەوین
هەوڵ و تەقەللای بێوچان
بێ ماندوویی و بێپشوو دان
تاقە ڕێگەی ئازادییە
هێنەری ڕۆژی شادییە
لە دوازدەی شەشی چل و شەشدا سەعات دوازدەی بەیانی لە یەکێک لە چیا بەرز و سەخت و سازگارەکانی نیشتمانی ئازیزمان کوردستانی ڕەنگین لە ژێر کەپرە شینکەیەکی خنجیلانەی نەشمیلانەدا کە چۆڕەچۆڕی کانیاوە ساف و ساردەکەی تەنیشت کەپرەکە، قاسپەی کەو و کەوباڕە نەخشینەکانی دەوروبەریان تێکەڵ بە شنەشنی شەماڵ و بای کوێستان کە دەیدا لە لقوپۆپی دار و دەوەن، وەک لایی لایی دایکێکی دڵسۆز کە لە حەدەحەدی نیوەشەوی گەڵاڕێزانی پایزدا، بە دەنگێکی نەرم و ناسک و خۆش کۆرپەی تاقانە و خۆشەویست بلاوێنێتەوە، لە پەردەی گوێچکەماندا دەزرینگایەوە و هانی دەداین بۆ ئاهەنگ و هەڵبەستی هەڵپەڕکە و گۆرانی، بەڵێ ئا لەم شوێنە و بە هەوای خۆش و دڵگیری ئەمانە بووژامەوە و هاتمەوە حاڵ و ئەم پارچە هۆنراوەم نووسییەوە تا ببێ بە یادگار، هەرکاتێ لە هەر شوێنێ خوێندرانەوە، ئەوانەی ناحەزن تف و نەحلەت و نفرینێکی زۆر و ئەمانەش کە دۆست و برادەر و هاوڕێن دوعا و سڵاو و ڕۆژباشێکی لەبەردڵانم بۆ بنێرن و یادم بکەن و وەبیریان بێمەوە.