خەم مەخۆ گوڵم!

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 2 خولەک  1996 بینین
خەم مەخۆ گوڵم!
بە دەنگی: عەلی حەسەنیانی
خەم مەخۆ گوڵم!
بە دەنگی: سەید خالد ئیمامی
گوڵم! بە چاوی پڕ لە خەم قسەم لەگەڵ مەکە!
کە دێمی دڵ،
لەمێژە چاوەڕوانی نم نمی بزەی دەمی جوانتە!
گوڵی پەڕیوەڕەنگی خیزەڵێنی گیانی تاسەبار،
شنەی بەهارەکەم!
چاوەڕێی وتە و دوانتە!
 
بە من مەڵێ:
مەلانی بەرزەفڕ بە دڵشکاوی و ئەوینبڕاوی و پەژارەوە،
بەرەو هەواری نادیاری ئەوپەڕی خەیاڵی بێسنوور،
لەمێژە کۆچی خەم دەکەن...
مەڵێ کە ویشکەسوێمە، دێوی شەو بناری گرتووە،
بەرهەڵستە زێوی قاڵی سەرتەزێنی مەستیهێنی کانیاو،
کوڵی دڵم لە نێو بەرێ...
مەڵێ نەمامی ژینی پڕ جەفا و جەخارەکەم،
ڕواوی شۆرەکاتە، بڕکەمردووە،
چرۆ و گەڵای وەراندووە،
مەحاڵە تازە بێتە بەر...
لە بیر مەکە چنوورەکەم!
کە هەوری ناهومێدی بۆتە هۆی خەمت،
کەچی نزیکە ڕووگەی ئارەزوو،
وچانێ بگرە هەر سبەینێ زوو،
شنەی شەماڵی شادیهێنی کێو و کەژ،
دەبێتە تێکەڵی خوڕەی شەتاوی بەر بنار!
گزینگی بەربەیانی دڵڕفێنی خەمڕەوێنی شەوتەرێن،
دەبێتە لابەری شەوەی شەوی ڕەشی تازیەدار!
جوانەدیمەنی ژیانی نوێ دەبێتە هۆی بزە!
لە هەر کوێ زەلکەیە دەبێتە مێرگی دڵڕفێن!
مەلانی دوورەلانی تاسەبار، بە مۆسیقای ئەوینەوە،
بەرەو وڵاتی کوردەواری دێنەوە!
پەژارە لادەچێ و بە پێکەنینەوە دەڕۆینە گوڵ چنین.
لە بەرزەکۆوە قاسپەقاسپی باڕەکەو،
سەما دەخاتە بەژنی ڕێکی خواژنی ئەوین!
گوڵم!
نزیکە خەم مەخۆ...