حیکایەتی مەلای ماوەرانی و سۆفییەکی شێخ ڕەشیدی لۆلان
لە کتێبی:
            چێشتی مجێور
        بەرهەمی:
                هەژار (1921-1991)
        
             1 خولەک
             1782 بینین
        
        
    ئەو سەر و بەندە کە دیموکرات بە سەر مەهاباد ڕادەگەیشتن و زۆر لە برەودا بوون، «موهەندیس ئاریا» ناو، هاتە لام لە کەرەج. دایدایە تای کەلامەڵڵایە کە دەبێ تۆش بێیەوە شار و شێلە وا و بێلە وا...
گوتم: بە هیچ جۆر نایەم! کاکە بیستوومە ٢٥ حیزب لەو شارە بچکۆڵە هەیە! ئەمن زۆریش زیرەک بم هەر دەتوانم یەکیان لە خۆم ڕازیی کەم؛ بیست و چوارەکەی دی جوێنم پێ دەدەن! گوتم: دەڵێن مەلای ماوەرانی - کە ئێستاش ناوی پیرۆزە و خەڵکی عێراق سوێند بە گۆڕی دەخۆن - ڕۆژێک دوو کەس چوونە لای بۆ شەرع لەسەر بزنێک. فەرموویە دووسبەی وەرنەوە!
فەقێکانی بە تەنیا پێیان گوتووە ئەم شەرعە زۆر هاسان بوو. دووسبەی بۆ چ بوو؟ گوتبووی من گزرە و کایەکەم دانەپۆشراوە؛ شەرع بە لای هەرکامیاندا نەدەم، شەو لێم دەسووتێنێ. سبەی قەرارە دایپۆشم. دووسبەی شەرعیان دەکەم!