١

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 5 خولەک  1309 بینین

قاوەڵتوونێکی مانگی جۆزەردان «وریا» بزن و مەڕەکانی بۆ لەوەڕ وە بەندەنێ هەڵگەڕاند و لە ئاوی سەرتەزێنی کانیاوی بەر بناری چیای «بەرزەکۆ» دەست و چاوی شوشت و هێندێکی ئیشکەڵ کۆ کردەوە و کترییە ڕەشەکەی لە سەر کوچکئاوری دانا و ئاوری لە بن کردەوە. مەلی خەیاڵی بەرەو ڕابردوو هەڵفڕی. پێی سەیر بوو کە چۆن ئاوارە و هەڵوەدای ئاوایی «کانیپەری» بووە و چۆن توانیویە لەو گوندە بگیرسێتەوە؟ بیری لە هاوڕێیەکانی کردەوە؛ دەبێ چییان بە سەر هاتبێ؟ دەیزانی کە «هەڵمەت» و «سیامەند» ئێعدام کراون و «هیوا» و «کاوەیس» و «شێرکۆ» بە بەندی درێژخایەن مەحکووم بوون، بەڵام لە ئەوانی دیکە هەواڵێکی نەبوو. لەبەرەخۆیەوە گوتی:

- چاکم خۆ ڕزگار کرد، دەنا ئەمنیش یا دەکوژرام یا ساڵانی ساڵ دەبوایە لە بەنددا بڕزێم. باشە لێرە توانیومە هەر نەبێ چەند کوڕی باش بدۆزمەوە و ڕوونیان بکەمەوە و بیانهێنمە سەر ڕێگا.

نیزیکەی دوو ساڵ لەوەوبەر، بێ ئەوەی بزانێ مەبەستی کوێیە، بە ڕێبواریی ڕێگای لە گوندی کانیپەری کەوتبوو. یەکەم کەسێک کە چاوی پێکەوت «مام برزوو» بوو؛ زانیبووی کە «وریا» بێکەس و تاک و تەنیایە و لە شوێن کار دەگەڕێ، بردبوویە ماڵە خۆیان و بە کوڕی خۆی قبووڵ کردبوو.

مام برزوو شوانی ئاوایی بوو و لەگەڵ «پوور ئەستیلان» ی خێزانی ژیانێکی هەژارانەیان ڕادەبرد و بە ڕزقی چەند سەر بزن و بەراتی شوانی بەڕێدەچوون.

سێ مانگ دوای لەدەستچوونی «مام برزوو» «پوور ئەستیلان» یش کۆچی دوایی کرد و چونکە وەجاخکوێر بوون و میراتگریان نەبوو، ماڵ و بزنەکانیان بۆ «وریا» بە جێ ما.

دوای «مام برزوو»، «وریا» خەریکی کاری شوانێتی بوو. ڕۆژانە مەڕ و بزنی ئاوایی دەلەوەڕاند و بە هیوای دواڕۆژێکی نادیار خۆی دەخافڵاند، لەو ماوەیەدا چەند جار توانیبووی بە نهێنی بچێتەوە دەوروبەری شار و چەند کەسێک لە هاواڵەکانی ببینێ و پەیمانیان لەگەڵ نوێ بکاتەوە. بە هۆی ئەوە کە هەلومەرج هەڵینەدەگرت بڕیاریان دا کە جارێ لە جێی خۆی بمێنێتەوە و هەوڵ بدا هێندێک لاوی باش بدۆزێتەوە و ئامادەی خەباتیان بکا.

ئەو ڕۆژە - وەک زۆر جاران - لە سەر بەردێک ڕۆنیشت و بیری لە بەسەرهاتی خۆی دەکردەوە. ڕابردوو وەک پەردەی سینەما بە بەرچاویدا ڕادەبرد. وە بیری هاتەوە کە تازە هاتبوو بۆ کانیپەری، فێنکیی ئێوارەیەک بۆ دەستوچاو شۆردن چوو بۆ سەر کانی و بۆ یەکەم جار چاوی بە «مامز» کەوت. «مامز» کیژێکی ڕەسیو، خوێنشیرن، چاوکاڵ، کەزیەزەرد، باریکەڵە و کێلگەردن و بە کورتی جوانترین گوڵی ئەو مەڵبەندە بوو. هەر چەند بزەی لە سەر دەمی وەک خونچەی تازە پشکووتوو لانەدەچوو، بەڵام چاوی پڕ بوو لە خەمێکی نهێنی، خەمێکی قورس و گران کە بە چەتوونی پێیهەڵدەگیرا، خەمی بێ دایکی و تەنیایی... .

وە بیری هاتەوە کە چۆن بە دیتنی مامز هەبەسا. نەیدەزانی چ بکا و چ بڵێ. مامزیش کە ناوبانگی جوانچاکیی وریای بیستبوو، شکی بۆ چوو کە ئەو لاوە دەبێ وریا بێ و هەر کە چاوی بە وریا کەوت وەک ئاسکۆڵ سڵێکی کرد، بەڵام خۆی بە گۆزەکەیەوە خافڵاند و سەری بەردایەوە. وریا دەرفەتی بۆ هەڵکەوتبوو، کەمێک نیزیک بۆوە و گوتی:

- هەوا چەند گەرمە! ئەرێ کانیپەری هەر وا گەرم دەبێ؟

- جارێ لە کوێتە! ئەتۆ تازە هاتوویە ئێرە. ئێرە هێند گەرم دەبێ کە تێیدا ناژی.

هەر وشەیەک کە لە دەمی بچووکی مامز دەهاتە دەر، کۆتری دڵی وریای پتر وەباڵەفڕکە دەخست. هەلێکی باش بوو بۆ قسە کردن. پرسی:

- ئەتۆ لە کوێ دەزانی تازە هاتوومە ئێرە؟

- بۆ نازانم؟ ئەتۆ وریا نی؟

- با... ئەدی ناوی تۆ چییە؟

- ئەمن مامزم... .

وریا چاوی لە مامز نەدەترووکاند. پێی سەیر بوو چۆن فریشتەیەکی وەک مامز دەبێ کیژی دێوەزمەیەکی وەک کوێخا «ئەمەر» - کە ناوبانگی خراپەی بیستبوو - بێ؟

مامز لە پڕ چاوی بە ژنێک کەوت کە لە دوورەوە گۆزە بە شان بەرەو کانی دەهات. لە ترسی ئابڕوو چوون پڕی بە گۆزەکەی داکرد و وریای بە دنیایەک قسەی نەگوتراوەوە بە جێ هێشت.

لەو ڕۆژەوە ئاگری ئەوینی مامز لە ناخی دڵی وریادا هەڵگیرسا. پێشینیان گوتوویانە: «دڵێک بە تەنیا ناسووتێ»، بڵێسەی ئەوینی وریاش دڵ و دەروونی مامزی دەسووتاند و کەس بە دەردی نەدەزانی.

بیرەوەری ئەو ڕۆژانە وریای سەرگەرم کردبوو تاکوو کترییەکەی وەکوڵ هات و هەڵچوو و چەند دڵۆپ ئاو تکایەوە سەر کوچکئاورەکە و ڕایەڵ و پۆی خەیاڵی وریای پچڕی.

هەڵستا چایەکەی دەم کرد. تازە چایەکی تێکردبوو کە لە ناکاو سەوەڕ سەرنجی بۆ لای چیای بەرانبەری «بەرزەکۆ» ڕاکێشا. چەند چوارپێ ئاسکێکیان ڕەپێ دەنا. وریا هەناسەیەکی هەڵکێشا و لەبەر خۆیەوە گوتی:

- خوایە ئەو مامزەی لە چنگ ئەو گەماڵانە ڕزگار کە! ڕەنگە ئەویش وەک مامزەکەی من ئەویندارێکی چاو لە ڕێی هەبێ... .