گۆرانیی بەهار

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  2339 بینین
کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە
چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە
بچۆ سەر گردی یارە ببینە
لە جیهاندا گوڵێکی ڕەنگینە
چونکە وایە خوایە ئاوا بێ
ئەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارە
ڕوو بکەرە شاخی گۆیژە بنوارە
عەرشی پەروەردگاری لێ دیارە
دامەنی وەک بەهەشتی ئابدارە
خۆشە بۆ هەڵبژاردە ئاوا بێ
زەمزەمەی بولبولی بەهارانی
وردە بارانی ژێر دەوارانی
نەشئەیی بەزمی سەرچنارانی
وشکەسۆفی ئەخاتە گۆرانی
جێی سلێمانە بەڵێ ئاوا بێ