هەشت ژمارە مەجەللەی «نووسەری کورد»

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  817 بینین

جا کە لە بەغدا داوای ئیمتیازی مەجەللەی کوردیمان دەکرد، دەوڵەت دەیگوت ئێمە ئیمتیازی سەت و سێزدە نەشرەمان داوە؛ ئیتر جێگە نەماوە! هەر چی دادمان دەکرد کە سەت و سێزدەی بە عارەبی دەبێ چواری کوردیشی دەگەڵ بێ! هەر چۆنێک بوو ساندمان. ئەویش نە بە یاریدەدانی دەوڵەت، نە بە ئیعلان. ناچار بە باربوو کۆکردنەوە چاپمان کرد. ئەو ساڵە لام وایە توانیمان هەشت ژمارە دەرکەین. کە وا دەبوو، ژمارەیەکمان دەکردە هی دوو مانگ.

لە زەمانی سەرۆکایەتیم لە یەکیەتیی نووسەرانی کورددا، «حەمەدەمین مەنگوڕی» - کە وەختی خۆی لە «سەرا» دەگەڵ حەمەڕەشید خان و ئێستا مامۆستا بوو - لە ڕانیە پەیدا بوو.

- فڵان کەس! خەڵکی ڕانیە بە عام و بە شوێن مەلادا، بە دار و بەردەوە هاتنە سەرم؛ بە هەزار ناری عەلی ڕزگارم بوو؛ هەڵاتم. دادم بپرسە!

- چیت لێ قەوماوە؟

- کتێبی «چۆن چوومە مریخ» نووسراوی عەبدوڵڵا بەگی ناهیدم کردۆتە کوردی و چاپم کردووە. مەلای ڕانیە - کۆڵەوەژ لەسەر شان - دەنگی خەڵکی لێ داوم: ئەو کافرە کوفری کردووە! ژن و پیاو لە مریخ نییە. وەرن بیکوژن؛ خەزایە! لە ترسان خۆم نەقڵ کردۆتە «تەوێڵە».

گوتم: کاکە پیرۆزباییت لێ دەکەم! مەلا ڕەسووڵی سادقی کە شاعیرێک بوو بە ناوی «ئەدیب»، لە پەسوێ مامۆستای کوڕانی قەرەنیاغا بوو. ببووە مریدێکی وشکی خەیام و لای وا بوو تازە مردوو زیندوو نابێتەوە. لە پەسوێ بە فیتە و بەردەباران دەریان کرد. هەر چەند خۆی بە ڕەحمەت چووە، ئێستاش زۆر ئۆممەتی هەیە و بە نیمچە پێغەمبەرێکی دەزانن.

هەر بینا تۆش بوویە شتێکی وا و دەڵێن لە سەر دینی مەنگوڕییە!

شەوێک بە ناو، شەوی شیعرمان بوو. من کە گوایە سەرۆکی یەکیەتیم، خۆم کێشاوە و گوێگرێک بووم. هەر شاعیر و نووسەرە، شیعری یەکێ تری هەڵدەسەنگاند. «شێرکۆ بێکەس» شیعریکی منی خوێندەوە «لە دەمی نەهەنگدا» کە لە دیوانەکەمدا چاپ کراوە، گوتی: ئەمە چیرۆکە بۆ منداڵ نووسراوە؛ ماناشی تێدا نییە. بەڵام ڕەنگە منداڵ حەزی لێ بکەن! من وە جواب نەهاتم، تەنانەت سەعید ناکامیش کە دە پێشدا لای خۆم زۆری ئەو شیعرە بە لاوە پەسند بوو، پێشی وا بوو زۆر باش چۆنیەتیی ئەمڕۆی کوردم دەبەر دەستی بەعسیدا باس لێ کردووە، دیفاعی لێ نەکردم. هەرچەند خۆم لام وا بوو ئەم شیعرەم بۆ منداڵی بیست هەتا نەوەد ساڵە گوتووە، ئەمما دیسان دڵم خۆش بوو کە شاعیر شێرکۆ و گوێگران بە شیعرێکی منداڵانەیان زانی...