سەرۆکایەتیی یەکیەتیی ئەدیبانی کورد لە بەغدا
یەکیەتیی ئەدیبانی کورد لە بەغدا دادەمەزرا کە تێکەڵاو لە ئەدیبانی شیووعی و پارتی و بێلایەن بوو. لە هەڵبژاردنا منیان بۆ سەرۆک کاندید کرد. بۆ ئینتیخابات دەبوو بە ڕەسمی و لە بەر چاوەدێریی حکوومەت (وەزارەتی ڕۆشنبیری) دابێ. ساڵۆنی «خولد» دیاری کرا کە لەوێ ئینتیخابات بکرێ. دەبوایە لە حیزبی خۆمان چەند وەزیر و مدیر کول و پیاوی گەورەمان لەوێ بن؛ لەو مەجلیسە گرینگەدا شیرکەت بکەن. داماننابوو کە قسەی حیزب، قسەی ڕۆژنامەی خەبات، قسەی پیاوانی وەکیلی بارزانی بخوێندرێتەوە؛ بەڵام زۆر بەداخەوە زۆرم خۆ ماندوو کرد، کەسیان بەڕاستی ئامادە نەبوون. دوو کەس لە لایەن حیزبەوە هاتن؛ بەڵام لە سەر نووسینی شتێک بە عارەبی نەیانتوانی دروستی کەن؛ خۆیان دزیەوە! مودیری ڕۆژنامە و چەندێک لە وەزیر و پیاوە گەورەکان گوتیان لە سەفارەتی کووبا دەعوەت کراوین. ودکای ئەوێیان پێ باشتر بوو...
لە کاتی هەڵبژاردنا، شیووعی ملیان لە گێرەشێوێنی نا و کەمی مابوو ببێتە شەڕ. بۆ یەکەم جار لە تاریخی بەغدادا، لە وەختی ڕەئی خوێندنەوەدا چرامان لە سەر کوژراوە. حاکم لە بەر لایت ڕەئییەکانی جوێ دەکردەوە!... من بەر لەوە دەست بکرێ بە ڕەئی وەرگرتن، وتارێکم خوێندەوە کە ئەوە هیچ باسی چاکەی بەعسم نەکرد. ئەوەندە توندوتیژ بوو کە زۆر کەس لایان وا بوو دەگیرێم. باسی ئەوەم کرد کە ئەو حەقەی قەرارە وەریگرین سەد یەکی خوێنی ئەو شەهیدانەش نییە کە لە ڕێگەی ئازادیی کوردستان دراوە؛ بەڵام بە هومێدم کە پیاو عاقڵانی عەرەب ئەو شەرتە بەرنە سەر و چیدی تووشی برا کوشتن نەبینەوە. وتارەکەم دە دەقیقەیەک توولی کێشا. هەر خۆشم خۆم کردە وەکیلی بارزانی و حیزب و لە باتی ئەوان تەبریکم لە کۆبوونەوە کرد. بە زۆربەی ڕەئی، من بە سەرۆک هەڵبژێرام.
زۆر لەو ئەدیبانە هەر ئەوەندە کارتی ئەندامەتیان وەرگرت، ئیتر چاومان پێ نەکەوتنەوە.
ئەوەندەیان بەس بوو شانازی بکەن کە ئەندامی یەکیەتیی سەرکەوتنن!
بۆ جێگە و ڕێگە و ئەساسیە و پێداویستیی یەکیەتی، کەوتینە باربوو کۆ کردنەوە لە دەوڵەمەندانی کوردی بەغدا. خۆمان تەیار کرد و دەستمان بە کار کرد. زۆرمان زەحمەت کێشا تا ئیمتیازی مەجەللەیەکمان بە ناوی «نووسەری کورد» وەرگرت. بۆ چی زەحمەتمان کێشا؟
کاتێ بەعسی و بەتایبەتی سەدام خۆی هاتە کوردستان، قەولی دا بە بارزانی و مەکتەبی سیاسی و سەرانی شۆڕش کە هەرچی ئێوە بە ئاواتن گیرتان کەوێ، من زۆر پترتان دەدەمێ. چیتان دەوێ بڵێن تا پێکی بێنم و زیاتریش. کۆبوونەوەی زۆر کرا کە چی لە دەوڵەت بخوازین؟ لە بیرمە من لە یەک کۆبوونەوەدا بەشدار کرام، کە خاوەن کارەکانی شۆڕش جگە لە مەلا مستەفا، هەموویان حازر بوون. باسی کاروباری چاپەمەنی و فەرهەنگی کرا، کە وا ڕۆژنامەمان لە بەغدا بە ئازادی دەردەچێ. من گوتم:
برایان! کابرا دەڵێ هەر چی دەتانەوێ بڵێن! میللەتی کورد زۆر دوورە فەرهەنگە. بەتایبەتی لە خوێندەوارانیشیدا کەمیان کوردی دەزانن بخوێننەوە و بنووسن. بناغەی بوون و زیندوویەتی هەر میللەتێکیش بە فەرهەنگ و گەشەکردنی ئەدەبیات و زمانەکەیەوە بەندە. ڕادیۆ دامەخەن! جاران کە جێنوتان پێ بە عەرەب و بەعس دەدا، ئێستا - تا پیاوی چاکن - تاریفیان دەکەین و ئەدەبیاتی خۆشمانی لە سەر بڵاو دەکەینەوە. سەدام دەڵێ ڕادیۆی گەورەتان بە خەرجی زۆرە بۆ هەولێر دەکەمەوە. هەرگا ڕادیۆی وا لە هەولێر ئامادە کرا، ئێمەش دەچین لەسەر ئەوێ قسە دەکەین؛ ئەوسا ئەوەی خۆتان عەزڵ کەن. داوا بکەن کە ئەستانداری کورد لە شارە کوردەکاندا بتوانێ ئیمتازی مەجەللەی بە کوردی و ڕۆژنامەی بە کوردی بدا؛ دژی سیاسەتی دەوڵەتی بەعسی تێدا نەنووسرێ. خەڵک فێرە کوردی بکەن و با لە زمان و ئەدەبیاتی خۆیاندا شارەزا بن. داوا بکەن کە هیچ نەبێ نیوەی ڕۆژنامە و گۆڤاری عەرەبی، ئێمەش ڕۆژنامە و گۆڤارمان - لە بەغدا و شاران - هەبێ؛ یانی بەشێک بە دوو بەش...
زۆر لەسەر ئەم قسانە ڕۆیشتم؛ بەڵام پێم سەیر بوو کە زۆریان تووڕە بوون و گوتیان قەت ئەوەمان بۆ ناکەن.
- کاکە ئێوە داوا بکەن، با ئەوان بڵێن نایکەین.
- نا کاک هەژار! زۆرمان کار هەیە کە بەو شتە بێمانایانە لە دەستمان دەچێ!...