دووجار کێشە لەسەر شافیعی

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1068 بینین

حاسڵ بە فەرمانی بارزانی کاک محەممەد مەولوود ڕزگاری هات؛ بەڵام قبووڵی نەکردەوە کە سەرپەرستیی مەجەللەی هەولێر بکا.

جارێک بەر لەو هەرا و چەققەیە، مەقالێکم هەر بۆ مەجەللەی هەولێر نووسی بەو مانایە کە:

«لەبەر دووکانێکی بەغدا ڕادەبردم، چەقەڵێکی موومیایی کراو لەبنی نووسرابوو نرخی بیست و پێنج دینارە. بە بیرمدا هات کە بێ و نەبێ ئەو چەقەڵە بە زیندوویی شاعیری کورد بووە کە پەنجا چەقەڵی زیندوو قرانێک نایەنێ و بە مردوویی نرخی ئەوەندە باڵا دەچێ»! زۆر لە شاعیر و هونەرمەندانی کوردم بە نموونەی ئەو چەقەڵە باس کردبوو.

شیعری «حەللەق مەللەق»م بۆ «سەعید ناکام» خوێندبۆوە؛ لە بەغدا زۆری تاریف کرد. کە هاتمە ناوپردان و دیتی دوکتور مەحموود و مامۆستایان پێی قەڵسن، هەر خۆی کە زۆری تاریف کردبوو - گوتی زۆر خراپە و زیانی هەیە و نەدەبوایە شتی وا بڵێی!

هاوینان کۆڕی زانیاری وچانی بوو. بە ماڵ و منداڵەوە دەهاتمەوە کوێستان و لە لای زینوێ و حاجی ئۆمەران دەژیاین. ڕۆژێک سەید عوبەیدللای ئەییووبیم لێ پەیدا بوو، پازدە ڕۆژێک لام مایەوە. لە ڕێی تورکیاوە هاتبوو. لە سەر داوای ئەو، دەگەڵی چوومە لای بارزانی. بە بارزانی گوت: دەمەوێ بچم لە فەڕانسە بخوێنم. گوتی: هەژار تۆ بە مەکتەب سیاسی بسپێرە کە هەرچی دەیەوێ بۆی بکەن. پێکەوە هاتینە ناوپردان. گوتم سەید عوبەید نانی نەخواردووە. پێشمەرگەیەک هات گوتی: فەرموو نان بخۆ! عوبەید کردیە هاوار:

- بۆ دەمکوژن؟ چمکردووە؟!

زانیم نەوعێ نەخۆشی هەیە. خۆم دەگەڵی چووم تا نانی خوارد و کەس نەیکوشت! کاغەزی لە لایەن بارزانییەوە بۆ دوکتور کامران عالی بەدرخان نووسرا و چوو. ئیتر نەمدیتەوە ونەمزانی چی کردبوو.

ئەحمەدی بارام میرزا لەو ساوە فایق و جەماعەت چووبوونە دیوی ئێران، جیپێکی پەیدا کردبوو؛ ڕانندەگی دەکرد. ئەغڵەب لە ماڵە من دەنووست و دەیخوارد. شەوێک نزیکی بەربەیان سێ سوار لای خێوەتەکەم دابەزین. لە سەید ڕەسووڵی بابی گەورەیان دەپرسی. خەبەرم دانێ کە لە «سەرگەی نێڵ» دەژی و ڕۆیشتن. ئەحمەد چووبوو خەبەری بە مەسعوود بارزانی دابوو کە هەژار چەک بۆ چەتەکانی ئێرانی دەنێرێ و شەو هاتن و بە بارە چەکەوە بەڕێی کردنەوە! بە ڕوومدا نەدایەوە و هەر لە سەر من دەژیا. تا لەپڕ لە ڕێ گرتیان و بردیانە زیندانی بەغدا و لە پاشان دەگەڵ جاسووسانی گیراوی خۆیان گۆڕیانەوە و دایانەوە بە ئێران و کرا بە ڕانندەی شارەوانیی مەهاباد. ئێستەش لە کەرەجە و ڕانندەیی دەکا و هاتوچۆم هەر دەکا.

کاک ئەمیری قازی زۆر جار سەری دەدام و پێکەوە دەژیاین. بەڕاستی زۆرم کەیف گرتبووی و هیچ عەیبم تێدا نەدیت.

لە کۆڕ مەجەللەیەکمان دامەزراند کە ساڵی جارێک یان دوو جار دەرچێ. لە ژمارەی یەکەمدا فریا نەکەوتم چی بۆ بنووسم. لە ژمارە دوودا مەقالێکم نووسی دەربارەی وشەی عەرەبی کە ڕەگەزیان فارسی، یان کوردی، یان زمانی تر بوون. مەقالەکە چل و چەند ڕووپەڕێکی گرت. بوو بە هەرای مامۆستایانی «کۆڕی زانیاریی عەرەبی» کە ئەم کوفرە بۆ کراوە. ئیحسان شێرزادی ڕەئیسمان زۆر ترسابوو؛ گلەی لێ کردم کە چاری ئەو کارە چۆن بکەین؟ گوتم حازرم بۆ محاکمە و جوابدانەوە. مەجلیسێکی زلیان تەشکیل دا، پیرە زانای، عەرەبی زۆر ڕەگەزپەرستی مێشک وشک کۆ ببوونەوە.