ئەحمەد تەوفیق

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  1037 بینین

بۆ هەووەڵ جار «ئەحمەد تەوفیق» یان بڵێم «سەیید عەبدوڵڵا ئیسحاقی»م لە شام دیت. لاوێک بوو دوازدە ساڵ لە من کەم تەمەنتر. گوتی دەچمە چیکۆسلۆواکیا.

وردە کێشەمان کرد: ئەو کە زۆر مارکسی زانا بوو، لای وا بوو ئەو دەوڵەتانەی لەوبەری دەریاوە دێن وڵاتان داگیر دەکەن، ئیستیعماری و سەگ و سەگبابن. من دەمگوت: فەرقی چییە لە وشکانی و لە دەریاوە بێ؟ ئەگەر بمخوا. سەگباب و زاڵمە. خواردن و خواردنە؛ بە کەوچک و کێرد و چەنگاڵ بێ، یان بە چنگ و نینۆک و گاز بێ! دەیگوت: ئێمە دەبێ وێڕای ئێرانییەکانی تر وەبەر ڕەحمەتی شیووعی کەوین و کوردی عێراقیش وێڕای عەرەب و کوردی تورکیا وێڕای هەموو تورکەکان. من دەمگوت: برا! من بڕوام وا نییە کورد، ئێرانی و عێراقی و تورکیایی هەبێ. من خەڵکی وڵاتێکی گەورەم ناوی کوردستانە. سێ چوار دەوڵەت داگیریان کردووە. دەیخۆن. دەوڵەتە گەورەکانیش یاریدەیان دەدەن کە بە زاری ئەوان بمانخۆن. با ئێمە خۆمان لە بیر بێ، گەلانی هاوساش ئەگەر یاریمان بکەن سوپاسیان دەکەین... زۆرمان لەو قسانە دەکرد. نە ئەو لە بیری خۆی دەهاتە خوار، نە منیش بەرەو عیلمەکەی ئەو سەردەکەوتم! لە پاش هاتنەوەی بارزانی، لە بەغدا تووشی بوومەوە. وا دیار بوو لە سابڵاغ لەسەر کوردایەتی، خۆی لە گرتنێک ڕزگار کردبوو؛ هاتبووە عێراق. بە نەناسیاوی لە سلێمانی خۆی گرتبۆوە؛ چەند برادەرێکی کوردی ئێرانیی هەڵاتووی دەست ژاندارم و پۆلیسی ئێران، لێی کۆ ببوونەوە. بە ناوی «کۆمۆنە» کۆمەڵێکیان پێکەوە نابوو؛ ئەحمەد سەرۆکیان بوو. دیار بوو سەرۆکایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردی ئێرانیشی دەکرد. لە سلێمانییەوە بە دزی هاتوچۆی دیوی ئێرانیان دەکرد. مودیر ئەمنی سلێمانی (حوسێن شیروانی) - کە کوردێکی باش بوو - لە گرتنی عێراقی دەپاراستن. بە هاتنەوەی بارزانی زۆرتر خۆیان ئاشکرا کرد. لە بەغدا دەمدیتەوە و بووینەوە ئاشنا.

شەڕی بارزانی و قاسم گەرم ببوو. ئەحمەد هاتە بەغدا و پێم سەیر بوو چۆن توانیویە لەو ڕێگە دژوارە خۆی دەرباز کا. گوتی هاتووم جلک و دەرمان بۆ بارزان بەرم؛ کە هیچیان نییە. وێکەوتین جلک و دەرمانی زۆرمان پەیدا کرد. ئێستاش نازانم چۆنی گەیاندنەوە بارزان کە بەڕاستی کارێکی ئازایانە بوو. هەروەها چووبوو لە بێرووتەوە «دانا ئادام شمیت»ی پەیامنێری ئامریکایی گەیاندبووە لای بارزانی؛ کە لە کتێبەکەی (سەفەرێک بۆ ناو پیاوە ئازاکان)دا زۆر بە چالاکی و نەترسان و کارزانی ئەحمەد تەفیق هەڵدەڵێ. جارێکیش لە بەغدا پێکەوە چووینە سەفارەتی میسر؛ وەک باسم کرد. عەرەبی نەدەزانی من تەرجومانیم دەکرد. لە قسەکردنی سیاسیدا بە وریام هاتە بەر چاو. لە چوارقوڕنەش دیتمەوە؛ بەڵام ئەم جارە ئەو فەلسەفە و فڵتەفڵتەی پێشوو نەمابوو؛ کە من تێی نەگەم. ببووە کوردیکی خۆماڵی و هاتبووە سەر ئەو بڕوایە: هەر کەس کوردستان لە کورد داگیر بکا، لە بەراز و ئیستیعماریش پیسترە...

لە کۆبوونەوەیەکی دەشت، چەندێک لە هاوکارانی ئێرانی خۆی پێ ناساندم کە «سەلاحی موهتەدی» (بە ناوی مستەفا)، «محەممەدی سمایلی مەحمووداغا» (بە ناوی کاوە)، «سولەیمان موعینی» (بە ناوی فایق ئەمین)، «منیە شەم» و چەند کەسێکی تریش بوون.

ئەحمەد گوتی: ئەگەر لە خۆمان بی زۆرمان پێ خۆشە.

گوتم: ئەگەر مەتڵەتب ئەوەیە لە حیزبی دێموکراتی ئێران بم، نابم. چونکە من ئەوا بیست و ئەوەندە ساڵە لە ئێران دوور کەوتوومەتە؛ هیچ شارەزاییم نەماوە. من لە کوردستانی عێراقدا وەختە بڵێم ورد و درشتیان هەموو دەناسم و دەشزانم لە چەند مەنزڵدا تێپەڕیون. لەبەر ئەوە وەک هەواڵێکی ناحیزبی بە دۆستم حیساب کەن! گوتی زۆر ڕازین.

***