سەفەری واوان
لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
2 خولەک
1303 بینین
«فەرهادکەس» کە سەرقافڵەیە باش دەزانێ
ڕێ هەتڵە بکا بۆ کەژ و کۆ و چۆم و دەراوان
جارێکی دەمانباتە چیا و ئەستەم و بستوو
جارێکی دەمانخاتە چەم و گۆم و کەناوان
ترسم ئەمەیە هێندە بڕۆین تاکوو دەگەینە
لێڕ و کەژی «داوداوێشوێن» و «مامکاوێشوێن» و «ساوانشوێن»
«نۆکانشوێن» و «زەڵێشوێن» و «تووژەڵشوێن» و «نێوزەنگیشوێن» بپێوین
ڕوو کەینە گەلی بێئەمەگی دەرپێ نەماوان
پێمان هەموو کون کون بووە بەم تیغ و پەلانە
دڕکی دە بەنێ ئێستێ پەنامانە لە تاوان
بەم چنگەڕنە چۆن دەبڕێ بەندەنی وا ڕژد؟
تینوویی چلۆن دەشکێ بە سوێراوی گڕاوان؟
بیستوومە دەڵێن لەو گەوەیە گەی سەدی وەک من
لێک بۆتەوە بێ دەرفەتی ڕێی چارە بە گاوان
پێی پێوە دەبێ هەرچی نەپێوی و بپێوێ
ڕێی زەبر و زرینگانە نە ناحاڵی و خاوان
ناکا لە نەکاو پێ بخزێ لەم گەوە سەختە
بگلێین و نەبینینەوە سەرکەوتن و کاوان
پێم وا بوو کە نیزیکە کەچی ئێستێ دەترسێم
بێ دیتنی واوان بگەمە دوو گەزە جاوان
هیچ جارە نییە باسی سەرە ڕەخنە لە «فەرهادکەس»
زۆر زەبر و زرینگە و گەلێکی داوە لە ئاوان
وا باشە کە بێدەنگ بم و «فەرهادکەس» نەغەزرێ
چم داوە لە باسان و لە دەمگوان و لە قاوان
من پیرم و «مام قالەکەس» لە من کۆنەکتێبتر
کەس نێ بڵێ پیرینە چتان داوە لە لاوان؟
«ئیقباڵکەس» لەگەڵ ئێمەیە ئەمڕۆ کە، ئەگینا
ناومان دەشۆراوە لە نێو دەفتەری ناوان
من تۆبە دەکەم لەمڕۆکەوە تا دەمی مردن
ناکەم هەوەسی دیتنەوەی کاولی واوانشوێن