گێژەڵووکە

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 2 خولەک  1523 بینین
گێژەڵووکە
بە دەنگی: عەلی حەسەنیانی
لە ڕێگەی گەیشتن بە ئاوات،
وەکوو گێژەڵووکەم لە دوور ڕێی بەسەرهات...
گەلێ کێو و ڕژد و خڕ و چەم،
گەلێ خەم،
گەلێ تەم،
بە جێم هێشتووە و ڕێ دەپێوم بەرەو دوندی ئەستەم...
 
دەڵێن کۆشکی ئاواتی گەورەی لەمێژین،
لە زەنوێری داوێنی کێوێکی بەرزە...،
گەلێ کانیاوی جوانی بلوورین،
لە داوێنی کۆ دێنە نێو سەوزەڵانی.
سروودی هەبوون و نەمردن دەخوێنن...
ڕوانگەی کەژ و لێژ و هەڵدێر و زەنوێر،
بەهەشتی ئەهوورا دەنوێنن...
 
لە دەشتی بەرینی زەمانا ئەسیرم،
کەچی هێشتێ بژوێنی ئۆخژنێ دوورە...
ئەوەی نادیارە سنوورە، سنوورە...
 
کە وا بوو،
مەڵێ بێوەفا بوو...
هەتا پێگەیین ڕێی چەتوونم لە پێشە،
هەڵە و هەتڵە بوونم لە پێشە،
مەترسی بەرەو چاڵە چوونم لە پێشە...
 
بەڵام ئەی هەموو بەژنەکەت پێکەنین!
کەژاڵێ! گوڵی ئاگرین!
ئەمن دڵنیام ئاخری خۆڵەپۆتینە دەبڕێ،
شەماڵی بەهاری لە ڕووم تۆزی ماندوویی دەسڕێ،
شەبەق ڕەنگی سووری گوڵاڵەی دەبەخشێ بە گۆلاوی ژینم،
کەوی کۆ،
بە قاسپەی لە هەر دەنگێ خۆشتر،
دەدەن جوابی سەد زایەڵەی پێکەنینم...
 
لە مەڵبەندی دوایی من و تۆ،
لە بادەی گزینگی بەیانانی ئاسۆ،
لە سەر تاکوو پێ مەست دەبین،
هەست دەبین
بزەی مەندی هەڵبەست دەبین...