تاپۆ
لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
3 خولەک
1688 بینین
خۆری ڕەنگ زەرد و ساردی سەرماوەز
وا خەریکی دواپشووی ژینە
زەردە گۆێیکی نێو خمی شینە
ئاورێکی کوژاوی بێ تینە
بیری ڕۆژانی گەرمی هاوینە
کزەبا نێو دڵان دەلەرزێنێ
کێیە کۆرپەی هەتیو بلاوێنێ؟
داری ڕووت و گەڵاوەریوی کز
خۆ دەلارێنێ، خۆ دەلارێنێ
ئاو لە نێو جۆگەدا قەتیس ماوە
شەوچرای ژینی خەڵکی کوژاوە
دەمی شەمزان و شین و شێوانە
کاتی ئاواتی دڵ فڕێدانە
کوا ژیان؟ بۆچی بوو بە ئەفسانە؟
وردە وردە دوانیشانەی ژین
ڕۆیی، ئاوا بوو، کۆچی دواییی کرد
ترس و لەرزە لە جێگەی ئازایی
بووکی تاسە و ئەوین و هیوا مرد
ئەی هەموو ناونیشانی هەستی ژین
ئەی بزە! خۆشی! خۆشەویستی! ئەوین!
خۆرەتاو، ئەی هەتاوی گەرم و بەتین!
بۆچی مردن؟ نەمان؟ لەبەرچی ڕەوین؟
ئەوە شەو هات و خێوەتی هەڵدا
پشوو بەندی بووە لە نێو بەندا
دایکە کۆرپەی لە باوەشا دەکوشێ
دێوی خەم نێو دڵی دڵانی گرت
هاتی ڕۆیی، دەمی نەهاتی هات
شەوە هات و گەڕی گەڕانی گرت
گەمیی شادی لە نێو زرێی خەمدا
سەری شێواوە، دوورەبەستێنە
دوند و لاپاڵ و بەندەن و نواڵە
هەموو خەمهێنە، شادی ئەستێنە
خەم، نەهاتی، شەوە، تەم و زریان
شەوەزنگ، ترس و لەرز و سەرشێوان
دڵ پەشێوی، پەرۆشی، دەرد و جەخار
بەشی ئەمشۆ کەیە، خودا هاوار
کێیە بێ و پێم بڵێ چ قەوماوە؟
بۆ هەموو خەڵکی مات و شێواوە؟
شەمی هیوا لەبەر چی کوژاوە؟
پەریی دڵخۆشی بۆچی تۆراوە؟
نیوەنووزەی پیاوێکی لەرزۆک
کە لە ناخی دەروونی دێ بۆسۆ
دەڵێ: بڕوانە دووری، سەر ئاسۆ
ئەوە دیسان هاتەوە تاپۆ
تاپۆ؟ تاپۆی چی؟ بۆچی تۆقیون؟
بۆ دەترسێن؟ لەبەر چی شەمزیون؟
ئاخ... گوێ بگرە، دەنگی تاپۆیە
جارجار دێت و کێو دەلەرزێنێ
ئەوە تاپۆ بە کۆڵێ تەوس و توانج
بانگی ئێمە دەکا و دەنەڕڕێنێ:
«ئەی ئەوانەی منوو بە دەسبەستە
دایە دەس دوژمنانی ئاو و گڵم
ئەی ئەوانەی کە دیتتان گوللە
چۆنی دەبڕێ هەناو و جەرگ و دڵم
ئەی ئەوانەی کە ڕۆژێ یارم بوون
منتان هان ئەدا بەرەو کوژران
ئەی ئەوانەی لە گۆڕی بێشەرمی
بێ سکاڵا بە دەستی خۆ نێژران
ئەوە من بووم وا بە شانازی
شەرتی خۆم بردە سەر پیاوانە
ئێوەش ئەی تاقمی لە دەس دەرچوو
وا بە سەرشۆڕی بوونە ئەفسانە
تەک وەباڵی منوو وە ئەستۆ بێ
تەک لە ماڵوو هەمیشە ڕۆڕۆ بێ»
«ئاهـ...
ئەی شەوە! تارمایی! ئەی تاپۆ!
بەسیە بۆ خاتری خودا لاچۆ»
ئەوە دەنگی کوڕێکی لاوە، دەڵێ:
«ئاهـ تاپۆ! ئێمە سەرشۆڕین
بەڕواڵەت دەژین، بەڵام لەنێو گۆڕین
ئێمە مل خێسی تۆقی تووکی تۆین
شەو و ڕۆژ هەر خەریکی شین و ڕۆین
بەسیە ڕابواردنی بە سەرشۆڕی
ئەمشۆ لۆمەی تۆ ژینمی گۆڕی
شەرتە من بێم و شوێنی تۆ بگرم
نەک بە حیزی لە جێگەدا بمرم
یا نە ئازادی خاکی کوردستان
یا لە دەس چوون، کەوتن، هەڵنەستان»
تاپۆ کەم کەم خوشی، نەما، ون بوو،
مانگ هەڵات، هاتە دەر لە سەر بستوو،
لاوی ژیر و بوێری کوردستان
بانگەوازی دەکرد لە بۆ هەستان