کاری چاپەمەنی لە لێوژە

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1190 بینین

لێوژە خەڵکێکی زۆر سادە و بەستەزمانی تێدابوو. ژنێک ئاوی بۆ دێناین بە ناوی «مێرێ»، ورچ ببینە و مێرێ ببینە! ئەگەر ئاوی دەهێنا و دەیدی میوانی نامۆمان هەیە، کۆڵوانەکەی بە سەر دەموچاویدا دەدا و دەهات.

- مێرێ! ئەوە بۆ وا دەکەی؟

- ئای بە قوربان! ئا شەرمێکم لە میوانان!

مەلایەکی لێ بوو «مەلا نیسک»- پێم وایە ناوی عەسڵیی «سەعید» بوو - ئەو بێچارە نەیتوانیبوو دوو سێ سڵاوەت و «مەولایەسللی» لەبەر کا و لە مەولوودنامەدا بەشدا بێ. سەییدێکی نەخوێندەوار فێریان ببوو، پڵاوی مەولوودی دەخوارد و مەلا بێبەش بوو!

گوتیان «مەلا نیسک» چاویلکەیەکی هەیە دە قیمەت نایە! گوتم: مامۆستا دەکرێ ئەو شتە عەنتیکەیە ببینم؟

- بەڵێ بۆ تۆ قەیدی نییە.

قوتوویێکی هێنا پڕ لە پەڕۆ، هەر پەڕۆی هەڵکرد تا گەیشتە لۆکە. لە ناو لۆکە، عەینەکە کۆنێکی دەرێنا لاسکەکەی بەن بوو. ڕاستی قرانێکی نەدێنا؛ لە مەلا ببووە بت! دڵم نەشکاند گوتم: نیشانی کەسی مەدە زۆر گەنجێکی بەقیمەتە!

گیایەک بە زۆری لەو ناوە دەڕوێ بە ناوی «گۆرمزە»، زۆر لە ئەسپەناخ خۆشترە. ڕۆژانە بیست فلسم دەدا بە کچۆڵێکی مێرێ، دەچوو چارۆکێک گۆرمزەی دێنا. ڕۆژێکی جومعە بانگم کرد:

فاتمۆکێ وەرە بچۆ گۆرمزە!

مێرێ گوتی: ئەیڕۆ! فەقێ ئایشێ ژنی مەلا نیسک دەڵێ جومعان گیا زیکرێ دەکەن؛ گوناهە هەڵیانقەنی!

- خات مێرێ! ئەدی بۆ چی مانگا و بزنەکانت ناردوونە دەشت گیای بە دەم زیکرەوە بخۆن؟!

بەیانییان «مێرێ» هەر ئاوێکی شەومەندە بوو، دەیبردەوە کانی و لەو سەر ئاوی تازەی دێنا.

- ئاخر تۆ بەو هەورازە هەڵدەگەڕێی ئاوی شەو بۆ دەبەیەوە؟!

قوربان! فەقێ ئایشێ دەڵێ ئاوی شەو نەچێتەوە ناو کانی شکایەت لای خودا دەکا!

جارێک مێرێ شکایەتی کرد کە ئەگەر تۆ لە ماڵ نابی، پێشمەرگە تەنەکەی بەتاڵم نادەنێ.

- چەندی دەتەوێ، بەرە، بەڵام بۆچیتە؟

- بەقوربان نیوە ڕۆنی خۆماڵی و نیوە ڕۆنی شاپەسند لێک دەدەم و بە پیرەی مێردمدا دەینێرمە ڕەواندز!

های بە کلکی خێوی! لە هەموو عێراقدا ڕۆنی ڕەواندز بە خالیس و چاک بەناوبانگە؛ کەچی ئەویش فێڵی تێدا دەکری!