لە کانیماران و داخوازیی مام جەلال

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  1156 بینین

دەمەو ئێوارە گەیشتینە پشتی کانیماران؛ کە مەلا مستەفا لەوێ بوو. لە بەهاری (١٩٦١)ڕا نەمدیبوو. ئەو ڕۆژەش کە دیتمەوە مانگی سێهەمی ساڵی ١٩٦٣ بوو. بێئیختیار فرمێسکم دابارین. پاش بەخێرهێنانم، گوتی: هەژار! من تۆ و وەهاباغا - کە هەردووک وا زگزلن - کە شۆڕشدا چ لێ بکەم؟! گوتم: ڕاستت دەوێ من لە ترسی مردنی بەغدا هەڵاتووم. قەبرهەڵقەن بیست و پێنج دینار دەستێنن و دوای دوو ڕۆژ قەبرەکە دەفرۆشنەوە بە یەکی دی. هەر هاتووم لێرە بمرم کە قەبر بە خۆڕایییە! بەڵام تکا دەکەم دەگەڵ وەهاباغام حیساب مەکە! ئەو لە هەموو کەس تەنبەڵترە!

شەو لە مەجلیسی بارزانیدا گوتم: تۆ نازانی لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ بەغدا چەنەم جنێو پێ داوی؟!

گوتی: بەڵێ گوێم لێ بوو. ئەرێ کێی دیکەش لێرە بوو؟ من چم گوت؟ شەوکەتی مەلا سمایل - کە ئەفسەرێکی موخابەرات بوو - گوتی: فەرمووت ئەگەر بۆ خۆم چاوم لێ بوایە کە هەژار ئەمە دەنووسێ و بۆ خۆی بۆی خوێندبامەوە، هەر دەمزانی درۆیە؛ چونکە من هەژار باش دەناسم.

گوتم: بمبەخشە! من بە عەقڵی خۆم چاکترین فرسەتی زێڕینتان لە دەست دا کە لەو چل و هەشت سەعات شێواوییەی بەغدادا، هێرشتان نەکردە کەرکووک.

بارزانی گوتی: جارێ لەو باسوخواسانە گەڕێ!

سبەی پاش نوێژ دەگەڵ جەلال تاڵەبانی دەرکەوتینە گردی پشت ماڵان. زۆری پیاوماقووڵانی عەشایری پژدەری و دەورووبەر لێ بوو. جەلال قسەی بۆ کردن:

- کاکی خۆم بەعسی ڕەگەزپەرستن، لەبەر ئەوە ناسر یاریدەیان دەدا. یانی لەشکری میسر و سووریا و عێراق دەبنە دژمان. ڕووسیاش یاریدەی ناسر دەدا. ئێران و تورکیش دوژمنی سەرسختمانن. ئەمریکا و ئینگلیس یاریدەی تورک و ئێران دەکەن. لە هەموو لایەکەوە خەتەری زۆر زلمان لە سەرە. خوا بکا شەڕ نەبێتەوە...

ئاغایانی عەشایریش وەک دەڵێن: «سەرچۆپی بدەی بە گامێشێ، هەر بەرەو کادێنی دەکێشێ»، ملیان لێ نا: ئێمە تووتنەکێمان بۆ نەفرۆشراوە؛ وە بکەین چەند قروشەکن پێ بگا؛ وە بکەین شتاقەلا دڵی نەئێشی، چڵتووکەکێش بفرۆشین! خولاسە لەو قسانە کران و بڵاوەیان کرد.

گوتم: مام جەلال تۆ ڕەئیسی شۆڕشی؛ ئەو قسانە دڵی شەڕکەران سارد دەکاتەوە. واش بێ نابێ لە تۆی ببیەن. تۆ هەر دەبێ دڵیان گەرم کەی. تاریفی ئازاد بوونیان بۆ بکە...

گوتی: کاک هەژار! تۆ حەرفێکت لە ئەلفبای سیاسەت نەخوێندووە!

- بەڵێ ڕاستە نەمخوێندووە، بەڵام بفەرموو چ بوو کارەکەی دەتفەرموو من پێکی بێنم؟!

- بارزانی نەخوێندەوارێکە؛ ڕووحی عەشیرەتی هەیە؛ لە حیزبایەتی نازانێ؛ گوێ بە فەرمان و دیسپلین نادا. ئێمە دەمانەوێ دەستەڵات بە حیزب بێ؛ ئەو هەر فەرمان ئیجرا بکا. وەک فەرماندەیەکی لەشکری دەوڵەتان تا وا بێ بۆمان تەحەممول ناکرێ.

- بەڵێ جەلال، منیش دەزانم ئەو خوێندەوارییە مارکسیستەی نییە کە حیزب هەیەتی. جا یان نایزانێ، یان نایەوێ بیزانێ. حیزب لەوەدا خەتایەکی کردووە کە لە یەکەم کونگرەی بەغدا، دوای هاتنەوەی بارزانی، هەر چەن گوتی نابمە سەرۆکی پارتی، ناچارمان کرد و کردمانە سەرۆک. ئیجازەی حیزب و ڕۆژنامەمان بە هۆی ئەو لە قاسم ساند. لەپاش شەڕی دەربەندیخان گوتتان شەڕی بۆ نەکردین، بەڵام ئەو کە بە بارزانییەکانی خۆی ڕاپەڕی، ئەوەی کرد کە کردی. حیزب لە شەڕێکی دەگەڵ سۆفی شێخ ڕەشیددا، چوارسەد کەسمان لەبەر سی کەسی سۆفییان شکا؛ کە سەرداری لەشکری ئێمە عومەر دەبابە بوو. بارزانی هەر سۆفییەکی لە کوشتن و بە دیل گرتن لە دەستی دەرچوون، ئاوا بوونە دیوی تورکیە. لەشکری عەشایری جاش و سوپای دەوڵەتی ڕاو نا. تا نەهات بەم دیوەدا حیزب نەبووژایەوە و لە سایەی ئازایەتی و شەڕکەری بازانییەوە ئیستا بووینە ئەم قووەتە. کەسێکی عەشایری کە توانیبێتی ئەم فەتحە بکا باوەڕ ناکەم ڕازی بێت هەموو دەسەڵاتی خۆی بداتە دەست من و تۆیەک و برایم ئەحمەدێک کە هیچ هونەرێکمان لەم هەموو شەڕانەدا نەنواندووە. بەڵام وەک من بیناسم باوەڕ ناکەم بە زۆر خۆیمان بە سەردا بسەپێنێ. ڕەنگە ئەگەر داوای لێ بکەین بچێتەوە بارزان و حیزب بۆ خۆی شۆڕش بەڕێوە بەرێ، دەڵێی چی؟ ئەمەی پێ بڵێم؟

- چۆن دەوێری؟ بە شەرەفم هەر لە دەمت دەرچێ دەس بەجێ بەر گوللەت دەدا!

- ئەگەر بەر گوللەشم دا پێی دەڵێم: کورد تۆیان ناوێ؛ بچۆرەوە بارزان!

«ناوێری. دەوێرم» درێژەی کێشا. هەستام گوتم: هەر ئەمشەو پێی دەڵێم، تۆزێک دوور کەوتمەوە. بانگی کرد: ڕاوەستە! هاتە لام گوتی: وا گریمان تۆ وێرات پێی بڵێی، ئەویش گوتی باشە دەڕۆمەوە بارزان، بارزانییەکانیش دەگەڵ خۆی دەبا؟!

- نا کاکە لەبەر چاوی ڕەشی من و تۆ، گوناهی وا ناکا! خۆت دەزانی ئەو بارزانییە چەکدارانە نە دەیالکتیکیان خوێندووە، نە دەزانن حیزب و میزب یانی چی. لەژێر فەرمانی بارزانیدا نەبن، بۆ عیفریتیش شەڕ ناکەن. لە ئەلفبای سیاسەتدا زۆر لە من کۆڵەوارترن! ئەگەر بڕوا دیارە ئەوانیشی دەگەڵن.

- ئای دە بە خوا ئەگەر وا بێ ئێمە تێدا دەچین! نا بابە پێی مەڵێ! پێشی بڵێی دەڵێم من نەمگوتووە!

شەو لە مەجلیس گوتم: کاکە بارزانی، ئەم کورد و حیزبە تۆیان ناوێ، تۆ بۆ ناچیەوە بارزانەکی خۆت و لە کۆڵمان ببیەوە؟!

گوتی: دەربارەی من دەڵێن چی؟

- حیزبایەتی نازانی؛ خوێندەوار نیت؛ بە قەولی شێخ ڕەحیمی شێخی بورهان: دیکتاتۆری! لاساری!...

- کێ وا دەڵێ؟

- من! ئاخر ماویەتی: دەڵێن دزە، پووڵ کۆ دەکاتەوە...

- تۆ بۆ ئەوانەت نەگوت؟

- لە بیرم چوو!

- ئەگەر بڕۆم ئەوانە شۆڕش بەڕێوە دەبەن؟

- بەو شەرتە هێزی بارزانییان بۆ بەجێ بێڵی!

- هەژار تۆ زۆر لە دنیا تێناگەی! ئەو مامۆستایانەی دەیانەوێ پووڵ و پلەیەک لە دەوڵەت وەرگرن و بچنەوە ماڵی خۆیان. قەت وا ناکەم بەو ئارەزووە بگەن...

- کاکە! باوەڕ ناکەم نیازیان وا بێ.

- ئاهـ دەیبینی! بە هومێدم تۆ خۆت شێت نەکەی و تووشی ئەو نەخۆشیی خۆپەرەستییە نەبی! لەمە گەڕێ! دوو قسەی سەیری بەغدا بگێڕمەوە!

لە کانیمارانەوە چووینە «چوارقوڕنە». حەشامەتێکی زۆر بوو. کۆبوونەوەی تووتنەکێ و چەڵتووکەکێ هەر هەبوو؛ بەڵام بە دزیی بارزانی. پێشمەرگە داوەتیان دەکرد؛ بە نیشانە داکردنی بە بەرد سەرگەرم بوون. چەند ڕۆژێک بوو دەگەڵ لەشکر بووم. خاوەنماڵ - کە ئەغڵەب ئاغا گوند دەبوون - گۆشت و پڵاویان دەداینێ. پێشنیارم کرد: کە زۆر وێدەچێ شەڕی ئێمە زۆر بکێشێ، هەر گوندێک دوو جاری میوان بین، خواردنیان نامێنێ؛ بۆ ئێمە نەیکەینە ژەم و دەمی حیسابی؟ لە هەفتەیەکدا برینج، دەنا نیسک و نۆک و ساوار و ئەو شتانە بخۆین. هەر کەسیش لە خەڵکی گوندان، ئەگەر بڵێین تۆ لە ساڵێدا چوار یا پێنج دینار بۆ نانی پێشمەرگە بدە! زۆریشی پێ خۆش دەبێ. چەند کەسێک - کە یەک لەوانە ئەحمەد تەوفیق بوو - گوتیان: نەخێر خەڵک بەو میواندارییە فەخر دەکەن و ئەگەر بیگۆڕین دڵیان دەشکێ. پێشنیارەکەم قبووڵ نەکرا.

بنکەکانی حیزبی بە حیساب و دەستندە بوو. تەنانەت هەر کەسە ڕۆژێ سی دەنک نۆک، نازانم چەند دەنک نیسک و خولاسە بە وردە حیساب دەیان درایە؛ کە من ئەوم بە لاوە پەسند بوو. هەر چەند دەشم بیستەوە کە مامۆستا گەورەکان پارووە چەورەیان هەیە...