بەزمی خۆشمان لە «سوورەبان»
بەزمی خۆشمان لە سوورەبان «نزار» ناو، کوڕی «سەبری بۆتانی» بوو. لە کەرکووکەوە هاتبوو. منداڵێکی ١٦ - ١٧ ساڵە بوو. ڕۆژ تا ئێوارێ دەگەڵ سەگەلی ناو دێ هەڵدەسووڕا؛ دە باوەشی دەگرتن؛ ماچی دەکردن. خەڵکی دێ شتیان پێ نەدەفرۆشتین، دەیانگوت گڵاو دەبین. هەرچی دەگەڵ نزارم دەکرد، بێفایدە بوو. باوکی لە خۆشیی زیرەکی «نزار» پێی بە عەرزەوە بەند نەدەبوو، هەمیشە تاریفی دەکرد.
ڕۆژێک گوتم: نزار لەغەزێکت لێ پرسم: دوو بزن یەکیان ڕووی دە ڕۆژهەڵاتە و یەکیان ڕووی دە ڕۆژاوایە؛ لەسەر باقە گیایەک دەلەوەڕێن، ئەوە چۆن دەبێ؟
قەدەرێک مات ما، گوتی: بزن نابێ، ئەسپ دەبێ؛ کە پاروێک هەڵدەگرێ و ئاوڕ بۆ پاش قوونی دەداتەوە!
گوتم: شتێکی کە پێشوو بیستووتە و زانیوتە بڵێ؛ ئەتۆ ئەوەت دەزانی!
ملی لە سوێند نا کە بە زیرەکیی خۆی حەلی کردووە!
نزار کوردی نەدەزانی و کلاسی شەشی خوێندبوو. هەر زوو گوتی ئیجازەم بدە بچمە لای باوکم.
- بچۆ بەڵام زوو وەرەوە.
چووبوو هەر لە دوورەوە بانگی کردبوو:
- بابە لەغەزێکم بە زیرەکیی خۆم حەل کرد!
کە بۆی گێڕابۆوە باوکی جوێنی پێدابوو:
- هەتیو ئابڕووت بردووم!
حاڵی کردبوو کە زۆر هاسانە. نزار شەو نەهاتەوە. بەیانی خۆم لێ تووڕە کرد کە بۆ درۆی کردووە.
گوتی: سەگەلم بۆ هات، بە لایتەکەم لە دەموچاوی خۆم دا، گوتم من نزاری ئاواڵتانم، بەڵام قبووڵیان نەکرد و نەموێرا بە شەو بێمەوە!
جا نابێ لە بیرمان بچێ کە لایت [چراقوە] بە سەگ لێدرێ لە شەودا، هەرگیز ناوێرن نزیک پیاو کەونەوە.
دەگەڵ نزار بە ڕێدا دەڕۆیشتین، تووشی پیاوێک بووین کووپەڵە ترشیاتێکی لە سەر باردا بەستبوو.
- مامۆستا ئەو کابرایە یان ترشیاتەکەی بۆ ماڵی خۆیەتی، یان بۆ ماڵی جیرانان، یان دەیفرۆشێ!
گوتم: یانی چوارەمیشی ماوە؟ یان دە قەبری بابی ڕادەکا!
شەوێک لە ژوور دەرکەوت و بەفری دیبوو. هاتەوە گوتی: شتێکی زۆر سەیرە، بەفر لە عەرزدایە و ئەستێرەش لە عاسمان دیارن!
تەختی نووستنم لە ناو چاپخانەدا نزیک کوورە بوو. قەراخی لوولە کوورە لە سەربان دڵۆپەی دەکرد. نزارم نارد هێندێک گڵی تێ پەستێوێ. دڵۆپە وێستا، لەپڕ باوەشێک بەفر و ئاوم لە سەردا کەوت.
- نزار تۆ چت کردووە؟
- مامۆستا دیتم بەفر لە خۆڵ پاکترە، بەفرم تێ پەستاوت!
شەوێک چەند سۆفیلکەیەکی دێ لام بوون. نزار باسی سەگێکی لێ پرسین کە نایبینم، گوتیان کوشتمان.
ئای خودا ڕەحمەتی بکا جەننەتێ، بە خوای ڕەحمەتی زۆر سەگی چاک بوو!
لە سوورەبان ماوەیەکی زۆر خالیداغای حیسامیشمان دەگەڵ بوو. جارێک مام عەلی پڵاوی لێنابوو، کاکڵەی گوێزی تێ کردبوو. خالیداغا پرسی: ئەوە لە کوێ گوێز دە پڵاو دەکەن؟ من لە جیاتی مام عەلی گوتم: لە ئێران! مام عەلی سوور هەڵگەڕا و بە سەریدا نەڕاند:
- ئاخر ترم شێخاڵی! دوو بست عەرزە و بیست ئاغای هەیە! تۆ کەی دنیات دیوە؟ لە هەموو ئێران یەک کاکڵە گوێز بەبێ پڵاو ناخۆن!
خەڵکی دێ زۆریان من خۆش دەویست؛ دەهاتنە لام و قسەی خۆشم دەگەڵ دەکردن. جارێک چووبوومە بەغدا و خالیداغا لە جێی من بوو. چووبووە سەر بانی پیرێژنێک گوتبووی:
- زولێ! ئەوە بۆ چی کەرە و ماستت بۆ مام هەژار دەهێنا و بۆ من ناهێنی؟
- خالیداغا! مام هەژار قسەی خۆشن لۆ دەکا. ئەتۆ وەک بەراز غەزریوی لێن چوویە کونێوە!
خەڵکی گوند هاواریان بۆ هێنام کە خەڵکی «وەڵزێ» هاتوون دارە پاوانەکانیان دەبڕن. مەلا سەیید ڕەحمانم نارد، هاتەوە گوتی: دەڵێن دەیبڕین و جوابی کەسیش نادەینەوە. گوتم وەرن ڕێگەیان لێ بگرین. هەرچی هات، بارە دار و بارە بەرمان لێ ساندن، ڕووتمان کردن. پیاوێک بە سێ بارەوە دەرچووبوو؛ دوور کەوتبووەوە. گوتم سەعید و مام عەلی بچن ئەویشم بۆ بێنن. سەعید ڕایکرد و بە دەمانچە لە کابرا ڕاسا. کابرا تفەنگیشی پێ بوو؛ شەڕی نەدەکرد و تەسلیم بوو. مام عەلی کە هەموو دنیای بە چیرۆکی خۆی کوشتبوو، زۆر بە شلی دەڕۆیشت. تا سەعید کابرای هێنا، ئەمجار مام عەلی جوێنی پێ دەدا و هەڕەشەی لێ دەکرد.
- مام عەلی مەرگی ئەو سەر و سمێڵەت بێ! خۆ نەتوێرا بچیە پێش!
- نا، گوتم دیهگانە، فەکیرە، بۆ چی بیکوژم؟!