چەند قسەی خۆش

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  1191 بینین

قەدەرێک ئەنوەر دڵسۆزم لە جیگەی خۆم دانا تا لە بەغدا دێمەوە. پێم وایە باسم کرد کە چۆن کۆمۆنیستێک بوو. ئێستاش لە یەمەنی جەنووبی هەمەکارەیە. ناوی مەلا برایم بوو. کە هاتمەوە، هەرا بوو. کاری بە خەڵکی دێ کردبوو، پووڵی نەدابوونێ. سابوون و پەڕە جغارە و تیغی ڕیش تاشینی پێشمەرگەی بۆ برای ناردبوو. دەرزییەکی بە مریشکێک لە فەقیران دابوو. زۆر زوو گوتم تۆ لێرە مەمێنە. پووڵی کرێکارانم لێ وەرگرتن و دامنێ. مەلا برایم بە سووکایەتی ڕۆیشت.

دەمێک بوو کە لە سوورەبان بووین. هەر دەبوو کە لە دێ دوور کەوینەوە و لە دەشت بڕین. ویستم ئاودەستێک دروست بکەم. مام داودی مێردی مێرێی ئاوهێنمانم بانگ کرد:

- ئاودەستێک بکۆڵە پووڵت دەدەمێ!

تووڕە بوو: عەیب نییە من ئاودەست بکۆڵم؟ هەر ناشزانم کۆی دەکۆڵن!

- مام داود ببخشە! مەنزوورم ئەوە بوو ئەگەر ئەنوەر (مەلا برایم) بمردایە، تۆ چۆن قەبرێکت بۆ دەکۆڵی؟

- کوا خوا ئەوە دەکا؟ ئەگەر ئەو سەگبابە بمرێ، قەبرێکی لۆ دەکەم قەتی لێ دەرنەچێتەوە!

- دە باشە بڕۆ بیکۆڵە بزانم چۆنی دەکۆڵی؟

قووڵکێکی زۆر دوورودرێژ و قووڵی کۆڵی کە ئەنوەری زگ زلی بە هاسانی تێدا بنێژرێ. وتم دارەڕای کە و کونێکی تێدا بێڵەوە، ئەوە بوو بە ئاودەست!

پێشمەرگەیەکمان بە ناوی عەلی- کە خەڵکی ئێران بوو- بە گاڵتە پێیان وتبوو سەیید ڕەسووڵی بابی گەورە کوژراوە. ئەویش چل دیناری لە کن سەیید ڕەسووڵ داناوە، لە تاوان شێت بوو؛ دایە کێو. دوای سێ ڕۆژ پەیدامان کرد و هێنامانەوە. گوتمان دەینێرینە بەغدا. خزمێکی لە زینوێوە هات گوتی دەیبەمە ماڵە شێخی قەرناقەوێ. عەلییان کە بردەوە، شێخ هاتووە و گوتوویە: ناوی جنۆکەکانت هەڵدە تا بیانکوژم! ئەمن ئەمشەو بە قڵیج (شیر) پێنجسەد جندۆکەی کافرم کوشتووە و بەری بەیان لەو خەزایەدا هاتوومەوە. عەلییە شێت دەڵێ: ئای بە قوڕت دابا ملەستووری زگ زل! ئەگەر تۆ هێندە مەردی، دە بچۆ ئینگلیس و عەرەبان بکوژە و نەوتی کوردستانمان بۆ بستێنە! شێخ دەڵێ: ئەم هەتیوە کافری دڵ ڕەشە، بە من چاری ناکرێ!

لە دەرفەتێکی تردا- کە لە بێخۆڵان بووین- بردمە بەغدایە. قەرار وا بوو دوازدە جار لە بەرقی بدەن، پاش شەش جار هەڵاتبوو. کە هاتمەوە جوێنم پێ دا:

- بۆ نەتهێشت باش عیلاجت بکەن؟

گوتی: بە خوا ترسام هێندە عاقڵ بم، بە کاری ئەم وڵاتە نەیەم!

جێژنی ڕەمەزان بوو؛ خەبەرم نارد بۆ مەلا قادری قازی گەڵاڵە کە بە هۆی جێژنەوە شتێ بنووسە بۆ ڕادیۆ. نامەیەکی دوورودرێژی نووسیبوو؛ کە قەڵەمی کۆپییەی بە زمان تەڕ کردبوو:

«لە مەدینەوە «پوعلوبە» دوازدە ڕۆژە ڕێ چووبووە مەککە، بە پێغەمبەری گوت: مانگم دیوە، فەرمووی: «وەیلون لی پوعلوبە» یانی: وەیل لە بۆ پوعلوبە...». کاغەز هەمووی بەو تووڕەهاتە پڕ کرابۆوە. ناچار جڕم دا و خۆم بێ فتوای قازی گوتم جێژن لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێ.

لە سوورەبانەوە لە سەر داوای کاک عەبدولخالق چووم بوومە کارگێڕی ڕادیۆ شۆڕش لە «شیناوێ»، لە خوار قەسرۆکێوە. جێگەی تێدا ژیانمان نەبوو. فەعلەمان گرت و چەند ژوورێکمان دروست کرد. ژوورێکم بۆ خۆم کرد؛ زۆر تەنگەبەر؛ بەحاڵ جێگە دوو تەختی تێدا دەبوو. لە بەرد و قوڕ بوو؛ ژوور و دەوری سواغ نەدرابوو؛ هەموو کەلێنەبەرد بوون. مشەممایەکی نایلۆنم بە بەر میچەکەیەوە دابوو کە خۆڵ نەوەرێ. هەواڵانی سەر ڕادیۆ زۆر بوون؛ کە دوو لەوانە شێخ عەزیزی ڕەزای باسەرە، موهەندیسی ڕادیۆ و بەرق، لە چیکۆسلاواکیاوە هاتبوو؛ ئەوی تر ڕەفیق چالاکی هونەرمەند و گۆیندە و نومایشنامەنووس بوو.