وردەواڵە
لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
2 خولەک
1624 بینین
ئەی لە سەر تاکوو پێ بوتی زێڕن!
بۆچی ئاگر دەدەی لە ژینی من؟
جوان و بۆنخۆش و دڵڕفێن و گەشی
خۆزگە دەمزانی تۆ گوڵی یا ژن؟
***
بە خۆم گوت با لە سووچێک دابنیشم
وەکوو بەردێک، بە ئارامی و نهێنی
کەچی دیتم کە بۆم ناگونجێ ئاوا
ئەتۆ بەردی گرانیش وە قسە دێنی
***
کیژێ! بەدبەختی من لە تۆ ڕایە
خۆزگە لە هەوەڵ تۆم نەدیبایە
ژینی پەڕپووتی من لە هاندی تۆ
چەشنی پەڕی کا و هێرشی بایە
***
چاوەکانم! دەردی دووریی تۆ لە دڵما بۆتە خەم،
من لە سوێی تۆ گیانەکانم! جا چۆن بە سەر خۆما نەدەم؟
یا ئەتۆ لوتفت هەبێ ڕۆژێک سەرێ لێرە بدە!
با ئیجازەم پێ بدە من بێم سەرێکت لێ بدەم!
***
دەرکی دی زۆرە ئەگەر بمهەوێ ڕوویان تێکەم
ڕوو لە هەر کوێیە بکەم غەیری تۆ ماڵم شێوێ
دەرکی تۆ دەرکی هومێدی منە هەر وەک جاران
دەرکەتم لێ وەکەوە، ڕێم بدە بێمە تێوێ
***
ئەم ئەنجومەنە سەوزەیە، زنوێرە، زەمەندە
في حفلتنا تنجلي انوار السماواتعەرەبی
کهلیک سنن گول اچلبدوور بو چمندەتورکی
هر گوشە نشاط است و شە غلە شدە ماتفارسی
***
شیخ ما کاری ندارد جز شکم!فارسی
پاروو دادەگرێ چ پاروو؟ وەک کەلەم!
بیر بلە اولّافنن مندە اشیت:تورکی
شيخنا احسن من الشيخ العجمعەرەبی
***
کێوەکان پێکەوەن کەچی تەنیان
وەکوو ئێمە کە پێکەوە و تەنیاین
***
دینی تۆ بە بای داوە هەموو بەرهەمی دینم
زۆر سەیرە کە بۆ دینێکی دی ئێستێکە دینم
***
نە لە زێدم هەیە جێگەی ژینێک
نە لە خاکی دەرەوە پەرژینێک
***
ئەتۆ پێت وا نەبێ هەر خۆت لە پێشی
کەچی نازانی باری کێ دەکێشی؟
***