چەند کوردی ئەوێ
کوردەکانی مۆسکۆ و لینینگراد دەهاتنە لام. «پرۆفسۆر قەناتی کۆردێف» و «کۆلۆزی شەرۆ» و چەند کەسێکی تریشم لەوێ ناسین.
زەمانی نیکۆڵا، لە ئەرمەنستان، کوڕە کورد کە هەموو شوانزادە و فەقیر بوون، نەیانتوانیوە بچنە مەدرەسە و ئەرمەنیش ڕکیان لێ بوونەوە. لازار ناوێکی زۆر خێرەومەند، منداڵە کوردی کۆ کردوونەوە و کردوونییە منداڵی خۆی و دەبەر خوێندنی ناون. چەندین پیاوی گەورەی پێ گەیاندوون کە «قەناتی کوردێف»، «حاجی جەندی» و چەندێکی تریش لەوانەن. کۆلۆزی شەرۆ لە کوردە یەزیدییەکانی تفلیس بوو. لە زەمانی مۆڵۆتۆفدا کرابووە بەرپرسی بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی (وەک عەرەبی، فارسی، تورکی، هیندی)، بەڵام خوا هەڵناگرێ هیچیانی نەدەزانی! لە زمانی گورجی و ڕووسیدا زۆر شارەزا و کوردی کرمانجیش زمانی خۆی بوو. ئەوسا کە من دەمدی، ڕۆژنامەی ئۆرگانی گورجستانی چاوەدێری دەکرد. ڕۆژنامەی (کوردستان) کە لە ئێران ساواک دەری دەکرد، ژمارەیەکی دەدرایە کە لە چل و هەشت سەعاتدا تەرجەمەی بکا. بەغار دەچووە لای سەڵماسی، تەرجەمەی دەکرد، بیست و چوار سەعاتەکەی تریش من دەمخوێندەوە. کۆلۆز گلەی لە دوکتور عەزیز شەمزینی هەبوو کە: «من لە ئەرشیوی وەزارەتی دەرەوە سووژەی تێزەکەیم بۆ هێناوە؛ کەچی ئەو بێئینسافە هەر باسیشی لە کتێبەکەیدا نەنووسیوە! لە سابڵاغیانیش «کەریم ئەییووبی»، «ڕەحمانی حاجی باغر»، «مستەفا سەڵماسی»، «سوڵتانی وەتەمیشی» سەریان دەدام. هەمووشیان لەقەمی دوکتوریان هەبوو. کەریم ئەییووبی هاوگاڵتەی کۆڵانی سابڵاغم بوو. لێم پرسی: تۆ دوکتوری چی؟
- زمان شوناسی.
- ڕووسی و کورد باش فێر دەبێ؟
- نا.
- حاڵی نابم، شتێکم بۆ بڵێ.
- لە کوردستان وشەی «گ» لە گافی ژێر نییە، لە زمانی ڕووسیدا هەیە.
-هەتیو «گی» لە کوردی لای کەرکووک و کفری هەیە؛ بە «گوو» دەڵێن!
- ئاخر تۆ لە سەرانگوێلکی تەرەغە بەخێو کراوی، چۆن لە من حاڵی دەبی؟!
خانم دوکتور، مێردی لە شارێکی دوور و بۆخۆی لەو ئاسایشگایە بوو. ڕۆژێ گوتی: «مێردەکەم هاتۆتە مۆسکۆ. نیپاڵ و تۆ بە ماشێنی خۆم دەبەمە مۆسکۆ؛ بەڵام پاش سەعاتێک دەبێ بێنەوە؛ من گیر نابم». منی بردە بەر ئادرەسێک کە گوتبووم. کوڕگەلی سابڵاغی، کە دوانیان لە باکۆشەوە هاتبوون، گوتیان پڵاوی لێ دەنێین و نابێ تا ئێوارە بڕۆی. گوتم: «دوکتور خوا هەڵناگرێ بە سەعاتێک ئەو مێردە هەناسە ساردەت بەجێ بێڵی!». ڕازیمان کرد پاش چوار سەعات بێتەوە شوێنمان. نیپاڵ چووە سەفارەتی هیند و من دەگەڵ سابڵاغیان مامەوە. باس دامەزرا کە ئێمە کارێک بکەین هەموو کورد یەکتر بگرن. گوتم: «برا! ئێوە هەمووی شەش کەس نابن. لە نێو دووسەد و پەنجا ملیۆن ڕووسدا غەریبن. هەر یەکێکتان دیار نەبێ هەمووتان جوێنی پێ دەدەن. جارێ بۆخۆتان یەک بگرن؛ بۆ کوردان خوا کەریمە!».
ئێوارە دەگەڵ دوکتور دەگەڕاینەوە. لە ڕێ پرسی:
- میستر نیپاڵ! بە تۆ و هەژارم گوتووە نابێ هیچ مەشرووبێک، تەنانەت ئابجۆش بخۆنەوە. بە قسەتان کردووم؟
- بەڵێ! جا چۆن فەرمانی تۆ لە عەرزی دەدەین؟ قەترەیەکیشمان نەچۆتە دەروونەوە.
- هەژار تۆ چۆن؟
- چت عەرز کەم؟ تەنیا دوو جار دەگەڵ نیپاڵ ئابجۆمان خواردۆتەوە؛ لە فڵان دووکان.
نیپاڵ گوتی: ئای خەجاڵەت خۆم! تۆ بۆ گوتت؟
دوکتور گوتی: بۆیە دە پێشدا لە تۆم پرسی بزانم هیندی درۆ دەکەن؟ دەمزانی هەژار بە زیانیشی بێ درۆ ناکا. ئەگەر هەردووکیش حاشاتان بکردایە، دووکاندارەکە سەعات و دەمی ئابجۆ خواردنەوەکەتانی خەبەر پێ دابووم!
نیپاڵ باسی شاعیرێکی بەنگالی بۆ کردم کە لە تەمەنی بیست ساڵیدا بە سیل مردووە. لە یەک لە شیعرەکانیدا دەڵێ: «هەزاران کەس هاتوونە سەیری مانگی چاردە، شاعیران بە دڵبەری خۆیانی دەشبهێنن، دەوڵەمەندان ئارەزوویانە هەزار سکە زێڕی وایان بوایە، زۆر لە ڕووت و ڕەجاڵەکان پەڵەی ڕەشی ناومانگ دەناسن کە وەک پارچە نانە سووتاوەکانی خۆیان دەچن...».
ڕۆژێک لەبەر دەرگا وێستابووین؛ ژنێک لە نیپاڵی پرسی: «لە ڕۆژنامەکەتدا بە ئینگلیسی فکر دەکەیەوە و بە بەنگالی دەنووسی!». هەردووکمان پێکەنین.
- نا، من جۆکم نەگوت. کەسێک هەر لە منداڵییەوە زمانێکی خوێندبێ، جوملەی نووسینی بەو زمانە لە مێشکدا گەڵاڵە دەبێ و تەرجەمەی دەکا.
نیپاڵ گوتی ڕاستە. من وەک لە خەو ڕامپەڕێنن: «بەخوا شتێکی سەیرە: هەموو کوردێکی نووسەر، یان بە عەرەبی، یان بە فارسی و تورکی جوملە لە مێشکی دادەڕێژێ. بۆیە هەرچی دەینووسن فڕی بەسەر کوردییە ئاساییەکەوە نییە». دەرسێکی گەورە بوو...
لە ڕووسیا زۆر دەرمانی قەدیمی (کە ئێمە دەڵێین دەرمانی پڕ و پیرێژنان) بەکار دێنن. تەنانەت ئەو کۆنە حەکیمانەیان کردوونە مامۆستا لە دانشگای بژیشکی. پیاڵە لە پشت گرتن زۆر باوە. ڕۆژێک لە ڕێی مەلەی چۆم باران تەڕی کردم؛ لەشم ڕەق ببوو. چەند پارچە مشەممایەکیان دە لەشم گرت، بە چارەگە سەعاتێک چا بوومەوە. دوکتور گوتی مشەممای خەردەلمان بەکار هێناوە.
نیپاڵی ئاودەنگم ڕۆیشت. خەمم بوو، لە ژوورەکەمدا کز دامابووم؛ بیرم لێ دەکردەوە؛ لە پەنجەرەیان دا، گوتیان پیاوێک بانگت دەکا. کە دەچم «هەمزەی خوشکنابی»یە. لە تەورێز نووسەری ئازەربایجانی زەمانی پیشەوەری بوو. لە تەورێز برادەر بووین؛ چاردە ساڵ بوو لێک هەڵبڕابووین. لەو ڕۆژەدا کە نیپاڵم نەمابوو، هەمزەم دەسکەوت کە هاتووە بۆ دوو مانگ لەو ئاسایشگایە ئیستراحەت بکا؛ شۆرەتیشی «فەتحی» بوو. ئای لەو خۆشییە! هاتە وەتاغی نیپاڵ. بڕیار درا فەتحی و من ڕۆژێ دوو سەعات لە چەمدا بەلەم لێخوڕین کە وەرزشێکی زۆر باشە. من دە پێشدا دەچووم بەلەمێکم وەردەگرت و دوور دەکەوتمەوە. فەتحی دەهات: «کوا بەلەمی من؟»، بەلەمەوان دەیگوت: «ئای بەداخەوە دەگەڵ ڕەفیقەکەت نەهاتی تا پێکەوە بەلەمێکتان بدەمێ». ناچار ئەویش بەلەمی دەستاند و یەکترمان دەگرتەوە. هەردووکمان سنگ و سەرشان و پشت پڕ لە تووکی ڕەش، بە ڕووتی تەواو دەتگوت گۆریلاین! پیاوی ڕووس هەموو بێتووکن. ببووینە سەیرێک مەپرسە، بە سەدان لە ژن و کیژی ڕووس دەپاڕانەوە سواریان کەین و سەیرمان بکەن!
ڕابواردنی هەرە خۆشی ڕووسان ڕاوە ماسی بوو. شەممە و یەکشەممە دەیان هەزار مەسکەوی و خەڵکی لادێ لە دەم ئەو چۆمە (کە لە چۆمی سابڵاغ پتر نەبوو) یەک لە پەنا یەک قولاپیان داویشت و بە دیاریەوە سیس دەبوون. هەر ئەگەر یەکێک ماسییەکی بەقەد قامکە تووتەی بگرتبا، دەبووە هەرا و هوریایەک دەشت و دەر دەنگی دەدایەوە: «گرتی! گرتی!».
فەتحی پیرێکی ڕیشداری بەدی دەکرد، بە ئانقەست بەلەمەکەی بە لای ئەودا لێدەخوڕی و ئاوی لێ دەشڵەقاند. پیرە جوێنی دەدا. فەتحی دە باری جوێنی ڕووسی لەبەر بوو، ملی دەگەڵ پیرە لە شەڕە جنێو دەنا و دنیای دەهێنا پێکەنین.
لە دەمی بێ بەفرێدا، تۆپی سەرمێز و والیباڵ هەبوو؛ شەترەنج هەبوو. گەمەی هەرە لەبرەو دۆمینە بوو. هەموو پیاوێک داشی دۆمینەی دە باخەڵدا بوو. دەتگوت گوللەبەندی کاک ئەحمەدی شێخیان پێیە! هەر دەبوونە چوار کەس و ملیان لێ دەنا. کە گوتم دۆمینە نازانم، گوتیان نابێ پیاو لە ڕووسیا بێ و دۆمینە نەزانێ، هەر دەبێ فێر بی. گیانێکم بە قوبروسییە یۆنانییەکە بوو کە لەبەر زمان نەزانین ببووە کلکم. دۆمینەی لە هەمووان دەبردەوە و دزی لێ دەکردن و من و ئەو شەریک دەبووین. ناوی میخایل بوو؛ پێم دەگوت میخایلۆس. دەمگوت نابێ یۆنای بێ (ئۆس) بێ!
پڕایی خەڵکی جغارەکێش سیغاری (بیڵۆمورکەنال)یان دەکێشا و هەرزان بوو. جارێک لە دووکان میخایلل جغارەیەکی دیت عەکسی (لایکا)سەگەکەی فەزا پەیمای تێدا و دووقات گرانتر بوو. دوو پاکەتی کڕی. لە ڕێگە جگەرەیەکی دامێ؛ بەڕاستی زۆر ناخۆش بوو. گوتی: «ها، چۆنە؟»، گوتم: «تووتن نییە؛ گووی لایکایان تێ کردووە!»، هێندە پێکەنی لەسەر بەفر درێژ ببوو دەحیلکاوە!
لە نزیکمانەوە دیوارێکی بڵند و زۆر درێژ بوو؛ کە ئەو دیوی شارۆکەی فڕۆکەوانان بوو. لە هەموو دەمی ڕۆژ و شەودا، بێپسانەوە مەشق کردن بە فڕۆکە بوو. وا دیار بوو شوێنێکی زۆر تایبەتی بوو؛ چونکە کەمتر لە سەرانی وڵاتە کۆمۆنیستەکانیشیان دێنایە سەیری ئەو شارۆکە. گرمەی مەشقی فڕۆکان خەوی دەزڕاندین؛ بەڵام وردە وردە گوێمان لێ ڕاهاتبوو.
ها ئەوەدەم لەبیر نەبوو: کە فەتحی هاتە ئاسایشگا، لە یەک شەممەی ئایندەدا، دوو ئازەربایجانی کە یەکیان ناوی مەدحەت و ئەوی تریانم لەبیر نەماوە، هاتبوونە دیدەنی فەتحی؛ کە دیتبوویان منیش هەم. فەتحی گوتی: «من هاتوومە لای تۆ، میوەم بۆ هێناوی». چووینە دەشت بۆ گەڕان. مەدحەت و من پێکەوە لە پێشەوە، فەتحی و کابرای تر لە دواوە دەڕۆیشتین. فەتحی بانگی کرد: «مەدحەت وەرە قسێکت پێ بڵێم سرتەبان کرد. گوێ قوڵاغ بووم، گوتی: «هەژار زۆر کەرە؛ تازە لە عێراقەوە هاتووە. کۆمۆنیستێکە ئاو دانادا. لای وایە ئێرە عەرزی موقەددەسە و هەموو شت پیرۆز و ممبارەکە. تۆ لە هەوای ئەو قسە بکە تا بۆخۆم وردە وردە عاقڵی دەکەم!»، گوتم: کوڕی سەگ کێ کەرە؟
- ڕاستەکەی تۆ! هەتیو ئێرەش وەک دنیای ترە. ئەو هەموو بەهـ بەهەت لە چییە؟!
کچێک لێی پرسیم: فەتحی دەڵێ من کوڕی فئۆداڵم. میترۆی گوندەکەمان لە ئازەربایجان لە میترۆی مۆسکۆ چاکترە!
- فەتحی ئەو درۆیانە بۆ دەکەی؟
- کاکە هەوەڵ جار کە هەڵاتین و هاتین، بە بارێکی دیکەدا درۆم دەکرد کە بە خەیاڵم حورمەتم بگرن. دەمگوت: «بابم لەسەر کۆمۆنیستی کوژرا؛ خۆشم دە ساڵ لە زینداندا ئەشکەنجە کراوم؛ خزم و کەسم لە برسان مردوون...»، دیتم کچان بێزم لێ دەکەن. ئێستا کە بەو باردەدا خۆم هەڵدەکێشم نانم کەوتۆتە ڕۆن!
هەمزە گوتی: «بابم (کەربەلایی فەتحوڵڵا) شوانێک بوو لەو هەشتەرۆییە ڕووتانەی کە وەک ورچ دەچن! نانی شەوی شک نەدەبرد. من خوێندبووم؛ گوتم: بابە دەچمە تەورێز پووڵ پەیدا دەکەم. بوومە نووسەری ڕۆژنامە. ڕۆژێک گوتیان کابرایەکی شڕی پیسەکە ناوت دەپرسێ، باوکم بوو:
- هەمزە کوا چت کردووە؟
- چنگێک ڕۆژنامەم نیشان دا:
- ئەوە کاری منە.
هەتا هێزی تێدا بوو تێڵایەکی بە ناو شانم کێشا:
- سەگباب ئەوە پووڵە؟!
ملی نا لە ڕۆژنامە دڕاندن. هەر دەیگوت: ئەوە پووڵە؟!
بیست تمەنم نا دەستییەوە؛ خاو بۆوە:
- هەمزە! کوڕم، وەرە ماچت کەم!».
قسەی شاعیری عەرەب «عومەر ئەبووڕیشە»م بیر کەوتەوە کە نووسیبووی: «لاوێکی دانیشجوو بووم. هەواڵانم تاریفی شیعریان دەکردم. چاکترین شیعری خۆم بۆ باوکم خوێندەوە کە: «پێت چۆنە؟»، لێی وەرگرتم؛ نایە باخەڵی؛ جوابێکی نەدامەوە. گوتی: «عومەر وەرە بچین باقلەی کوڵاو بخۆین». دوای باقلە خواردن، باوکم بە باقلەفرۆشی گوت: «حیسابت چەندە؟». کابرا سوێندی خوارد کە هیچی ناوێ و فەخر دەکا کە پیاوێکی وا گەورەی بۆتە میوان. بابم شیعرەکانی لە باخەڵ دەرێنا، گوتی: دەبێ هەر بتەوێ؛ ئەو شیعرانە بۆ تۆ! کابرا کە دیتی بابم گەڵتەی پێ دەکا زۆر ناڕەحەت بوو. کاغەزی شیعرەکانی فڕێ دا:
- قوربان گاڵتەم بۆ پێ دەکەی؟ ئەوانەم بۆ چییە؟!
بابم ڕووی دە من کرد:
- کوڕم چاکترین شیعرت چنگە باقلەیەک ناکا؛ تۆ بە چییەوە خەریکی؟!».
نەقڵی کەریم ئەییووبیم بۆ فەتحی گێڕاوە. یەک شەممەیەک هاتە دیدەنیم. فەتحی لەو لاوە هات تەعزیمی بۆ کرد. بە «ئوستاد، ئوستاد» دواندی. کەریم قوت ببوو. فەتحی پرسی: دوکتور نافەرمووی زمانشناسی چییە؟ حەز دەکەم تێبگەم.
گوتی: ناسینی هینەکەی دایکتە! تێگەیشتی؟!
- بەڵێ باش تێگەیشتم!!
ڕۆژێک لە گەڕانی ناو جەنگەڵدا تووشی گۆڕستانێک بووین. ژنێک عەکسی ژنێکی بە قەبرێکەوە دیت. گوتی: ئەوە هاو عومری من بووە کە مردووە. ڕووی کردە من:
- بۆ بڕوات بە خودا هەیە؟
- بەڵێ.
- لاشت وایە پاش مردن زیندوو دەبییەوە؟
- بەڵێ.
- من بڕوام نییە. کامیان باشترن؟
- هی من کە بڕوام بە زیندوو بوونەوە هەیە، چونکە ئومێدە؛ هی تۆ ناهومێدییە.
- نا، هی من باشترە. چونکە لام وایە هەر ئەم ژیانەیە و یەکجاری دەبڕێتەوە. حەول دەدەم لەم ژیانە کورتەدا زۆر لە دنیا بزانم. بەڵام تۆ بە هیوای ئەولا، زۆر گوێ بە خۆشی دنیا نادەی و کەم فێر دەبی.
- دەی باشە؛ هەرکەس لەسەر دینی خۆی!
پێم سەیر بوو: ڕووسەکانی ڕۆشنبیر و زۆر خوێندەواریش لە سەبر هاتن -پشمین- دەترسان. ڕۆژێک لە ناو جەنگەڵدا پەپووسیمانەیەک دەیخوێند. هەواڵە ڕووسەکەم بە قامک دەیبژارد.
- نیازت چییە؟
- پەپوو سیزدە جاری خوێند. وا دیارە من سێزدە ساڵم تەمەن ماوە!
گوتم: نا، ئەوە حیسابی عومری منی دەکرد؛ نە ئی تۆ...