پێشەکی

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  960 بینین

خوێنەری خۆشەویست!

ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی (١٩٦٤ز)، ئەو کاتی لە زیندانی «قزڵقەڵا» ی تاراندا بە تاوانی کوردایەتییەوە گیرابووم، چیرۆکێکم بە زمانی فارسی نووسی بە ناوی «روناک آهوی کوهستان» واتا «ڕووناک مامزی کوێستان» کە بەداخەوە لە هەڵسوکەوتەکانی ژیاندا، لەگەڵ زۆر شێعر و نووسراوە و چیرۆکی دیکە فەوتا و لە نێو چوو، بەڵام چۆنیەتی چیرۆکەکەم هەر لە بیر مابوو تاکوو لە ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩ی ز) لە بناری قەندیل بە دەگمەن لەگەڵ پێشمەرگەیەک ئاشنا بووم و بیرەوەرییەکی خۆی بۆ گێڕامەوە. بەسەرهاتی ئەو زۆر وەک بەسەرهاتی قارەمانەکانی چیرۆکی من دەچوو. لەگەڵ خۆم بڕیارم دا کە بەسەرهاتی «ڕاستی» ی ئەو پێشمەرگە قارەمانە لەگەڵ بەسەرهاتی «خەیاڵی» ی قارەمانەکانی چیرۆکی خۆم ئاوێتە بکەم و بیکەمە چیرۆکێک، دەستم پێکرد. هێشتا نیوەچڵ بوو کە بە داخەوە لێم لە چۆمی «کەڵوێ» کەوت و لەگەڵ هێندێک نووسراوەی دیکە ئاو بردی. سەرلەنوێ دەستم پێکردەوە. بە هۆی ژیانی پێشمەرگایەتییەوە بۆ هەر کوێ دەچووم لەگەڵ خۆم دەبرد و لە هەر دەرفەتێک بۆ نووسین کەلکم وەردەگرت تاکوو شەوێک لە گوندێکی لای «هەوشار» کە لە هۆدەیەکی دامنابوو، تۆپێکی دوژمن وە دیوەکەی دەکەوێ و چیرۆکەکەی منیش دەبێتە بەڵاگێڕەوەی ئێوە. وازم لێ نەهێنا و بۆ جاری سێیەم نووسیمەوە، بەڵام ئەم جار خوداوڕاستان توانیم لە ڕۆژی ١٣٦٠/٨/٢٠ لە گوندی کاوڵانی ناوچەی گەورکی مەهاباددا تەواوی بکەم.

وەک ئیشاڕەم پێکرد «کارمامز» پردێکە لە نێوان «هەبوو» و «نەبوو» دا، بەڵام بەشی «خەیاڵی» یەکەی زۆرترە.

لە «کارمامز» دا ژیانی کوردەواری، ڕابواردنی پێسمەرگایەتی، داب و نەریتی دواکەوتووانە، زوڵم و زۆرییەک کە لە کچان دەکرێ، خراوەتە بەر چاو.

«کارمامز»، یەکەم چیرۆکی درێژی منە کە دە ساڵ لەمەوبەر نووسیومە، دوور لە کەموکووڕی نییە و لەو بارەوە داوای لێبووردنتان لێدەکەم و خودالێخۆشبوو مامۆستا «هەژار» گوتەنی:

بە کوردی پێت بڵێم لێم مەگرە ئیراد

دیاری شوانەوێڵەی ئاڵەکۆکە

لەم چیرۆکەدا ناوی قارەمانەکان و جێگەکان «ڕاستی» نین، جا ئەگەر ناوی کەسێک یا جێگەیەکی ئاشناتان وەبەر چاو کەوت، ئەوا بە هەڵکەوتە.

بۆ هێندێک وشە کە ڕەنگە بۆ هێندێک کەس نامۆ بن، بە زاراوەکانی کوردی فەرهەنگۆکێکم لە دوایی کتێبەکەدا ساز کردووە، لەو فەرهەنگۆکەیەدا ئەو وشە «عەڕەبی» و «تورکی»یانە کە لە زمانی کوردیدا بوونە باو بە (ع) و (ت) دیاری کراون. هێندێک لە وشەکان مانای دیکەشیان هەیە، بەڵام ئەو مانایانە کە پێوەندییان بە نێوەرۆکی چیرۆکەکەوە هەیە دەستنیشان کراون. جا ئەوە ئێوە و ئەمەش کارمامز.