بڕیاری دانانی فەرهەنگێکی کوردی بە کوردی

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1211 بینین

ڕەئیسەکەیان گوتی: تۆ چۆن ئەو هەموو وشە عەرەبییانەی کە لە قورعاندا هاتوون دەڵێی لە فارسی و کوردییەوە وەرگیراون؟ نازانی ئیمامی شافیعی فەرموویە: هەرچی لە قورعاندا هاتووە هەمووی عەرەبیی ڕەسەنە و زمانی بێگانەی تێ نەهاتووە؟!

- جەناب! شافیعی بۆ خۆی ئەو فەرمایشتەی کردووە؛ لە لوغەتی بێگانە هیچ خەبەری نەبووە.

هەموو تەفسیرەکان دەڵێن وشەی «مشکوە» عەجەمییە. ئەو جار کە من نزیک حەوسەد کەلیمەیەم پەیدا کردووە، تەنیا ڕوانیومەتە سێ کتێب: «وشەی فارسی بە عارەبی کراو» نووسینی کەشەی ماردین «ئەددای شێر» کە لە ١٩٠٩دا چاپ کراوە؛ دووهەم: «المعرب للوالیقی» کە لە چەرخی چوارەمی کۆچی نووسراوە و چەند جار چاپ کراوە؛ سێهەم؛ «المنجد» کە سەر لە بەرم پشکنیوە. ئێوە هەرچی نووسیومە ئەگەر لەم سێ کتێبەدا نەتاندیتەوە لە سەر منی حیساب کەن. ئەگەرچی بۆ خۆم پتر لە هەزار و چوارسەد وشەی عەرەبیم دۆزیوەتەوە کە لە کوردی و فارسی و ئیتالی و حەبەشی و عیبری و ئارامی و فیرعەونی و فەڕانسی و ڕووسی وەرگیراون؛ بەڵام من ئەوانی خۆم نەنووسیوە.

کێشەیان لەبیر چووەوە؛ ئەمجار دەیانگوت چۆن باوەڕ بکەین کە تۆ حەوسەلەت هەبووە هەموو «المنجد» بخوێنیتەوە؟! بە سەلامەت لە کێشەیان ڕزگارمان بوو.

لەسەر شافیعی شتێکی دیشم لە بیرە: لە خێوەتی شێخ عوبێدیللا چەند مەلایەک میوان بوون. باسی خوتبەی جومعە و تەڵقینی مردوو کرا کە شافیعی دەڵێ دەبێ بە عارەبی بن.

گوتم: شافیعی وەک ئەو بەعسییانە ڕەگەزپەرستێکی عەرەب بووە؛ دەنا لە پێش خوتبەی جومعەدا حەدیسێک دەخوێنرێتەوە کە دوو خوتبە لە جێگای دوو ڕکاتی جەماعەتە. ئەگەر وتاربێژ چووە سەر مینبەر، کەس قسە نەکا؛ گوێ بگرن! کەسێ قسە بکا پڕوپووچە. کێ پڕوپووچ بڵێ، نوێژی جومعەی بەرناکەوێ. یانی نسحەتتان دەکەن. کابرای کورد یان تورک کە نازانێ باس چییە، گوێ بگرێ و نەگرێ هەر هیچە. کە وا بێ قەت نوێژی جومعەی ئەوانەی عارەبی نازانن بەرنەکەوتووە. تەڵقین بۆ مردوو نییە؛ بۆ ئەو زیندووانەیە کە هاتوون مردوو بنێژن. دڵیان نەرمە و مردنیان لە بیرە؛ نسحەتیان دەکرێ کە ئەگەر پیاوی چاک نەبن پاشەڕۆژیان خراپ دەبێ. کە وا بوو دەبێ بە زمانی خۆیان نسحەتیان بکرێ.

مەلایەکم لێ ڕاست بۆوە: تۆ چۆن بێئەدەبی دەگەڵ ئیمامی شافیعی دەکەی؟!

زۆریان خۆیان لێ تووڕە کرد کە قسەی هەژار حیسابییە و ئێمە بیرمان لێ نەکردۆتەوە...

لە کۆڕ نامیلکەیەکم دەربارەی «عەشیرەتی گاوانی کورد» - کە لە زەمانی عەبباسیدا خاوەن ناو بوون و شاری حیللەیان دروست کردووە لە عەرەبییەوە کردە کوردی و چاپ کرا. هەفتەی دوو جار یان سێ جار کۆ دەبووینەوە؛ ئیستلاحاتی عارەبیمان بە کوردی دەدیتەوە. هەر کەسەش دەبوایە ساڵیانە حیسابی بەرهەمی بکرێ بزانین لە ساڵێکدا چی کردووە کە خزمەت بە کۆمەڵ بێ.

دوکتور پاکیزە ڕەفیق حیلمی لەو کەسانە بوو کە هەر دەزانن باسی خەڵک بە نەزان و بێکارە بکەن و گاڵتەی بە هەموومان دەکرد. دوای دوو ساڵ کە لێکیان داوە، قەت تاقە دوو دێڕێکی بەرهەم نەبوو. بۆی نووسرا یان خۆت بکێشەوە یان دەرت دەکەین. ئەو ڕۆیشت. عەبدوڵڵا نەقشبەندیش کە مدیری کوللی حیسابات بوو، نەیدەکرا دوو کار بکا؛ کشایەوە. «جەمال بابان»،